884 کوردستان

زانیاری لەسەر رەوشی ئەمنی ئەمڕۆی شاری سلێمانی

12:07 - 25/11/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال


ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی هەرچەندە خۆپیشاندان نەكراوە، بەڵام رێكاری ئەمنی گیراوەتەبەرو لە چەند شوێنێك هێز جێگیركراوە.



بەپێی گەڕانی پەیامنێری "زەمەن" لەناو شاری سلێمانی، هێزێكی زۆری ئەمنی لەبەردەرەكی سەرا بڵاویان پێكراوە، ژمارەیەك هێزی دیكەش لە نزیك باخی گشتی بەرامبەر قایمقامیەتی سلێمانی، جێگیركراون.

هەروەها لە شەقامی بەردەم زانكۆی سلێمانی، ژمارەیەكی زۆری هێزی ئەمنی بڵاوەیانپێكراوە.

 

هاوكات لەگەڵ ئەو رەوشە ئەمنییە، دۆخی دوكان و بازاڕ ئاساییەوە و هاوڵاتیان بەئاسایی بە ئاسایی ئیشوكاری خۆیان بەڕێدەكەن.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ گێڕانەوەی دەرماڵەی مانگانە دەستیپێكرد.

سێشەممە و چوارشەممە، رەوتی خۆپیشاندانەكان بەرەو ئاڵۆزی چوو، بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە ژمارەیەك خوێندكار و هاوڵاتی و راگەیاندكار بەركەوتن و تەندروستیان تێكچوو.

جێگیركردنی هێز لە بەردەركی سەرا، دوای ئەوە دێت ئێوارەی دوێنێ‌، خوێندكارانی خۆپیشاندەر بۆ یەكەمجار خۆپیشاندانیان بردە سەرا و تا دەمەو ئێوارە بەردەوام بوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن