شیعر هیچ نییە خۆی نەبێت.
06:20 - 27/11/2020
حسێن لەتیف
ئاین و ئایدۆلوجیا و سیاسەت، هەموو ئەوشتانەن پرۆسەیەکن بۆ لە شیعر خستنی
دەق! لە دەقدا من تەنها شیعرم بۆ گرنگە، هەموو شتە ناشیعرێکان دەدەمەوە
بە دەقنووس.
2
شیعر دەبێت بەدوای سەربەخۆیی خۆیدا بگەڕێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە
دیدێکی هاوتای دیدی ئەلفرێد گالێرییە، ئەلفرێد گالێری داوای ئەوەی دەکرد
شانۆ لە شتە زیاد و ناشانۆییەکان پاک بکرێتەوە، وەکو (ئەکتەر و موفرەداتی
سەر شانۆ، لە بریتی دا بایەخ بە بووکەڵە بدرێت)1، لە بریتی ئەکتەر، بووکـەڵە
نومایش بکات. هەر ئەم تێڕوانینە بوو وای لە ئەنتۆنان ئاڕتۆ کرد لە یەکێک
لە مانیفێستە شانۆییەکانی دا بڵێت: ( بۆ بیر لە شانۆیە نەکەینەوە لەکاتی
پرۆڤەدا بەرهەمی بهێنین)2.بە باوەڕی ئەنتۆنان ئاڕتۆ دەق شتێکی ناشانۆیی و
زیادەیە، پێویستە شانۆ خۆی لە دەق ڕزگار بکات. کەواتە ئەلفرێد گالێری و
ئەنتۆنان ئارتۆ پێکەوە شانۆ دەبەنەوە سەر بنەڕەتەکەی خۆی.
*
بۆ ڕزگارکردنی شیعر لە شتە ناشیعرییەکان، پێویستمان بە دیدێکی لەو جۆرەی
ئەلفرێد گالێری و ئەنتۆنان ئارتۆیە. ئەگەر شانۆی ڕۆژئاوایی گیرۆدەی دەق و
نووسەر وئەکتەر بووبێت ، ئەوا شیعر گیرۆدەی ئاین و ئایدۆلۆجیا و سیاسەت
بووە.
*
شیعر بەجۆرێک لە جۆرەکان گیرۆدەی نەفەسی هۆمیرۆسیەت بووە،هۆمیرۆسیەت واتە
چەقبەستنی شیعر لە دەوری پاڵەوانەکان و مێژووی نەتەوە و کۆمەڵگاکان. شیعر
پێویستی بەوەیە ببرێتەوە سەر ئۆرفیۆس ،لەگەڵ حاڵەتە دەروونی و ویژدانێکانی
تاکەکەس ئاشنا بکرێتەوە.
*
ئیمرسن لەبارەی شیعرەوە دەڵێت:( شیعر لە شیعرەوە لە دایک دەبێت)3.
مەبەستی
ئیمرسن ئەوەیە شتە نا شیعرێکان دەق ناکەن بە شیعر، بەشێوەیەکی گشتی شیعر
ئەم گرفتەی هەیە. هەموو ئاین وئایدۆلۆجیا وسیاسەتێک شتی نا شیعریین و
دەخزێنرێنە ناو شیعرەوە. بەباسی ئاین و نەتەوە و هەژاری، دەق نابێت بە
شیعر ئەگەر ڕوانینێکی شاعیرانە لە ئارادا نەبێت. (تەنهابە هەڵچوون و
داچوونی دەروونی شیعربەرهەم ناهێنرێت ئەگەر پێشتر ڕوانینێک شاعیرانە
کاریگەریی لەسەرمان نەبێت)4.
*
شیعر، نە ئاینە و نەئایدۆلۆجیایە و نە سیاسەتە، بەڵکو شیعر هیچ نییە جگە لە
خۆی.
*
شیعر دەرکەوتن و فۆرمی زۆرە، هیێندەی ژمارەی خوێنەرەکانێتی ،خوێنەر دەقێک
وەک شیعر دەهێنێتە بوونەوە و دەتوانێت بیشیمرێنێت. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو
خوێنەرەی دەقێک وەک شیعر دەخوێنێتەوە یان دەیمرێنێت خاوەنی ڕوانینێکی
شاعیرانەیە؟ ئایا خوێنەرێکی ئایدۆلۆژی نییە؟
*
ئاین و ئایدۆلۆژیا وسیاسەت، سێ ئافاتەکەی شیعر، وایان کرد ئێمە هەموو
دەقەکانی مەحمود دەروێش و ماغوتمان بۆ گرنگ نەبێت، دڵنیام ئەگەر هەموو
بەرهەمی شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا پەشێو وەربگێڕدرێن بۆ سەر زمانی عەرەبی
دیسانەوە لەبەر ئاین و ئایدۆلۆژیا و سیاسەت بەشێکی زۆریان وەک شیعر
ناخوێنرێنەوە، بەڵکو وەکو پرس دەخوێنرێنەوە.
*
شیعر شیعر و هیچی تر نییە.
سەرچاوە:
1-داناڕەئوف،شانۆی توندو تیژی لەنێوان تیۆر و پراکتیک دا.ساڵی 2020
2 -ئەنتۆنان ئاڕتۆ.وەرگێڕانی مستەفا قەسیم:شانۆ وهەمبەرەکەی.
3-خورخی لویس بورخیس،مختارات من شعره،ط۱،سنة۱۹۹۹،ص21
4-ن.ص.س،ص۲۲