ئەکتەرێکی کورد لە شانۆگەرییەکی ئەڵمانیدا باس لە خەمی کوردبوون دەکات!
09:12 - 26/10/2020
بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، لە ڕۆژی ٢٤-٢٨ی ئەم مانگە، لە ئەڵمانیا شانۆگەریی
جورجەکانی لودڤیگسهافن نمایش دەکرێت. لەم شانۆگەرییەدا، ئەکتەرێکی کورد، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و شانۆگەرییەکەش بە ڕێنماییەکانی خۆپارستنی کرۆنا نمایش
دەکرێت.
یوسف مەنتک، نووسەر و هونەرمەند، لەم شانۆگەرییەدا وەک ئەکتەر بەشدارە، سەبارەت بە شانۆگەرییە بۆ کولتووری زەمەن، وتی: (ئەم شانۆگەرییە من تێیدا بەشدارم،
ئامادەکردنی دەقەکەی: بارابا ڤاندلاند
دەرهێنانی: تیلمان گێرش، یاریدەدەری دەرهێنەر: بیۆرن کلومپ ١٧ ئەکتەر
بەشدارن تێدا، من یەکێکم لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی، کولتووری زەمەن-ئەڵمانیا
شانۆگەرییەکە بە زمانی ئەڵمانی، نمایش دەکرێت، ئەو ئەکتەرانی لەنەتەوەی ترن
لە چەند دیمەنێک بەزمانی خۆیا قسە دەکەن.
بەپێی پلانی بۆ داڕێژراو بەیانکراو دەبوا لە ڕۆژانی ١٥ و١٦ و ١٨ ی مانگی
مای ٢٠٢٠ بەڵام بەداخەوە بە هۆی پەتای کرۆناوە پێشکەش نەکرا.)
سەبارەت بە ڕۆڵبینینی خۆی لەم شانۆگەرییەدا، مەنتیک وتی: (لەم شانۆگەرییەدا ڕۆڵی کاراکتەری برۆنۆ دەبینێت بەزمانی ئەڵمانی لە دوو دیمەندا بە دوو بەش باس لە ئاوارە بوونی گەلی کورد و
دابەشکردنی کوردستان دەکەم، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لەدیمەنێکی گرنگدا
باسی ژیاننامەی خۆم وەک کوردێک دەکەم و دەڵێم: من ناوم برۆنۆیە، لە شاری هەولێر لە
دایکبووم پیشەم ڕۆژنامەنووس و نووسەرم، شارەکەی من نزیکەی 7 هەزار ساڵ
کۆنە، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی کوردستان کرا بە چوار پارچە، من لەم بەشەوە
هاتووم کە عێراق داگیری کردووە، وڵاتەکەم سرووشتی جوانە، دەوڵەمەندە بە نەوت و
کانزا، لەزەمەنی باپیرە گەورەمانەوە، تا ئیمڕۆ کوردستان هەمیشەی دووچاری
شەڕو داگیرکردن بۆتەوە، هەموو ژیانمان بۆتە شەڕ، من ئارەزووم بووە شانۆ
بخوێنم بەڵام بە هۆی ئەوەی من لە ژینگەو کۆمەڵگەیەکی جەنجاڵی و فرە کلتوور و
داب و نەریتی جیاواز ژیاوم، نەمتوانی ئەم ئامانجەم بەدی بهێنم، بەهۆی شەڕ
هاوڵاتیانی کورد وڵاتی باب وباپیرانی جێدەهێلن، کەسێکی وەک من چەندین
سنووری وڵاتانم بە پیادە بریوە لە کوردستانی عێراقەوە بۆ ئێران و تورکیاو
یۆنان و ئیتالیا و فرەنسا تا گەیشتووم بە ئەڵمانیا، ڕێگاو سەفەرێکی سەختم
بریوە، کە هاتوومەتە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرێتیم کرد، بە چەند ڕۆژێک
داواکەم قبوڵکرا...هتد.
)