دیوەكەی تری چیرۆك... كتێبە مردووەكان؟
04:42 - 10/05/2021
نەجات نوری
لە قووڵایی داستانی گیلگامێشەوە
بۆ چیرۆكە سیحراویەكانی هەزارویەكەشەوە و بۆ تەكنیكەكانی بۆرخیس و جادوی ماركیز و
تەنزەكانی عەزیز نەسین و جیهانە ڕەشەكەی كافكا و شیكاریەكانی دۆستۆیڤسكی بۆ ڕۆحی
تاك و تێڕامانەكانی حسین عارف بۆ شار و مرۆڤ و زۆر نووسەری تریش بە كۆن و
نوێیانەوە ئەو تێڕامانە هەیە كە مانا بۆ
خۆی دانا بڕێت لە دەق، لە دەرەوەی ماناكانی دەق هیچ شتێك وەكو نووسین نابێتە دەقی
زیندوو یان دەقی ئەدەبی، لەمەدا دونیای ئەدەب دابەش دەبێت بەسەر دوو كایەدا
كایەیەك: بۆ مانەوەی ئەو دەقانەی كە مانا تێیاندا لە نێوان خوێنەراندا بە جیاوازی
ڕۆژگاریانەوە هەمیشە دەبێتە جێگای باس و گرنگی پێدان لە جیهانی ئەدەبدا و
تێڕامان لەم دەقانەدا بۆ مانا دەبێتە شایەتی زیندبوونی ئەو دەقانە و خوێنەران
ناتوانن بەبێ شیكاری ئەم مانایانە دەقەكان فەرامۆشبكەن و هەمیشە لە قووڵایی ئەو
مانایانەدا بەرەو سەرسامی دەچن. بە دیوەكەی تریشدا ئەو دەقانەی كە ڕەنگە زۆر زۆربن
لە جیهانی ئەدەبدا، زۆر زوو لە بیر خوێنەران دەچنەوە و دەچنە گۆڕستانی كتێبە
مردووكانەوە چونكە هیچ مانایەك لەلای خوێنەران وەكو ماناكانی دەق بەجێناهێڵن.
بۆ ئەوەی نەكەوینە ناو (وشە
بەتاڵەكان)ی چیرۆكەوە و لەمەدا لە چیرۆك دانەبڕێین، گرنگە ئێمە بزانین دیوەكەی
تری چیرۆك چییە، لەم دیوەدا چی هەیە كە ئێمە بخاتە ناو قووڵاییەوە بۆ دەقەكە؟ خۆ
ڕەنگە ئەم دیوە بە زۆركەس با خوێنەر و نووسەریش بن بە ئاسانی كەشف نەكرێت، چونكە
ئەمانە بەس بە ڕووكەش دەق دەخوێننەوە و لە ماناكانی دەقی مرد و زیندوو تێناگەن. لە
دیوەكەی تری چیرۆكدا كە گەڕانە بە شوێن مانادا، لەو شوێنەدا كە هەمیشە نادیارە و
پڕە لە وێنە و مانا بە جیاوازی لێكدانەوەی خوێنەرانەوە، ئێمەی خوێنەر دەبێت گرنگی
بە ئەم لایەنە ونبووە بدەین نەك ئەو وەهمەی كە نووسەرەكەی پێی وایە داهێنانی
كردووە، ئەگەر خوێنەران شوێن ئەم وەهمە كوشندەی گەلێك لە نووسەران بكەون و بە
قسەی خاوەنی دەقەكان بكەن، كە وەكو خۆیان دەڵێن ئاواو ئاوا داهێنانیان كردووە لە
دەقەكانیاندا ئەمە دەبێتە مەرگی خوێنەریش، بەبێ گەڕانەوە خوێنەران خۆیان بۆ
خوێندنەوەیەكی وردی ماناكانی دەق و قووڵایی ڕۆحی پاڵەوانەكانی ناو دەقەكان ئەوا
ئەم خوێنەرانەش تووشی جۆرێك لە مەرگی خوێندنەوە دەبن، وەكو چۆن دەقی مردوو هەیە ئاواش
دونیا پڕە لە خوێنەری مردوو، كە زۆركات ئەم خوێنەرە مردووە بۆتە تێكدانی بواری
خوێندنەوە و بە لادابردنی دەقە زیندووەكان لە دونیای دەبدا. جێگای داخە زۆركات ئەم
خوێنەرانە خۆیشیان بە نووسەر دەزانن، بەڵام ئەوەی لێی تێناگەن ماناكانی دەق و
نەگەڕانەوەیانە بۆ ئەو پانتایەی كە دەق تێیدا دەژی، ئەمانەش دەچنە خانەی خوێنەری
كتێبە مردووەكانەوە.
پانتاییەكی هێجگار فراوان دێتە
ڕێگەی چیرۆكنووس لەكاتی نووسینی دەقدا، لەم پانتایەدا مانا كاری خۆی دەكات، ئەوەی
چیرۆك و چیرۆكنووس وێراندەكات و دەیخاتە حالەتی شپرزەییەوە جگە لە مانا هیچی
ترنییە، مانا دیوە ترسناكەكەی هەموو دەقێكە، گەمە كوشندەی دەق لێرەوە دەگاتە لای
خوێنەران، ئەو دەلالەتانەی دێنە ڕێگەی چیرۆكنووس بۆ خۆیان دەبنە هەڵگری كاتی
زیندوبوون یان مەرگی چیرۆكەكە، لەمەدا دیوەكەی تری چیرۆك دەردەكەوێت، ئەم دیوە
لەسەر مانا و وێنە جیا جیاكان كاردەكات، هەر چەندە مانا دەكەوێتە دەرەوەی دەقەكە
لەلای بەشێك لە خوێنەران و ئەوە ئەوانن كە دەزانن ئەم مانایانە دەچنەوە سەر چ
مانایەكی تر لەلای خۆیان، چونكە هەموو خوێنەرێكی باش كار لەسەر شیكاری ماناكانی
ناو دەق دەكات بۆ تێگەیشتن لە دەقەكە. لێرەوە دیوەكەی تری چیرۆك ئەو بنەما
ئاڵۆزەیە كە دەبێت چیرۆك تێیدا بە شوێن زیندووبوونی خۆیدا بگەڕێت، بە زیندووبوونی
هەموو چیرۆكێك بۆ گەیشتن بە قووڵایی مانا چیرۆكنووسەكە خۆی لە شكست ڕزگاردەكات،
هەموو شكستێك بۆ خاوەنی دەقەكە لەمەدا دێتە پێشەوە كە دەزانێت دەق بەبێ مانا چی بە
دەق دەگەیەنێت و چی بە خوێنەران دەڵێت.
بە جۆرێكی تریش خوێندنەوەی دەق
یان كەشفكردنی دیوەكەی تری چیرۆك، دۆزینەوەی مانایە، نەك خوێندەوەی دێڕەكان یان
وردبوونەوە لە پاڵەوانەكان، بەمەش لە دەرەوەی مانا هیچ دەقێك نابێتە دەقی گرنگ و
بە بەها، بۆیە زۆركات چیرۆكەكان دەبنە گۆڕستانی پاڵەوان و نووسەرەكانیشیان چونكە
نووسەرەكەی دەرەقەتی ئەوە نایەت كار لەسەر مانای بكات، وشیاری ئەوەی نییە لە كوێدا
مانا لە دەقدا بەكار بهێنێت، چۆن چۆنی مانایەك لەناو دەقەكەیدا بۆ ئێمەی خوێنەران
بەرجەستەبكات، نەهاتووە گەمەیەكی پڕ بەهاو مانادارانە لە ناو دەقەكەیدا بكات تا
خوێنەران دواتر بە جۆرێكی تر دیوەكەی تری چیرۆكەكەی بخوێننەوە، ئەوە مانایە خوێنەر
و پەڵەوانی ناو چیرۆكەكە لە قووڵایی دێڕەكاندا بەیەك دەگەیەنن نەك شتێكی تر، ئیتر
لێرەوە تێدەگەین هیچ وێنە و ناوێك بەبێ مانا چیرۆكەكان لە مردن ڕزگارناكەن،
كتێبەكە ناكاتە كتێبێكی زیندوو، هەر ئەمەیە كە زۆركات لە نەزانی چیرۆكنووسێكەوە
سادەی چیرۆك بەلا ڕێدا دەبرێت، گرنگی سادەی لەوەدایە مانا ئەم سادەییە بگەیەنێتە
قووڵایی نەك ئەو دێڕانەی كە بوونەتە ڕۆحی مردووی دەقەكە... سادەی دەق لە ژێر ناوی
مانادا دەبێت ببێتە ئەو گوتارەی كە تا زەمەنێكی زۆر لەلای خوێنەران دەنگ
بداتەوە... بەمەش داهێنان لە دەقدا لە گەیاندنی مانادایە نەك لە كتێبێكی
مردوودا.