502 کوردستان

مەسرور بارزانی: دەبێت ڤاكسین بۆ شەش ملیۆن كەس دابینبكەین

09:06 - 02/03/2021

زەمەن_هەرێمی كوردستان


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ده‌بێت ڤاكسین بۆ زیاتر له‌ 6 ملیۆن هاووڵاتی هەرێم دابین بكه‌ن، وتی: حکومەت ئێستا كار له‌ سه‌ر ئەنجامدانی بەرنامەیەکی کوتانی گشتگیر بۆ دانیشتووانی هەرێم دەکات.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێكدا خۆشحاڵی نیشانداوە به‌ گه‌یشتنی یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژ به‌ ڤایرۆسی کۆڕۆنا (COVID-19 ) بۆ هه‌رێمی كوردستان، کە لە لایەن وڵاتی چینەوە بەخشراوە.

سوپاسی کۆماری چین ده‌كات بۆ ئه‌م هاوكارییه‌ مرۆییە، كه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ هەوڵەکانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان دژ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ و پاراستننی پزیشكان و كارمه‌ندانی هێڵی پێشه‌وه.

رونیكردەوە، پاش په‌سه‌ندكردنی پلانی دابه‌شكردن، ڤاكسینه‌كان بۆ سه‌نته‌رەکانی دیاریكراو له‌ هەموو پارێزگاکان، دابین ده‌كرێت تاکو بدرێ به‌و گرووپانەی له‌ هێڵی پێشەوەن و مەترسییان لەسەرە.


مەسرور بارزانی، دەڵێت: حکومەت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ، کار ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڤاكسین و دڵنیابوون لە دابینکردنی بەشی هەرێم لەو بڕە ڤاکسینەی بە حکومەتی فیدراڵ دەدرێت.

وتیشی: ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین، ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیداین بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان. من  بەجیددی کار لە سەر ئەم بابەتە دەکەم و بەدواداچوون ده‌كه‌م بۆ دڵنیابوون لەوەی، هەر کوردستانییەک بە زووترین کات ڤاكسینی پێ بگات.

سەرۆكی حكومەت، ئاماژەی بەوەكردووە، بێگومان ئەمە كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام ده‌بێت ڤاكسین بۆ زیاتر له‌ 6 ملیۆن هاوڵاتی هەرێم دابین بكه‌ین، حکومەت ئێستا كار له‌ سه‌ر ئەنجامدانی بەرنامەیەکی کوتانی گشتگیر بۆ دانیشتووانی هەرێم دەکات، كه‌ تیمی ته‌ندروستی و کارمەندانی هێڵی پێشه‌وه‌ی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان هەیە دەگرێتەوە.

بەوتەی مەسرور بارزانی، دوای ئەوە كوتانی زۆرترین ڕێژه‌ی هاوڵاتیان به‌پێی ته‌مه‌ن و ڕێنماییە دیاریکراوەکان دەست پێ دەکات.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا، مەسرور بارزانی، دەڵێت: من دڵنیام ده‌توانین باردۆخه‌كه‌ ئاسایی بکەینەوە، بەڵام بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئەمە بکات، بۆیە دەبێت هاوڵاتییان بەگشتی، هاوکار و یارمەتیدەر بن و ڕۆڵی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بگێڕن .

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، پێنج هەزار ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا كە لەلایەن چینەوە بەخشراون، گەیشتە هەرێمی كوردستان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن