2236 کوردستان

بەفر لەسەنتەرى ئەم قەزا و ناحیانە دەبارێت

02:42 - 20/12/2021

زەمەن_هەرێمى کوردستان

 

بەپێى پێشبینییە کەشناسییەکان، لە ئێوارەى ئەمڕۆوە شەپۆلێکى بەفر و باران هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە و لەسەنتەرى بەشێک لە قەزا و ناحییەکان بەفر دەبارێت.

ئاراس جەبار شارەزاى کەشناسى لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی سبەی سێشەمە ٢١-١٢-٢٠٢١ قۆناغی یەکەمی ئەم شەپۆلە بارانبارینە لەسەر ناوچەکە نامێنێت و لەکاتەکانی دوای نیوەرۆدا شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران بارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە بەکاریگەری ھەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست + رەش.

ئەو کەشناسە ئاماژەى بە زیادبوونی کاریگەری بارستە ھەوای سیبیری لەسەر ناوچەکە کردووە کە دەبیتە هۆى نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەرێژەی ٣ تا ٤ پلەی سیلیزی و شەپۆلێکی بەفر بارین ناوچە شاخاویەکان و سەنتەری بەشێک لە قەزاو ناحیەکان دەگرێتەوە.

بەپێى پێشبینییەکان، سەرەتا لە کاتەکانی نیوەرۆ لە سنوری ناوچەکانی پارێزگای دھۆکەوە دەستپێدەکات دواتر کاتەکانی ئێوارە ڕوو دەکاتە سنوری ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین شەو درەنگ بۆ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەمە ٢٢-١٢-٢٠٢١ بە کاریگەری مامناوەند درێژ ئەبێتەوە بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان لە ناوچە نزمەکاندا بارانی مامناوەند و پچر پچر ئەبێت و لەناوچە شاخاویەکاندا بەفر بارین ئەبێت لەگەڵ بەردەوامی چالاکی خێرای بای باشور و باشوری رۆژئاوا بەخێرای ١٥ تا ٣٥کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا لەناوچە شاخاویە ھەرە بەرزەکاندا خێرای با زیاتر ئەبێت بۆ ٤٠ تا ٧٠ کم لە کاتژمێرێکدا .


بەوتەى ئەو کەشناسە، لە سەنتەری ئەم قەزا و ناحیانەدا لە سبەی ئێوارە بەدواوە بۆ ئێوارەی رۆژی چوارشەمە ٢٢-١٢-٢٠٢١ بەپێ کات و ناوچەکە ئەگەری بەفر بارین ئەبێت  :- پێنجوێن ، ئامێدی ، چۆمان ، کانی ماسی ، بەرزنجە ، مێرگەسوور ، شارباژێر ، ناوچە شاخاویەکانی گۆیژە و ئەزمەری شاری سلێمانی، لەگەڵ تەواوی ئەو ناوچانەی کە بەرزیان زیاترە لە ١١٠٠ مەتر بۆ ١٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا ئەگەری بەفر بارین ئەبێت و پلەکانی گەرما بۆ سفر و ژێر سفری سەدی نزمدەبنەوە زۆرترین رێژەی بەفر بارین پێشبینی دەکرێت بۆ ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی راپەرین بەرێژەی ١٥ تا ٤٥ سەنتیمەتر زیاتر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن