هەڵسەنگاندنی بڕیاری سیاسییانەی ئەمەریكا لە ئەفغانستان
07:27 - 08/09/2021
زەمەن_شیكاری
نوسینی: هێرش عەبدولڕەحمان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن
لەكاتێكدا كە هەڵمەتی ئەمەریكا و هاوپەیمانە سەربازییەكانی لە ئەفغانستان دەگاتە كۆتاییەكانی لەناكاو، بەدڵنیاییەوە لە دەرەنجامی شەڕەكە رازی نین. ئەو بەرەوپێشچونە رای جیاوازی دروستكردوە لەنێو لێكۆڵیاران سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئەو گۆڕانكارییە بە سەركەوتو ناو ببەن یاخود بە شكستخواردو. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ئەمەریكییەكان ئاسودە بن و ئەوە بزانن كە هێزەكانیان رێگەی گەڕانەوە بۆ وڵاتیان گرتوەتە بەر.
داگیركردنی بەپەلەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە بەبێ هیچ بەرگرییەك یاخود روبەڕوبونەوەیەكی كەم لەلایەن سوپای ئەفغانستان و پشتیوانیكەرانیەوە شكستی زیاتری هێنایە سەر ئیدارەی ئەفغانستان و ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی.
لەوەش زیاتر، ئەو شكستانە سنوردارێتیی سەنتەری توێژینەوەكانی ئەمەریكا و لاوازی شیكردنەوەكانیان پیشان دەدات لە پێشبینی بۆ روداوە شاردراوەكانی ئێستای ئەفغانستان. بڕیاربەدەستانی ئەمەریكا سیاسەتێكی ستراتیژی كوشندەیان گرتەبەر لە ئەفغانستان لە تێگەیشتنیان بۆ گەڕانەوەی ئەفغانستان و متمانەیان بە هێز و توانای سوپای ئەفغانستان لە بەرگریكردنیان لە گەلی ئەفغان دژبە تاڵیبان ئەویش لەسەر بنەمای مەشق و راهێنان بە سوپای ئەفغانستان پڕچەككردینان.
پاش شەڕێكی درێژخایەن لە ئەفغانستان، بڕیاری ئەمەریكا بۆ رەتكردنەوەی سیاسەتەكەی خۆی لەسەر بنەمای سێ هۆكاری دیار بو. یەكەم: ئیدارەی ئەمەریكا درك بەوە دەكات كە لەپاش شەڕێكی 20 ساڵەی درێژخایەن و تاقەتپڕوكێن، بژاردەی سەربازی چارەسەرێكی باشتر نیە لە چارەسەری سیاسی. دوەم: ئەوان متمانەیان هەبو بە ئیدارەی ئەفغانستان و توانا سەربازییەكانی ئەو حكومەتە.
وتەكەی جۆ بایدن لە 8ی تەموزی رابردو دەرخەری ئەو راستییانەن كە وتی: "ئێمە هەمو ئامرازێكمان دابینكردوە بۆ هاوبەشە ئەفغانییەكانمان بە هەمو ئامرازەكانی وەك مەشق و راهێنان و چەك و كەرەستەی سەربازی." سێیەم: ئەمەریكا پێی وابو كە ئەركی ئەو لە ئەفغانستان بەكۆتا هاتوە و هاتوتە دی بەتایبەت كە لە دوای هێرشە تیرۆریستییەكەی 11ی سێپتەمبەری 2001 بیانوی دایە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە هێرشكردنە سەر ئەفغانستان.
هۆكارەكان بۆ ئەوە بون كە ئوسامە بن لادنی داڕێژەری هێرشەكان دەستگیربكرێت و رێگری بكرێت لە هێرشی گروپی قاعیدە یان هەر رێكخراوی دیكەی تیرۆریستی و بەكارهێنانی ئەفغانستان وەك بنكەیەك بۆ هەماهەنگی و هاوكاریی هێرشە تیرۆریستییەكان دژبە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، سیستەمی سیاسی پێشبینیكراوی نێودەوڵەتی ئەمەریكای ناچار كرد كە بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە لەبارەی تاڵیبان.
لەماوەی دواین دەیەی رابردو، تاڵیبان وەكو هێزێكی دیپلۆماسی و سیاسی دەركەوتوە كە توانای دانوستان و دیالۆگی هەبوە لەگەڵ وڵاتانی دیكە. ئەمساڵ، تاڵیبان لێهاتویی خۆی لەبواری دیپلۆماسی سەلماندوە ئەویش لەڕێی بەدەستهێنانی پشتیوانی سیاسی لەلایەن چین و روسیا و پاكستان كە ئەم پشتیوانییە لە رابردودا ئەستەم بو. لەهەموی گرنگتر، ئێران لەماوەی یەكەم رژێمی تاڵیباندا هیچی لە دوژمنێك كەمتر نەبو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان توانییان قەناعەت بە ئێران بكەن بەوەی كە پیتر نابنە هەڕەشەیەكی تایەفی بۆ سەر موسوڵمانی شیعە مەزهەبی هەزارە و پلانیان نیە بۆ هێرشكردنە سەریان.
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەكەم لایەن بو كە تێبینی گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد لە ئەفغانستان لە رێكەوتی 24ی ئایاری 2014 و لەو كاتەی كە باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشوتری ئەمەریكا رایگەیاند كە چیتر هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان شەڕ ناكەن. لەگەڵ ئەوەشدا، كارێكی نادادپەروەرانەیە كە بە تەواوەتی ئیدارەی جۆ بایدن سەرزەنشت بكەین لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان. بەشێوەیەكی گرنگتر، ئەمە ئەو ساتەوەختەیە كە هەڵوێستی ئەمەریكا لە ئەفغانستان دەگۆڕێت. دۆناڵد ترەمپ بەردەوام بو لە سیاسەتەكەی ئۆباما بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان بەڵام بەو هۆشدارییەی كە لەسەر بنەمای زنجیرەیەك لە دانوستان بو لەبەرئەوەی خواستی ئەوەی نەبو دەستبەرداری دۆخەكە بێت بەبیانوی ئەوەی كە رەنگە تاڵیبان دەربكەوێتەوە وەك هێزێكی كاریگەر لە سیاسەتی هەرێمی و ببێتە ئاماژەیەك بۆ شەڕێكی درێژخایەن لە ئەفغانستان. ترەمپ تەئكیدی لەوە كردەوە كە كشانەوەی ئەمەریكا رەنگە بەمەرج بڕیاری لەبارەوە درابێت و لەسەر بنەمای خشتەیەكی كاتی نەبوبێت.
تاڕادەیەكی زۆر، بڕیاری كشانەوە لەكاتیكی گونجاو نەبو، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر گرنگ بو بۆ ئەمەریكا كە لەكۆتاییدا تاڕاددەیەك داوایەكی كارەساتاوی بگەیەنێت. پێویستە ئیدارەی جۆ بایدن بەجۆرێك لە جۆرەكان بە شانازییەوە درك بەوە بكات كە ئەمەریكا شەڕەكەی نەبردەوە.
كارێكی بێبەرهەمە ئەگەر بێتو ئەمەریكا بەبێ بونی هۆكارێكی لۆژیكی لە ئەفغانستان بمێنێتەوە، دوای ئەم هەمو گۆڕانكارییە، ئەمەریكا ئەركە لەپێشینەكەی خۆی لە ئەفغانستان بەدیهێناوە. لەوەش زیاتر، ئەمەریكا بەڵێنی داوە كە پشتیوانی ئیدارەی ناوخۆ بێت لە ئەفغانستان لەڕوی مرۆیی و سیاسییەوە لە بوارەكانی دوبارە بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە، هەرچەندە ئەوە مەبەستی سەرەكیی ئەمەریكا نیە. ئێستاكە، داهاتوی ئەفغانستان لەدەستی ئەفغانییەكاندایە و هەروەها لە روانگەی ئەمەریكاوە ئەوان بەرپرسن لەو وڵاتە، لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخەكە زیاتر پشت دەبەستی بەوەی تاڵیبان چۆن دەیەوێت هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت.
سەرچاوە: سایتی میدیەم
Assessing the U.S. Policy Decisions in Afghanistan | by Heyrsh Abdulrahman | Sep, 2021 | Medium