2170 کوردستان

نوێترین زانیارى لەبارەى تەندروستى هونەرمەند بەیان بۆمبا

02:41 - 30/10/2020

"زەمەن"


بەیان مەحمود بۆمبا، خانمە ھونەرمەندی کورد، توشی ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە و بەوتەى کچەکەى ئێستا لە ژێر چڕی پزیشکی دایە.


ئیڤان بارزان، کچی بەیان مەحمود، لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، رەوشی تەندروستیی دایکی باش نییە و لە ژێر چاودێرى پزیشکدایە.

بەیان بۆمبا چەند ڕۆژێکە توشی ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە و لە ماڵەوە خۆی کەرەنتین کردووە و چارەسەرە پزیشکییەکان وەردەگرێت.

بەیان مەحمود عەلی ناسراو بە (بەیان بۆمبا)، ساڵی 1965 لە گەڕەکی کانی ئاسکانی شاری سلێمانی لە دایک بووە، بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە.

سەرەتای کارە هونەرییەکانی بەیان بۆمبا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1974، کە لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی بەشداریی چالاکییەکانی خوێندنگاکەیانی کردووە و نواندنی کردووە، دواتریش بەشێوەی ئەکادیمیی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان شانۆ دەخوێنێت و بەشداریی دەیان شانۆ، دراما و فیلمى کردووە.

ئەو هونەرمەندە بە گشتیی نزیکەى لە ١٠٠ کاری شانۆ، دراما و فیلم-دا بەشداریی کردووە بە نمونە، شانۆکانی (گەڕان بە دوای دەستگیرانداریی، مێوژی بەرخۆر، هێشتا قسەکانمان تەواو نەکردووە، میراتیی، موختار و ژنانی گەڕەک، بەنی عێز، قەرەج...هتد) هەروەها (گەردەلوول، ڕۆژمێری شارێک، سایە، سەراب، پرفیشاڵ، پەتریپۆت) چەند نمونەیەکی ئەو درامایانەن، کە بەیان بەشداریی تێدا کردووە، لە کورتە فلیمی (دنیا و دەلاک)، هەروەها فیلمی درێژی (کێوی دڵ، دلی سوور)-یشدا بەشداریی کردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن