679 دیمانە

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان: ئەستەمە رۆژانی شەممە ببێتە پشوو

10:52 - 05/12/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستا پڕۆسەی خوێندن زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، بەڵام كێشەی پەروەردە كەمی میلاكاتە، ئاماژەی بەوەشكرد، كە داواكردن بۆ ئەوەی رۆژانی شەممە بكرێتە پشووی فەرمی ئەستەمە، چونكە زۆربەی قوتابخانەكان دوو دەوام و هەندێكیش سێ دەوامن.

رۆژی 14ی ئەیلولی ئەمساڵ پڕۆسەی خوێندن لە كوردستان دەستی پێكردەوە، عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "زەمەن"دا باسی پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە دەكات.



زەمەن: ماوەی نزیكەی سێ مانگە پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دەستی پێكردووە، بە گشتی پڕۆسەكەتان بەلاوە چۆنە؟

 
عەبدولواحید محەمەد: پڕۆسەی پەروەردە لەسەرەتای دەوامەوە رەنگە كەمێك دڵەڕاوكێ لەلایەن مامۆستایانەوە هەبووبێت بەتایبەتیش بەهۆی راگەیاندنەوە بەوەی كە بەهۆی كۆرۆناوە قوتابخانە دادەخرێت، بەڵام بە هەوڵ و دڵسۆزی مامۆستایان و بەڕێوەبەرەكان و سەرپەرشتیارانەوە، پڕۆسەكە درێژەی هەیە و بە باشی بەڕێوە دەچێت، بەڵام بێ خەوشیش نییە، ئەویش بەهۆی كەمی میلاكەوە و دواجاریش وانەبێژانیش دەوامیان هەڵپەسارد، بەڵام بەگشتی پڕۆسەی پەروەردە باشە.

زەمەن: باسی كەمی میلاكت كرد، حكومەتی هەرێم تا چەند گرنگە دامەزراندن بۆ مامۆستایان بكاتەوە؟

عەبدولواحید محەمەد: ئەگەر بمانەوێت باسی میلاك بكەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2014 لەو كاتەوە هیچ دامەزراندنێك بۆ پەروەردە نەكراوە كە ئەوەش گرفتێكی گەورەیە، چونكە قوتابخانە و خوێندنگەكان وەك فەرمانگەیەكی ئاسایی نییە بە چەند فەرمانبەرێك رۆژانە ئیشەكان جێبەجێ بكەن، نزیكەی شەش هەزار گرێبەست كران و لەو ژمارەیەش، زیاتر لە پێنج هەزاریان كرانە فەرمی، بەڵام لەو كاتەوە تائێستا پەنا بۆ وانەبێژان براوە كە هاوكارێكی باش بوون و ساڵانەش ژمارەی وانەبێژان زیاتر بوون.

هەقیقەتێكیش هەیە ناشاردرێتەوە ئەویش ئەو مافانەی بۆ وانەبێژان هەیە وەك پێویست نییە كە ئەوەش گرفتێكی گەورە بوو بۆیان هەندێكجار بۆ ماوەی ساڵێك پارەیان بۆ سەرفكراوە، ئێستا نزیكەی 25 هەزار وانەبێژان هەیە، داوامان لە حكومەت كردووە چارەسەری ئەو مامۆستایانە بكرێت و هەندێك چارەسەریان بۆ كرا، بەڵام هێشتا چارەسەرەكان تەواو نەبوون و دەبێت ئەو چارەسەرانەش بەپێی پێویست جێبەجێ بكرێن، بەڵام چارەسەری كۆتایی یان ئەوەیە بكرێنە گرێبەست یان هەمیشەیی.

 


زەمەن: دەوترێت لەو كاتەوەی خوێندن دەستی پێكردووە، مامۆستایان و خوێندكاران تووشی فشاری دەوام بوون، بەهۆی ئەوەی وانەی پێشتر خوێندراوە و پاشان هی ئەمساڵیش؟


عەبدولواحید محەمەد: هەمووان دەزانین ساڵەكە بە قورسی دەستی پێكردووە و سەرەتاش ئەوەندە دەنگوباسی جۆراوجۆر هەبوو سەبارەت بە كۆرۆنا ئەوەش خۆی لەخۆیدا وەك فشار بوو لەسەر مامۆستایان، پێشموایە خوێندنەوەی بەشێك لە پڕۆگرامی ساڵی رابردوو لە ئەمساڵدا رەنگە هەندێك لە مامۆستایان پێیان قورس بووبێت، بەڵام زۆرینەی مامۆستایان لەگەڵ ئەو خوێندنەوەیەدا بوون، بۆیە بڕوا ناكەم ئەوە گرفتی گەورە بووبێت، هێندەی ئەو دەنگوباسە جۆراوجۆرە و كەمی میلاكات و بەردەست نەبوونی هۆكارەكانی خۆپارێزی گرفت بوون، بەڵام هێشتاش پڕۆسەی پەروەردە بە باشی دەڕوات.

 


زەمەن: ئێستا داواكاری بۆ پشووی رۆژانی شەممە هەیە لەلایەن مامۆستایانەوە، تا چەندێك لەگەڵ ئەو داواكارییەن؟

 


عەبدولواحید محەمەد: بەڵێ ئەو داواكارییە لێرە و لەوێ باس دەكرێت، بەڵام بە فەرمی هیچ باس نەكراوە، بەڵام بەگشتی ئەو داوایە قورسە، چونكە بەشێكی زۆری ناوەندەكانی خوێندن دوو دەوام و سێ دەوامیش هەیە، بۆیە ئەوە زەحمەتە و ئەگەر بكرێت لەسەر حسابی پڕۆسەی پەروەردە دەبێت.


زەمەن: كەواتە ئێوە ئەو داواكارییەتان پێ باش نییە؟

 

عەبدولواحید محەمەد: لەڕاستیدا ئەگەر ئێستا هەموو ناوەندەكانی خوێندن یەك دەوام بوونایە ئەو داوایە زۆر گونجاو بوو، لەگەڵ داخوازی مامۆستایانین، بەڵام دەبێت رەچاوی پڕۆسەی پەروەردەش بكرێت.

 

زەمەن: نزیكەی 10 ساڵە كۆنگرەی یەكێتی مامۆستایان نەكراوە، بۆچی نەبەستراوە و بەنیاز نین كۆنگرە ببەستن؟

 


عەبدولواحید محەمەد: پێمانوایە بەستنی كۆنگرە زەرورییە، چونكە گۆڕانكاری زۆر روویانداوە و ئەو بەرنامەیەی لە ساڵی 2012 و بەدواوە جێگیر كراوە، گۆڕانكاری گەورەیان بەسەردا هاتووە، بۆیە پێداچوونەوە زۆر گرنگە، پێشتر هەوڵدرا كۆنگرە بكرێت، بەڵام بەهۆكاری دیكە دواخران، لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی تەنفیزیش كە رۆژی شەممە بەڕێوەچوو، جەختكرایەوە كە ساڵی داهاتوو كۆنگرە ببەسترێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن