قەدەغەى هاتوچۆ لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا
02:41 - 07/04/2021
زەمەن_هەرێمى کوردستان
لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بڕیاریدا بە راگەیاندنى قەدەغەی
گشتیی هاتوچۆ لە کاتژمێڕ "8ی شەو بۆ 6ی بەیانی".
بەگوێرەى نوسراوێکى لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم کە دزەى کردووە و نوسراوەکە بە تەواوەتى پشتڕاستى نەکراوەتەوە،
بڕیاردراوە بە "قەدەغەی هاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل لە تەواوی پارێزگاكانی هەولێر
و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان و گشت یەكە
كارگێڕییەكان، لە كاتژمێر 8ی شەو بۆ 6ی بەیانی".
بەگوێرەى راگەیەنراوەکە، "تەنها ڕێگا دەدرێت بە هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێلی
هێزە ئەمنییەكان و تیمەكانی تەندروستی و ئۆتۆمبێلی ئامبۆلانس و ئەوانەی لە ئەركی فەرمیدان".
بەپێى نوسراوەکە، ئەم بڕیارە لە ئەمشەوەوە جێبەجێ دەكرێت.
"زەمەن" بۆ پشتڕاستکردنەوەى نوسراوەکە، پەیوەندى بە بەرپرسانى وەزارەتى ناوخۆەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.