شانەكانی تۆ
03:19 - 25/12/2021
قوبادی جەلیزادە
1
دوو مەمكیترن
بەڵام (گۆ)دار نین؛
شانەكانت.
2
لووسترین ئەندامی لەشت،
شانەكانتن.
كە ماچیان دەكەم،
ماچەكانم؛
وەك پۆلێك دەنكە گێلاس
دەخلیسكێن و لەناو دەستە خڕەكانتا،
خڕ دەبنەوە.
3
ئیدی سەرقاڵی مژینی شانەكانت دەبم،
زۆر ماندوون،
با تاوێك پشوو بدەن؛
مەمكەكانت.
4
توند توند
شانەكانت دەمژم،
تا دەیانكەم
بە دوو ئینجانەی گوڵی مۆر.
من ڕەنگی مۆرم خۆشدەوێ.
5
كە مژوولی مژینی شانەكانتم،
دەبن بە دوو گۆمی شەراب؛
یەكیان سپی و
یەكیان ڕەش
_چاوە حیزەكانت.
6
ددانیان نییە
تا كە توورە بوون، لێوەكانم بگەزن.
من، شانەكانتم
لە دەم و لێوت خۆشتر دەوێ.
7
دوو تۆپەڵە بەفری
گەرم و سپی و لوسن
_شانەكانت.
8
لە شانەكانتەوە هەڵدەقوڵێن و
دەڕژێنە ئازای بەدەنتەوە-
دوو كانی شیر.
9
جلەكانت دامەكەنە،
تەنیا شانەكانت ڕووت كە،
تا هێلانەیەك چێ بكەم
لە پووشی ماچ.
10
ماندوو دەبن..
نیوەشەوێك،
سەرم لەسەر شانە لووسەكانت دەخزێ و
بەردەبێتەوە ناو كۆشت.