ئەنجومەنى وەزیران داواکارییە کارگێڕیی و دارایییەکانى سلێمانى و هەڵەبجەى پەسەندکرد
12:20 - 23/02/2021
زەمەن_هەرێمى کوردستان
ئەمڕۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارەکانى سلێمانى و هەڵەبجە، لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبونەوە
و چەند پێشنیارێکیان کردە بڕیار.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ، بەسەرپەرشتیی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبونی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیران و وەزیرانی دارایی و ئابوریی و پلاندانان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی
وەزیران و پارێزگاری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە
تایبەت بە بوارە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و پڕۆژەکانی پارێزگاکانی سلێمانی
و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆبونەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کۆبونەوەکەدا بەڕونیی و بە وردیی و دڵسۆزانەو بەرپرسانە،
راپۆرتی هاوبەشی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاو یەکەکارگێڕییەکان
و داواکارییە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و سەرمایەگوزاریی و پەرەپێدانەکانی
هەمو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگاکان گفتوگۆیان لەسەر کرا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت، "هەمو ئەو پێشنیازو داواکارییانەی لە ڕاپۆرتە
هاوبەشەکاندا گەڵاڵەکرابون، لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیران و وەزیرەکان پەسەندکران و بون بەبڕیار".
باسى لەوەشکرد، ئەو سێکتەرو بوارانەی لەم ڕاپۆرتانەدا بۆ ساڵی 2021 پەسەندکراون
دەتوانن بەشی زۆری داخوازیی و پێداویستییە زۆر پێویستەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان
دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکەن.