كونسوڵی فەڕەنسا ستایشی بڕیارەكەی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەكات
06:32 - 14/10/2021
زەمەن-
كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان ستایشی هەڵوێستی عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانی كردووە بۆ دەستلەكاركێشانەوەیان لە سەركردایەتییكردنی بزووتنەوەكە..
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لەسەر میوانداریی كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئۆلیڤەر دیكۆ تینی كونسوڵی فەرەنساو تیمی هاوڕێیدا كۆبوونەوە و تیایدا گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنەكان و دۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان كرا.
هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەكردووە، كونسوڵی فەرەنسا هەڵوێست و بڕیاری ڕێكخەری گشتیی و خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانی بە بوێرانەو بەهادارو وەك نەریتێكی نوێی بەرپرسیارێتیی لە ناوچەكەدا هەڵسەنگاند.
پارێزگاری سلێمانی كە سەر بەبزووتنەوەی گۆڕان لەكۆبوونەوەكەدا باسی لەوەكردووە كە ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتوو نەبووە، بەڵام توانی بەم بڕیارەی؛ لە پاراستنی گیانی بەرپرسیارێتیی و بنەما مەدەنیی و دیموكراسییەكاندا سەركەوتوو بێت و لە نێوان دەنگدەران و سەركردایەتیی بزوتنەوەكەدا؛ دەنگدەرانی هەڵبژێرێت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە لیستی هاوپەیمانی كوردستان بەشدارییان كرد، بەڵام هیچ كاندیدێكی گۆڕان نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت، دواتریش رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن داوای لێبوردنیان كرد و شەوی رابردووش دەستیان لەكاركێشایەوە.