لە حەوت ساڵدا 650 هەزار كەس كۆچیان بۆ دەرەوە كردووە
10:26 - 18/12/2021
زەمەن- پشتیوان جەمال
رێكخراوێكی ناوخۆیی ئاشكرای دەكات لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا نزیكەی 650 هەزار هاوڵاتی عێراقی وەك پەنابەر كۆچیان بۆ دەرەوە كردووە، لەو ماوەیەدا 287 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ 18ی 12ی 2021 لەلایەن رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان وەك رۆژی جیهانی كۆچبەران دیاریكراوە، دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راپۆرتێكی سەبارەت بە كۆچی هاوڵاتیانی عێراق لە 7 ساڵی رابردوودا خستوەتەڕوو.
بەپێی ئەو راپۆرتە، ئاماری كۆچكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا كە تەنها سەروو 18 ساڵ دەگرێتەوە لەگەڵ ئاماری قوربانیانی رێگەی كۆچ، 596 هەزار و 273 كەس بەرەو دەرەوە رۆیشتوون، 251 كەس گیانیان لەدەستداوە و 173 كەس نادیارن كە سەرجەمیان 424 كەسن.
لە ساڵی 2015دا رێژەی كۆچ زۆرترینە، 186 هەزار و 422 كەس كۆچیان كردووە، لەو ژمارەیەش 25 كەس گیانیان لەدەستداوە و 7 كەس بێسەروشوێنن.
لە ساڵی 2016دا 160 هەزار و 717 كەس كۆچیان كردوەو 78 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە و 54 پەنابەریش بێسەروشوێنن.
لە ساڵی 2017دا 92 هەزار و 691 كەس كۆچیان كردووە و 29 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە و 67یش بێسەروشێنن.
لە ساڵی 2018دا 69 هەزار و 203 كەس كۆچیان كردووەو 54 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە و 18یشیان بێسەروشێنن.
لە ساڵی 2019دا 53 هەزار و 240 كەس كۆچیان كردووەو لەوەش 47 پەنابەر كۆچی دواییان كردووە و 10 پەنابەریش بێسەروشوێنن.
ساڵی رابردوو، 34 هەزار پەنابەر كۆچیان كردوە لەو ژمارەیەش 18 پەنابەر كۆچی دواییان كردووە و 17 پەنابەریش بێسەروشوێنن.
ئەمساڵیش بەپێی ئاماری نافەرمی تائێستا 53 هەزار كەس كۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات كردوەو 36 كەسیان گیانیان لە دەستداوە و 17 پەنابەریش بێسەروشوێنن.
بەشێكی دیكەی راپۆرتەكە تایبەتە بەو ئاوارانەی لە هەرێمی كوردستانن، كۆی گشتییان لە ناوەوەی كەمپەكان 34 هەزار و 680 خێزانن و 81 هەزار و 682 خێزانیش لەدەرەوەی كەمپەكانن بەم شێوەیە:
پارێزگای سلێمانی 2 هەزار و 413 خێزان لەناو كەمپن كە 11 هەزار و 518 كەسن، 20 هەزار و 812 خێزانیش لە دەرەوەی كەمپن كە 124 هەزار و 872 كەسن.
پارێزگای دهۆك 26 هەزار و 416 خێزان لەناو كەمپن كە 133 هەزار و 846 كەسن، بەڵام لەدەرەوەی كەمپ 24 هەزار و 311 خێزانن كە 145 هەزار و 866 كەسن.
پارێزگای هەولێریش 5 هەزار و 851 خێزانن لەناو كەمپ كە 28 هەزار و 781 كەسن، بەڵام لە دەرەوەی كەمپ 36 هەزار و 559 خێزانن كە 219 هەزار و 354 كەسن.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، بۆ پەنابەرانیش 22 هەزار و 290 خێزانی لەناو كەمپەكانی پارێزگاكانی هەرێمن كە دەكاتە 95 هەزار و 213 كەس، 49 هەزار و 484 خێزانیش لە دەرەوەی كەمپەكانن كە دەكاتە 146 هەزار و 724 كەس.
ئەمساڵ كۆچكردنی ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی بیلاڕوسیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا بووە باسی گەرمی وڵاتی جیهان، كە سەرەنجام بەشێكی زۆریان گەڕانەوە كوردستان.
ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، سەبارەت بەوەی چەند خێزان لە بیلاڕوسیا ماونەتەوە و ئامادەن بگەڕێنەوە، ئاماری فەرمی لای هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمە، هەرچەندە ئەوان وتویانە نزیكەی هەشت هەزار كەسن، بەڵام ژمارەكە لەوە زیاترە، نزیكەی چوار هەزاریان گەڕاونەتەوە، لە ئێستاشدا زیاتر لە 3 هەزار و 800 لە بیلاڕوسن و دەیانەوێت بڕۆنە ئەوروپا.