جیهان

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس داوایه‌ك لە ئەمەریکا ده‌كات

09:35 - 21/07/2021 74 جار خوێندراوەتەوە


زه‌مه‌ن - جیهانی
ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانۆوسکایا داوا لە ئەمەریکا دەکات فشاری زیاتر بخاتە سەر حکومەتەکەی سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ.


تیخانۆوسکایا ڕاستەوخۆ داواکانی بردە بەردەم بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، ئەوەش دوای ئەوەی لە واشنتن چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی ڤیکتۆریا نۆلاند و کۆمەڵێک بەرپرسی دیکەی ئەمەریکا کەوت.

دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا، تیخانۆوسکایا لە تویتەر نوسی " سوپاسم کرد لەسەر پشتیوانیکردنی ئاواتی بێلاڕوسییەکان بۆ دیموکراسیەت، داوام لە ئەمەریکا کرد یارمەتیەکانی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی بێلاڕوس پتەوتر بکات و فشارە سیاسیەکانی سەر ڕژێمەکە زیاتر بکات، هەروەها داوا لە ڕوسیا بکات ڕۆڵێکی بونیادنەر لە قەیرانەکاندا ببینێت."

وتیشی لە گفتوگۆکاندا باس لەو ڕێوشوێنانە کراوە کە دەکرێت بۆ پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن لە بێلاڕوس بگیردرێتەبەر، لەکاتێکدا حکومەتی بێلاڕوس هەڵمەتێکی دژی ڕۆژنامەنووسانی ئەو وڵاتەی دەستپێکردووە.

تیخانۆوسکایا ڕکابەری سەرەکی لوکاشینکۆ بوو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 ی بێلاڕوسدا کە ئۆپۆزسیۆن و زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پێیان وایە ساختەکاری لەو هەڵبژاردنانەدا ئەنجامدراوە. دوابەدوای هەڵبژاردنەکان و کاتێک حکومەتەکەی لوکاشینکۆ خۆپیشاندانەکانی سەرکوت دەکرد، تیخانۆوسکایا لە وڵاتەکە هەڵهات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " باسیان لە سەرکوتکارییەکانی ڕژێمەکەی لوکاشینکۆ کردووە، هەروەها باسیان لەو هەنگاوانە کردووە کە ئێمە و زۆرینەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وتوومانە کە دەبێت ڕژێمەکەی لوکاشینکۆ بیانگرێتەبەر."

لەلای خۆشیەوە بلینکن لە تویتێکدا دەڵێت لە کۆبوونەوەکاندا " باس لە ڕێگای کۆتای هێنان بە قەیرانەکانی بێلاڕوس کراوە، لەوانەش ئازادکردنی سەرجەم زیندانیە سیاسییەکان و ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی گشتگیر و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی نوێ."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement