وەزیری دەرەوەی تالیبان: نازانم ئەو مافی مرۆڤە چیە كە قسەی لەسەر دەكەن
08:04 - 14/09/2021
زەمەن_جیهانی
مەولەوی ئەمیرخان متەقی، وەزیری دەرەوەی تالیبان، نیازی بزوتنەوەیەكی بۆ پەیوەندییەكی باش لەگەڵ سەرجەم وڵاتاندا لەنێویاندا ئەمریكا نیشاندا، لەسەر مافی مرۆڤیش وتی: من نازانم مانای مافی مرۆڤە چیە.
مەولەوی ئەمیرخان، قسەی لەسەر ئەو ئاڵنگارییانەی كرد كە رووبەرووی سەرانسەری ئەفغانستان بووەتەوە، وتی: بەڵام هەوڵ بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و رەخساندنی دەرفەت بۆ وەبەرهێنەران دەدەین، ئاماژەی بەوەشكرد، رەوشی ئەمنی باشبووە و ئاوارەكان دەتوانن بگەڕێنەوە.
وەزیری دەرەوەی تالیبان راشیگەیاند: كە دەستیان بەسەر تەواوی ئەفغانستاندا گرتووە و هیچ شەڕێك لە ئارادانیەو سەرجەم ویلایەتەكان بەبێ شەڕ گیراون، هاوكات دەستتێوەردانی دەرەكیشی رەتكردەوە.
ئەو وەزیرە، داوای هاوكاری مرۆیی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد و سوپاسی ئەو وڵاتانەشی كرد كە كۆمەكی ئەفغانستانیان كردووە.
یەكێك لەو پرسانەی كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانەوە گرنگی پێدەدرێت پرسی مافی مرۆڤە لەلایەن تالیبانەوە، مەولەوی ئەمیرخان، لەو بارەیەوە وتی: من نازانم مانای ئەو مافی مرۆڤە چیە كە لە دەرەوەی قسەی لەسەر دەكرێت.