خالیدی 23 ساڵ بەتەقەی هێزە ئەمنیەكان كوژرا
04:57 - 08/07/2025
زەمەن _ کوردستانی
هێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی خالید محەممەدی گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی تەمووزی ٢٠٢٥، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: خالید محەممەدی تەمەن 23 ساڵان، خەڵکی گوندی ئەنجێنەی بانە، بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراوە.
ئەو کۆڵبەرانەی لەگەڵ خالید محەممەدی بوون بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانیان راگەیاندووە، هێزەکانی ئێران بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لێکردوون.
هەروەها رایانگەیاندووە، ئەو بارەی خالید محەممەدی و کۆڵبەرانی دیکە گواستوویانەتەوە، کەلوپەلی کارەبایی نێوماڵ بووە و خالید محەممەدی تەلەڤزیۆنێکی پێ بووە.
بەپێی ئاماری ئاژانسی کۆڵبەر نیوز کە ئاماری کۆڵبەران تۆمار دەکات، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٣٠ کۆڵبەر لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان گیانیان لەدەستداوە و 13یان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون.