ڕووانەر یان فیستیڤاڵ؟
09:24 - 29/11/2020
دارۆ ئەزیز
من ئیش بۆ ڕووانەر (بینەر) دەکەم، ئەمجارە ئیش بۆ فیستیڤاڵ دەکەم؛
ئەم دوو بۆچوونەی سەرەوە زۆرجار لای فیلمسازانەوە گوێ بیستی دەبین. لەم پەرەگرافەدا هەوڵدەدەم ئەو دوو دیدەی سەرەوە ڕوونبکەمەوە.
دەتوانیین بە دوو ڕێگا کاری فیلمسازی لەیەکدی جودا بکەینەوە، یەکەم بە چ ژانرایەک نووسراوە، دووەم ئەو میتۆدەی کە چیرۆکەکەی پێ نووسراوە. لێرەدا بە کورتی باس لە هەردوو ڕێگاکە دەکەین.
هەر وەک لای زۆربەتان ڕوونە کە سەیری فیلمێک دەکەین دەتوانی ژانراکەی دیاری بکەیت، هەروەک ڕۆبێرت مەکی لە کتێبە پڕ بەهاو ناوازەکەیدا بەناوی (چیرۆک) دیاری کردووە. بۆ نموونە؛ درامی، جەنگ، ترسناک، کۆمیدی، زانستی..... هتد.
کاتێک بڕیار دەدەی فیلمێک بنووسیت یەکەم هەنگاو دەبێ ژانراکەی دیاری بکەیت. کە بڕیارتدا بە چ ژانرایەک کار دەکەیت، ئینجا سترەکچەر(پێکهاتە)ی بۆ دیاری دەکەیت، سەرەتا دەبێ ئەوەمان لا ڕوونبێت بە چ میتۆدێک یان بە چ پێکهاتەیەک دەنووسیت.
هەر وەک لای هەمووان ڕوونە چیرۆکەکەت سەرەتا و ناوەڕاستی و کۆتایی هەیە تەنانەت گەر هەموو فیلمەکەت بە وێنەی جوڵاو بێت. ئەم سێ-ئاکتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخە بەردینەکان ئەو کاتەی لەسەر دیواربەندەکان چیرۆکی نێچیر و ڕاوکەریان دەگێڕایەوە، دواتر ئەرستۆ پێش 2335 ساڵ لەمەوبەر سێ-ئاکتی دیاریکرد لە پەرتووکە بەناوبانگەکەی (هونەری شیعر)دا...
ئەوەی کە ئێستا لە دنیایی فیلمسازیدا زۆر ستۆری تایپە و بەکاری دەهێنن سێ-ئاکتە، لە بەرهەمی تەلەفیزیۆنیدا بە پێنج-ئاکت و حەوت-ئاکت دەنووسن. لە ئێستاشدا هەوڵی بەگەرخستنی نۆ-ئاکتی لە ئارادایە،هەموو ئەمانە درێژکراوەی سێ-ئاکتن.
ئەوەی زۆر مەبەستمە لەم پەرەگرافەدا ئاماژەی پێ بدەم جۆرەکانی پێکهاتەی سکرینپلەیە، جۆرەکانی پێکهاتەی سکرینپلەی زۆرن، وەلێ ئەوەی کە زۆر باوە سێ-ئاکتە کە زۆربەی فیلمەکانی هۆلیوودی پێ دەنووسرێت، لەگەڵ سێ-ئاکتدا جۆری دیکە زۆرن، لە کتێبە نوێکەمدا بەناوی پێکهاتەی سکرینپلەی باس لە پێکهاتەکان دەکەین و چەندین نموونە بۆ هەریەک لەم سترەکچەرانە دەهێنینەوە.
ژانراو ئەم جۆری سترەکچەرەیە کە ستایلی فیلمەکەت دیاری دەکات، نەک ئەوەی تۆ بڕیارت لە سەر چ جۆرە فیلمێک دەدەیت، یان چۆن بۆ ڕووانەر یان بۆ فیستیڤاڵ دەنووسی، وەک ئەو دوو دیدەی کە لەسەرەتای ئەم پەرەگرافەکەوە ئاماژەم پێداوە.
جۆری سترەکچەرەکان ڕێنیشادەرت دەبێ بۆ ئایندە چۆن بیرۆکەکەت دەخەیتە ناو ئەو فرێمانەوە، بەم هەنگاوەش دنیایی فیلمسازی کوردی سوودێکی زۆر دەکات لەوەی چیدی ئارەزوومەندانە نەنووسین و نەزانیین چیرۆکەکانمان سەرەتای لە کوێوەیەو کۆتایی چیرۆکەکە بەرەو کوێمان دەبات.