361 عیراق

ئەمریكا بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەرانی عێراقی راگرت

08:34 - 23/01/2021

زەمەن_عێراق

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: بەرنامەی تایبەتی وەرگرتنی پەنابەرانی عێراقی بەشێوەیەكی كاتی راگرتووە، ئەوەش دوای ئاشكرابوونی "پێشێلکارییەک" کە تایبەتە بە دزینی زانیاری ئەو كەسانەی داوای پەنابەرییان كردووە.


ئاژانسی بلومبێرگ ڕایگەیاند: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاریدا بە پەلە بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەران ڕابگریت بۆ ماوەی 90 ڕۆژ، پاش ئەوەی وەزارەتی دادی ئەمریکا سێ کەسی تۆمەتبارکرد بە دزینی داتا پۆلێنکراوەکانی 1500 عێراقی کە پەنایان بۆ ئەمریکا بردووە .

دوو لە تۆمەتبارەکان، کە ئەردەنی و روسین و کارمەندی پێشووی فەرمانگەی گومرگ و کۆچی ئەمریکی بوون، لەنێوان ساڵی 2016 تا 2019 دەستیان بە زانیاری پێشکەشکارانی مافی مانەوەی لە ئەمریكا گەیشتووە و ناردویانە بۆ هاوڵاتیەكی عێراقی.

بەپێی رۆژنامەی واشنتن تایمز، ئەوس مۆفەق عەبدولجەبار كە هاوڵاتیەكی عێراقیە و لە ئەردەن نیشتەجێیە سەرپەرشتی ئەم دزینی زانیارییانەی كردووە و خۆی پێشتر داوای مافی پەنابەریەتی لە ئەمریكا كردووە و داواكەی رەتكراوەتەوە.

دوو تۆمەتبارە ئەردەنی و روسیەكە، لەبەرامبەر ناردنی زانیارییەكاندا هەر جارە و لەلایەن ئەوس مۆفەقەوە هەزار دۆلاریان پێدراوە.

لێکۆڵەران دووپاتیان کردوەتەوە کە ڕەنگە زانیارییە دزەپێکراوەکان بۆ یارمەتیدانی ئەو عێراقیانە بەكارهێنرابێت بۆ داڕشتنی داوای مای پەنابەرێتی.

بەرنامەی تایبەتی وەرگرتنی پەنابەرانی عێراقی، لە ساڵی 2008 دامەزراوە، ڕێگەی بەو عێراقیانە دەدات كە لە کاتی شەڕی عێراق و دوای جەنگی عێراق کاریان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا و دامودەزگا ئەمنی و ڕاگەیاندنە ئەمریكیەكان كردووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ داوای مافی پەنابەریەتی لە ئەمریكا بكەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن