171 کوردستان

شاندێکی سەربازیی عێراق بەداواداچوون بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر دەکات

02:36 - 22/12/2021

"زه‌مه‌ن"


شاندێکی سەربازیی عێراق بەداواداچوون بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە هەولێر دەکات.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڵاوی کردەوە، لیژنەی تەکنیکی سەربازیی عێراق لە درێژەی کارەکانی بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنی عێراق لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانیان و مانەوەیان لە ئەرکە راوێژکارییەکانیاندا، سەردانی شاری هەولێری کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لیژنەکە پێکهاتبوو لە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، نوێنەری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، نوێنەری شانەی راگەیاندنی ئەمنی، جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان و ژمارەیەک ئەفسەر.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لیژنەکە لە هەولێر چاودێری و بەدواداچوونی بۆ رێوشوێن و وردەکارییەکانی کشانەوە و گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان کردووە.

ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لیژنەی تەکنیکی سەربازیی عێراق لە ١٨ی کانوونی یەکەم لە سەردانێکیدا بۆ بنکەی سەبازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار هەموو رێوشوێنەکانی پەیوەست بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی تەواو کرد، لەگەڵ بەداواداچوون بۆ رادەستکردنی ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازیی ، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەرکی ئەو هێزانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی کە لە عێراقدا دەمێننەوە کە بریتییە پێشکەشکردنی راوێژ و هاوکاریی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەم قۆناغەی ئێستادا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن