787 کوردستان

ئەندازیارێک ویستی منداڵەکەی رزگار بکات، خۆی خنکا

08:28 - 22/07/2021

زه‌مه‌ن_راپه‌ڕین


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هاوڵاتیەک لە زێی بچوک له‌ سنوری قه‌ڵادزێ خنکا، روداوه‌كه‌ به‌ جۆرێك بووه‌ كه‌ باوكێك ویستویه‌تی منداڵه‌كه‌ی له‌ مردن رزگار بكات، به‌ڵام خۆی خنكاوه‌.

 
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین بڵاویكرده‌وه‌، کەمێک پێش ئێستا تەرمی هاوڵاتیەک بەناوی (ع . س . ٲ ) لەدایک بووی ساڵی 1973، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی ئاشتی، پیشەی ئەندازیار لە فەرمانگەی کارەبایی قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، بەوتەی کەسوکاری ئەم باوکە لەکاتێکدا خنکاوە منداڵەکەی کە تەمەنی 14 ساڵە مەلەی کردووە، کاتێک ژیانی منداڵەکەی کەوتۆتە مەترسیەوە باوکی بە جلی ئاسایی دەستەبەجێ چۆتە ناو ئاوەکە بۆ ڕزگارکردنی کوڕەکەی، دواتر نەخۆی  بۆ ڕزگار کراوەو نە منداڵەکەشی و دەستبەجێ خنکاوە، بەڵام منداڵەکەی لەلایەن برای هاوڵاتیە خنکاوەکە ڕزگار کراوە کە دەکاتە مامی منداڵەکە.

پۆلیسی راپه‌ڕین ده‌ڵێت، دوایی ڕووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن و هێزەکانی ئاسایش گەیشتونەتە شوێنی مەبەست و تەرمەکەیان گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن