13 جیهان

پڕۆژەى ئاگربەستى ئیسرائیل و حەماس ئاشکرا دەکرێت

06:11 - 05/07/2025

زەمەن پرێس:
تا دێت ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس نزیکدەبێتەوە، و ئەمریکا پڕۆژەی ئاگربەستی ئامادە کردوە، حەماس ڕەزامەندی دەربڕیوە بە پڕۆژەکە.
ترەمپ دەیەوێت پێش کۆبونەوەی رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەنگاوی کردەیی بۆ ئاگربەستەکە دەستیپێکردبێت.
پڕۆژەکە لە 13 خاڵ پێکدێت:
بۆ ماوەی 60 رۆژ ئاگربەست رادەگەیندرێت.
لەو ماوەیەدا 10 بارمتەی زیندووی ئیسرائیل و 18 تەرمی بارمتەی ئیسرائیل رادەستی ئیسرائیل دەکرێنەوە.
رۆژی یەکەم: ئازادکردنی هەشت بارمتەی زیندوو
رۆژی حەوتەم: رادەستکردنی پێنج تەرمی بارمتەکان
رۆژی 30: ئازادکردنی پێنج بارمتە
رۆژی 50: ئازادکردنی دوو بارمتە
رۆژی 60: رادەستکردنی هەشت تەرمی بارمتەکان
لە ڕۆژانی ئاگربەستەکە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەست پێدەکاتەوە، بەڵام لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکان و خاچی سورەوە دابەشدەکرێت.
لە ماوەی رۆژانی ئاگربەستدا، هەموو چالاکییە هێرشبەرییەکانی ئیسرائیل بەپێی رێککەوتن، بۆ سەر کەرتی غەزە رادەگیرێت.
ئەو رۆژانەی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیکراوەکان ئەنجام دەدرێت، بۆ ماوەی 10 بۆ 12 کاتژمێر جوڵە و چاودێریی ئاسمانی لە ئاسمانی کەرتی غەرززە رادەگیرێت.
لە رۆژی یەکەمی ئاگربەستەوە، دانوستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی یەکجارەکی و راگرتنی شەڕی غەززە دەست پێدەکات.
ئەمەریکا رۆڵی کاریگەری دەبێت لە جێبەجێکردنی ئاگربەست وەک خۆی.
دۆناڵد ترەمپ بەشیكی سەرەکی دەبێت و بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی ئاگربەستی کاتی وەک خۆی.
 ئەگەر هەردوولا لە ماوەی دانوستانی کاتی ئاگربەستدا گەیشتنە رێککەوتن، ئەوا رێککەوتنی یەکجارەکی کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە بەدیبێت.
لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکاندا، حکومەتی ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات.
ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان، هاوکات دەبێت لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل ئازادکردنەکان بەبێ ئەنجامدانی مەراسیم بەڕێوەدەچن.
لە رۆژی دەیەمی ئاگربەستدا، حەماس پابەند دەکرێت بە پێدانی زانیاری لەسەر تەندروستی و بەڵگەی مانەوەی بارمتەکان لە ژیاندا.
 لە بەرامبەردا ئیسرائیل زانیاری لەسەر زیندانیکراوانی فەلەستینی پێشکەش دەکات.
حەماس پابەند دەکرێت بە پاراستنی تەندروستی بارمتەکان و ئاسایشی ژیانیان لە ماوەی ئاگربەستدا.
نێوەندگیرەکان، ئەمەریکا، میسر و قەتەر، دڵنیایی دەدەن لە جێبەجێکردنی ئاگربەست 60 رۆژییەکە و کارکردن بۆ ئاگربستی درێژخایەنتر.
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەیکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتە ناوچەکە بۆ تەواوکردنی رێککەوتنەکە و بەڕێوەبردنی دانوستانەکان.
لە دواین خاڵی رێککەوتنەکەدا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ خۆی رێککەوتنی ئاگربەستەکە رادەگەیەنێت، ئەمەریکا و ترەمپ، پابەندن بە کارکردن بۆ دڵنیایی دان بە بەردەوامیدان بە دانوستانەکان بە ئاقارێکی باشدا هەتا رێککەوتنی کۆتایی ئەنجامدەدرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن