680 کوردستان

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: زیاتر لە ١٠ ملیار دینار بۆ ڕێگاوبانەکانی کۆیە تەرخانکراوە

05:03 - 18/10/2020

  "زەمەن" 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی رێگای کۆیە-کەلکەسماقی بەسەرکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە  ١٠ ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوە و تەواوکردنی ڕێگاوبانەکانی سنوری کۆیە تەرخانکراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای کۆیە-کەلکەسماق و ژمارەیەک لە پڕۆژەکانی سنورەکەی بەسەرکردەوە.

لەمیانی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکاندا، کە قائیمقامی کۆیە و بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی ھەولێر و بەڕێوەبەری رێگاوبانی کۆیە یاوەرییان دەکرد، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ ھاتین بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکان لە سنوری کۆیە، ئەوەش لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ھاوڵاتیان لەلایەن حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە کۆمەڵێک بڕگە لەخۆدەگرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە ١٣ پێگە و شوێن کە قیرتاو و تێکەڵەرێژکردن دەکرێن و بڕی زیاتر لە ١٠ ملیار دیناری لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بۆ خەرجدەکرێت، بەمەبەستی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی سنورەکە.

لای خۆشیەوە یوسف حەسەن، قائیمقامی کۆیە سوپاس و ستایشی ھەوڵەکانی دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح و کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی کرد بۆ خزمەتکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان لە سنورەکە و جەختی کردەوە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەم کابینەیەی حکومەت، ھاوکاری باشی سنورەکەی کردەوەو کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ ئەنجامدراون.

پرۆژەکە ئەم بڕگانە لەخۆدەگرێت:

-چاککردنەوەی رێگای تەق تەق
-چاککردنەوەی رێگای لۆفەکانی کەلکەسماق
-چاککردنەوەی رێگای سێگردکان
-قیرتاوکردنی رێگای گوندی قۆریتان
-قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی کڵێسا و بۆگد و تێکەڵەرێژکردنی چەند رێگایەک و کۆمەڵێک پڕۆژەی تر
-رێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەکان نزیکەی ٥٠٪‏و پێش وەرزی سەختی زستان تەواودەکرێن

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن