ناوچەی

لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران لەهەوڵی دەرکردنی یاسایەکن بۆ دەرپەڕاندنی هێزەکانی ئەمریکا

06:28 - 06/03/2019 968 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن پرێس:

چەند لایەنێكی شیعەی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی بە نزیك لە ئێران ناسراون، هەوڵ دەدەن پرۆژە یاسایەك ببەنە ئەنجومەنی نوێنەران، كە تایبەتە بە دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەڵام لایەنەكانی دیكە، بوونی یاسای لەو شێوەیە بەگرنگ نازانن، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، هەر هەوڵێك لەئێستادا بدرێت بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، شكست دەهێنێت، ئەمریكاش چاودێریی دۆخەكە دەكاتو هەوڵی شكستپێهێنانی ئەو هەنگاوە دەدات.

حاكم زاملی، سەركردە لە رەوتی سەدرو سەرۆكی پێشووی لیژنەی ئاسایشو بەرگری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ “زەمەن”ی روونكردەوە، هەندێك پەرلەمانتار لە فراكسیۆنە جیاوازەكان، كە بەشێكیان سەر بە هاوپەیمانیی سائیرونن، سەرقاڵی گەڵاڵەكردنی پرۆژەیاسایەكن سەبارەت بە دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعێراق، چونكە بوونی یاسایەكی لەو شێوەیە بۆ عێراق زۆر گرنگەو شێوازی بوونی هێزی بیانی لە عێراقدا رێكدەخات، سەبارەت بەجۆری چەكو بنكەو بارەگاكانو جموجوڵیان.

روونیشكیردەوە، پێویستە بوونی هێزی بیانی لە عێراق بەیاسا رێكبخرێتو حكومەتی بەغداد مامەڵەیەكی پێویستو یاسایی لەگەڵ ئەو پرسەدا بكات، چونكە بەشێك لەو خروقاتو ناسەقامگیرییەی لەعێراقدا هەیە، بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆری هێزی بیانییەوەیە، كە زیاتر لە 10 هەزار سەربازە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراقو هەرێمی كوردستانو بنكەو بارەگایەكی زۆریان هەیەو بوونەتە هۆی دروستكردنی پشێویی، ئێستا شەڕی داعش كۆتایی هاتووەو پێویستمان بەبوونی هێزی بیانی نییە، بەڵكو تەنها پێویستمان بەژمارەیەكی كەم هەیە لە راوێژكاری سەربازییو پسپۆڕی ئەمنی، چونكە عێراق بەرەو سەقامگیریی هەنگاو دەنێتو پێویستە حكومەت دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دۆخی ئەمنیدا هەبێت.

سەركردەیەكی هاوپەیمانیی فەتح بۆچوونی وایە، پێویست بە بوونی یاسا ناكات بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعێراقدا، بەتایبەت سوپای ئەمریكا، چونكە دەركردنی یاسا، شەرعییەت بەمانەوەی هێزەكان دەداتو پێویستە پێداچوونەوە بەو رێككەوتنەدا بكرێت، كە پێشتر عێراقو ئەمریكا لەبواری ئەمنیدا واژۆیان كردووە.

د. خزەیر ئەلئیمارە، سەركردە لە هاوپەیمانێتیی فەتح بە “زەمەن”ی راگەیاند، پێشتر رێككەوتننامە لەنێوان حكومەتی عێراقو لایەنی ئەمریكیدا هەبووە لەساڵی 2011و لەناو رێكەوتننامەكەدا بەدەق هاتوە، كە ئامانج لە مانەوەی هێزەكانی سوپای ئەمریكا تەنها بۆ مەشقپێكردنی هێزەكانی عێراق دەبێت، ئەوەش تەنها لەكاتێكدا كە لەلایەن عێراقەوە بەشێوەیەكی فەرمی داوا لە ئەمریكا بكرێت، هاوكاریی بكات لەكاتی بوونی هەر هەڕەشەیەك لەسەر ئاسایشی عێراق.

روونیشیكردەوە، پێویستە هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق بچنە دەرەوەو حكومەتی بەغداد پێویستی بە بوونی هێزی بیانی نییە لەناو خاكەكەیدا بێت بۆ هاوكاریكردنی، وتیشی: “ئێمە لەئێستادا پێویستمان بە پرۆژەیاسا نییە سەبارەت بە بوونی سوپای ئەمریكا لەعێراق، چونكە رێككەوتننامەكە بەڕوونی هەیەو حكومەتەكانی عێراق داوایان لە ئەمریكا نەكردووە، هێزی لە خاكی عێراقدا هەبێت، بۆیە پێویستە ئەو هێزانەی ئەمریكا كە ئێستا لەعێراقدان، لەژێر فەرمانی حكومەتو پەرلەمانی عێراقدا بنو ژمارەیەكی دیاریكراویان هەبێت، كەواتە ئێمە پێویستمان بەیاسای نوێ نییە بۆ شەرعییەتدان بەمانەوەی هێزی بیانی، بەڵكو پێویستمان بە پێداچوونەوە هەیە بەو رێكەوتننامەیەدا كە پێشتر لەگەڵ لایەنی ئەمریكی كراوە”. 

لەبەرامبەر ئەو هەوڵەی چەند لایەنێكی عێراق بۆ دەركردنی سوپای ئەمریكا،  ئیدارەی واشنتۆن بەوردی چاودێریی دۆخەكە دەكاتو لەگەڵ لایەنو پێكهاتەكان لەگفتوگۆدایە، بەمەبەستی رێگرتن لە دەرچواندنی هەر یاسایەك، كە دژی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بێت لە عێراق.

بەوتەی چاودێرانی سیاسی، ئەگەر یاسایەك دەربچێت، كە مانەوەی هێزە بیانییەكان قەدەغە بكات،  ئەوا تەنها هێزەكانی سوپای ئەمریكا ناگرێتەوە، بەڵكو دەبێ بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو توركیاو وڵاتانی تریش سەرجەم هێزەكانیان لە عێراق بكشێننەوە، بۆیە ئەمریكا داوای لە هێزە سیاسییەكان كردووە، دژی هەر هەوڵێك بوەستنەوە، كە بیەوێت یاسای لەو شێوەیە دەربكات.

د. میران محەمەد پەرلەمانتاری كورد لە لێدوانێكدا بۆ “زەمەن” باسی لەوەكرد، ئەو پرۆژەیەی باسی لێوە دەكرێت، تەنها دەنگۆیەو هەتا ئێستا نەچووەتە پەرلەمانی عێراق وەكو پرۆژەیاسایەك، كە لەلایەن چەند لایەنو پەرلەمانتارێكی عێراقەوە كاری لەسەر دەكرێت.

وتیشی: “پرۆژەی لەو شێوەیە سەرناگرێتو تەنها بابەتێكە كە پەیوەندیی بەململانێی سیاسییەوە هەیەو زیاتر بۆ خۆدەرخستنە، چونكە دۆخی ئەمنیی عێراق هێشتا مەترسیی لەسەرەو حكومەتی بەغداد پێویستی بەهاوكاریی هێزە بیانییەكان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە كوردە، ئەگەر بەشێك لە پێكهاتەكانی شیعەو سوننە دژی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بن لە عێراق، ئەوا زۆرینەی سەركردەو لایەنو پێكهاتەكان لەگەڵ مانەوەی ئەو هێزانەنو بوونیان لە ئێستادا بۆ عێراق گرنگە، بۆیە هەر پرۆژەیەك ببرێتە پەرلەمانیش شكست دەهێنێت و كۆدەنگیی لایەن و پێكهاتەكانی لەسەر نییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن