235 کوردستان

خەرجی هەڵبژاردنی ئەمجارە 300 ملیۆن دۆلارە

10:08 - 28/09/2021

زەمەن-

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ كاروباری هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت، بڕی 300 ملیۆن دۆلار، تێچووی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە‌، كە بڕیارە لە (10)ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.


عەبدولحوسێن هینداوی، راوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ كاروباری هەڵبژاردن بە كەناڵی ئەلحوڕەی راگەیاندووە، خەرجی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق گەیشتووەتە (300) ملیۆن دۆلار، بۆ ئەمە سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كردووە، ئەو بڕە بۆ نیوە كەم بكەنەوە.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، وێڕای دابینكردنی خەرجی بۆ بواری جیاواز و نزیكەی (5) هەزار فەرمانبەری كاتی بە شێوەی گرێبەست لە كۆمیسیۆن دامەزراون، كە چاوەڕێ دەكەن ببنە هەمیشەیی.

هەروەها دادوەر جەلیل عەدنان، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز دەبێت بۆ ئەو مەبەستەش هۆكار زۆرن كە هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز بێت، ئەمیش لە رووی یاسا و سیستمی هەڵبژاردن، تا ئاستی پەیوەندی كۆمیسیۆن و شەقامی عێراقی و گوێگرتن لە دەنگیان، جیا لەوەش ژمارەیەك دادوەری سەربەخۆ لە كۆمیسیۆن دەستبەكار بوون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن