469 کەلتور

فیلمی زیڕۆ ناین و چەند سەرنجێک

07:34 - 08/06/2021

کارمەند خدر

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، فیلمی (زیڕۆ ناین) لە هەولێر پێشاندرا. پێش بینینی، شتی نەرێنیم لەسەر بیستبوو. بەڵام دوای ئەوەی بینیم، بۆم دەرکەوت شتە نەرێنییەکان هیچیان لە شوێنی خۆیان نەبوون. بە پێچەوانەوە فیلمێکی ئاست بەرزە. تەکانێکی باشە بۆ سینەمای کوردی، دەربازی کردین لە بازنەی درامایی، مێژوویی و ڕۆمانسی و بابەتی سواوی کۆمەڵایەتی و سیاسی.  دەبێ ئەوەمان لە یاد بێت کە ئێمە ماوەی سی ساڵێکە کامیرەمان بە دەستە. بۆیە لە چاو ئەو ئەزموونەی خۆمان، ئەم فیلمە سەرکەوتن و پێشکەوتنێکی گەورەیە. نواندن، چیرۆک، سیناریۆ، سینۆگرافیا، ڕەنگ و ماکیاژ زۆر باش بوون، بەڵام هیچ فیلمێک بەدەر نییە لە کێماسی. وەک بینەرێک و بەپێی شارەزاییی ساکاری خۆم، هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێک بخەمە ڕوو.

یەکەم: ڕاستە ڕیتمی ئاکشن خێرایە، بەڵام بەو جۆرە خێراییەش نا. ڕیتمەکە زیاد لە پێویست خێرا بوو. هەندێ وردەکاریی فیلمەکە بوونە قوربانیی خێرایی ڕیتمەکە.

دووەم: پڕۆتاگۆنیست و ئەنتاگۆنیست ئاڕاستەیان ڕوون نەبوو.
سێیەم: شوێنی نەشتەرگەری زۆر بە ئاسانی و خێرایی دۆزرایەوە لە کاتێکدا دوای بڕینی دەریا ماوەیەکی باش بە پی دەڕۆی. چۆن ئەو شوێنە پەنهانە وا بە ئاسانی دۆزرایەوە.
چوارەم: لە کاتی ونبوونی لیزا، لێکۆلەر ڕاستەوخۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ دکتۆردا دەکات. ئەمە هەندێ لە چیرۆک دوورکەوتەوە.
پێنجەم: لە سەرەتای فیلمەکە، ماسیگرەکە بە ڕۆژ لاشەکە دەدۆزێتەوە. بەڵام ئەفسەرەکە دەڵێت دوێنێ شەو دۆزیویانەتەوە.  
شەشەم: لە دیمەنی سەرەتادا، ماسیگرەکە ڕاستەوخۆ لاشەکە دەدۆزێتەوە. دەکرا یەک دوو ماسی بگرێت ئینجا بەر لاشەکە کەوتبا.
حەوتەم: لە هەندێ کاتدا، زوومی کامێرا زۆر نێزیک بوو. پێم وایە ئەو حاڵەتانە بۆ پێشاندانی باری ناسەقامگیریی دەروونیی کارەکتەرە، بۆیە نێزیکی زوومی کامێرا هەندێ جار بینەر بێزار دەکات.
هەشتەم: ژانری فیلمەکە ئاکشن و هەست بزوێنە. زیرەکانە کاری لەسەر کرابوو، بەڵام ئەکتەرەکان پێویستیان بە ڕاهێنانی زیاتر بوو، دەکرا شێوازی هێرش و بەرگری باشتر فێرکرابان. لەگەڵ ئەوەشدا باش بوو چونکە نواندنی دیمەنی ئاکشن بۆ ئێمە تازەیە. دیمەنەکانی کۆتایی زۆر باشتر بوون و کاری وردیان لەسەر کرا بوو.
نۆیەم: باشی و خراپی فیلم دەگەڕێتەوە بۆ دەرهێنەر. لەم فیلمەدا، دەرهێنەر ورد و هۆشیار کاری کردووە. هەندێ دیمەنی نایابی تێدایە وەک ڕفاندنی دکتۆر و لیزا، دیمەنە ئاکشنەکانی کۆتایی. بەڵام هەندێ دیمەن دەکار باشتر بن، وەک: شێوەی جلوبەرگی دکتۆر دوای هەڵاتنەکەی. دۆزینەوەی تاوانبارەکان زۆر خێرا بوو، پێشان نەدرا چۆن ئاشکرا بوون. دەربازبوونیان دەکرا باشتر بێت. یەکێک بڕفێنرێت وا بە ئاسانی دەربازی نابێت. دکتۆر بە ئاسانی دەربازی بوو. لێکۆلەرەکە (ماهیر حەسەن) قاچی بریندار بوو و دەشەلی، بەڵام لە دوا دیمەن کاتێ یەک لە تاوانبارەکان دەکوژێت، لەوێ ناشەلێت و موسەیتەرە.  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن