کوردستان

مه‌لا به‌ختیار هێرشی نوێ ده‌كاته‌ سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا

09:00 - 26/09/2020 3409 جار خوێندراوەتەوە

"زه‌مه‌ن"
مه‌لا به‌ختیار له‌ نوسینێكدا داوای لێبوردن له‌ بنه‌ماڵه‌ی (شه‌هید حه‌مه‌ ره‌ش) ده‌كات و هێرشی نوێش ده‌كاته‌ سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر مه‌لا به‌ختیار له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا داوای لێبوردن له‌ زانیاریه‌كانی به‌شێك له‌ كتێبه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ سه‌باره‌ت به‌ "شه‌هید حه‌مه‌ ره‌ش" خستویه‌تیه‌ روو ده‌ڵێت "لە نامەیەكی دەستنوسمدا، لەوەڵامی نامەیەكی هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش دا، باسی شەهید (حەمە رەش) هاتووە، كە دەستی لە شەهیدكردنی شەهیدان شاسوار و فەرید بوبێ‌".

ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ی مه‌لا به‌ختیار له‌ به‌رامبه‌ر نوسینێكی توندی ره‌خنه‌یی (مامۆستا جه‌لال شێخ كه‌ریم)ه‌ كه‌ دوێنێ هه‌ینی 25ی ئه‌یلول بڵاویكرده‌وه‌.

مه‌لا به‌ختیار له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ" من ئاواتم دەخواست مامۆستا جەلالی شێخ كەریم، چاوەڕوانی بكردایە، هەتا خۆم ئەو هەڵەیەم.. بۆ كێلەكەی شەهید حەمە رەش، راست دەكردەوە".

هه‌روه‌ها مه‌لا به‌ختیار له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌یدا جارێكیتر هێرش بۆسه‌ر كه‌سایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێ" نەوشیروان خۆی دەڵێ‌: ساڵی 1982 بە (عاطفه) بڕیاری شەڕكردنی ئێرانماندا. كەچی چوار ساڵ دوای ئەوە، پاسدار دەباتە سەر كەركوك و یەكێتی دەكاتە بەشێكی هاوكێشەی جەنگی عیراق – ئێران، لێكەوتە كارەساتبارەكانیشی دوای ئەوە دەركەوتن!!.


ده‌قی نوسینه‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیار:

دەربارەی شەهید حەمە رەش
لە بەڵگەنامەكانی (لە بری بیرەوەری)دا
مەلا بەختیار

لە نامەیەكی دەستنوسمدا، لەوەڵامی نامەیەكی هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش دا، باسی شەهید (حەمە رەش) هاتووە، كە دەستی لە شەهیدكردنی شەهیدان شاسوار و فەرید بوبێ‌..

ئەوكاتە، لە زیندان بوم.. بەنامە پێم راگەیەندراوە كە روداوەكە، بەوشێوەیە بووە. منیش بەنامە وەڵامم داوەتەوە، دیارە وەكو هەواڵ بۆ من دڵتەزێن دەبێ‌، باشترین هاوڕێكانم لەسەر دەستی دۆستێكم بەغەدر شەهید بكرێن. بەڵام لە هەمان نامەدا، گومانم هەیە (حەمە رەش) كاری وای كردبێ‌. بۆیە لە كۆتایی نامەكەدا دەنوسم:

"تكام وایە هەتا دەتوانن لە وردو درشتی رووداوەكە بكۆڵنەوە، بچنە بنج و بنەوانی، هەمە لایەنە بێزانن، كە لە هەموو راستیەك دڵنیا بوون، بێگومان لەبەر من نەك نابێ‌ بەیان بڵاونەكەنەوە: بەڵكو دەبێ‌ چیتان پێدەكرێ‌ بیكەن. بەڵام تەنها تكام هێندەیە، پەلە نەكەن، جنێو مەدەن، بەهێمنی بكۆڵنەوە و بنووسن. لەم لاولا هیچ قسەیەك مەكەن. قسەی بێجێ‌ سەرئەنجامی نابەجێی دەبێ‌".

ئەم دەقە، گومانی تیا ناهێڵێ‌ كە من بەرەهایی باوەڕم بەو هەواڵە نەكردووە. دوای ئازادیشم، هەر تاقیبی روداوەكەم كردووە. بێگومان چیرۆكی جیاواز هەیە، بەڵام (شەهید حەمە رەش) لەو تاوانەدا نەبووە. پەرێزی كەسانی تر ئاسان نییە پاك بكرێتەوە. لەم بارەوە، نامەكە كە هی كاتی خۆیەتی و لەناو زینداندا نوسراوە، مناڵ و كەسوكاری شەهید حەمە رەشی ئازار داوە، حەقیشیانە. داوای لێبوردنیان لێدەكەم. بەڵام بەدڵنیاییەوە، ئەوەی ویژدانی هەبێ‌، دەزانێ‌ لەپێشەكی كتێبەكەی شەهید داو لە مەراسیمی دابەشكردنی كتێبەكەشدا (گەرمیانیەكی گڕگرتوو)، چیم لەسەر (حەمە رەش) وتووە، ئەوەی وتومە.. باوەڕی منە.. نەك چی لە نامەكەدا، لە دۆخێكی دژواردا، لە وەڵامی زانیاری دا كە بۆم نێردراوە، نوسیبێتم.

ئایە، من لە كتێبەكەمدا، ویستومە، مێژووی یەكێتی ناشرین بكەم؟ ئایە تەنها رەخنەم لە ناشرینیەكانی مێژووی یەكێتی گرتووە؟ وا دیارە باش دیقەت لە تان و پۆی كتێبەكە نەدراوە. بۆ رەخنەش، ئاماژەم بە چەندین نوسین و بەڵگە كردووە، كە لە من زیاتر رەخنەیان لە رەفتارە نابەجێكانی سەردەمی شۆڕش گرتووە. بۆ نموونە، با بزانین سەركردەیەكی دوای ئەنفال چی وتووە:
"دوێنێ‌ ئەوكاتەی دەسەڵاتدار بووین، بەڵام نەبووبووین بەدەوڵەت كەچی بەهەموو شێوەیەك جوتیاران و هەژارانمان چەوساندۆتەوە جۆرەها فڕوفێڵمان لێكردوون، درۆمان لەگەڵ كردوون. بەقسەی لوس و زمانی درێژ قەل و مریشك و گیسك و بەرخمان پێ‌ سەر بڕیون، بەناهەق لە كارو كاسبیمان كردوون، سوكایەتیمان پێ‌ كردوون، چاومان بڕیبووە ناموسیان"
ئەوە قسەی عەلی بچكۆلە رێك (30) ساڵ لەمەوبەر لەسەر رەفتارە خراپەكانی شۆڕش لە رۆژنامەی رەسمی "بەرەی كوردستانی" نوسیویەتی و لە لاپەڕە (320)ی كتێبەكەیدا (سەختە رێ‌ لە چەمی رێزانەوە تا ترۆپك) بڵاوكراوەتەوە.

نەوشیروان خۆی دەڵێ‌: ساڵی 1982 بە (عاطفه) بڕیاری شەڕكردنی ئێرانماندا. كەچی چوار ساڵ دوای ئەوە، پاسدار دەباتە سەر كەركوك و یەكێتی دەكاتە بەشێكی هاوكێشەی جەنگی عیراق – ئێران، لێكەوتە كارەساتبارەكانیشی دوای ئەوە دەركەوتن!!
شەڕی قرناقاو پشت ئاشان و كوشتنی دیلەكان، دەیان پارتی شیوعی جیهانی و سۆسیالیستی و عیراقی، لەسەریان نوسی. بەچی دادەپۆشرێ‌؟
فەرەیدون عەبدولقادر (5) ساڵ پێش كتێبەكەی بەندە، دەڵێ‌: پەڵەی چڵكنمان خستە ناو چاوەڕوانمان و رێگەماندا، تاكڕەوێتی و دیكتاتۆریەت سەرهەڵبدات (بڕوانە: ل 511 – هەڵۆ سورەكانی قەندیل – فەرەیدون عەبدولقادر). دەپرسم.. پەڵە چڵكنەكە هی چییەو كێ‌ بوو دیكتاتۆرەكە؟

نوسەری (چەپكێك لە مێژوی كۆمەڵە) لەسەر شەڕی بێتواتە دەنوسێ‌: بۆ یەكەمجار بوو پێشمەرگەی یەكێتی پەلاماری رەبایا یان جاش بدا و تەسلیمبوەكان كە دەستیان بەرزكردبێتەوە واتە دیل، بیان كوژن، بەڕاستی لە گوندی (نێوە) كە كەوتبوە قۆڵی یەكەمی شەڕەكە (شەوكەتی حاجی موشیر) فەرماندەیی دەكرد، قەسابخانەیان دانا، شەڕكەر و ناشاڕكەر و خۆڕاگرو خۆتەسلیم كەریان بەیەكەوە كوشت تەنیا لەو دێیە (40) چەكداری تیا كوژرا. (برایم جەلال. چەپكێك لە مێژووی كۆمەڵە. چاپخانەی چوارچرا. چاپی یەكەم-2011. ل(397-398))، چل مرۆڤ لە دێیەكدا بەدیلی بكوژرێن. هەندێكیان ئەندامی یەكێتیش بون. ئەمە من نەموتووە، تەكەتولی نەوشیروان وتویانە.

مام جەلال، لەسێهەمین پلنیۆمی كۆمەڵە دەڵێ‌: من لەشكری رزگاریم نییە. بەڵكو لەشكری هۆلاكۆم هەیە.. كەسیان نابوێرم. مام جەلال سكرتێری یەكێتی بوو، وا بڵێ‌.. ئیتر من كوێی شۆڕشم ناشرین كردووە؟

ئەوانەی دەنوسن گوایە، مێژووی یەكێتی ناشرین دەكرێ‌.. هەرگیز لە كتێبەكەدا لەوە زیاترمان نەوتوە، كە پێشتر لە مام جەلالەوە هەتا نەوشیروان، باقی بەرپرسەكان، لەسەر ناشرینیەكانی شۆڕشیان نوسیووە.

هەڵسەنگاندنی روداوەكان و رەخنەلێگرتنیان، مێژوو ناشرین ناكەن – بەڵكو داپۆشینی ناشرینیەكان، هەم مێژوو ناشرین دەكەن و هەم بۆ درێژەپێدانی تاوان لەم رۆژگارەشدا.. خراپە.

ئەوەی رابوردومانی خستە ژێر پرسیارەوە، تاوان و تاڵانییە.. رەفتاری نەشیاوە.. كە سەدان بەڵگەیان لەسەر هەیە.

نەبونی سزاش لە شۆڕشدا.. وایان كرد، ئەو خووە نەگریسە بگوازرێتەوە بۆ شار و حوكمڕانی.. سەرەنجامەكەشیمان لە تاڵانی حوكمڕانی بەرەی كوردستانیەوە هەتا ئێستا بینی.. گەندەڵی و نەفرەتی جەماوەرە لە حكومەت و حیزبەكان.

ئەم گەندەڵییە و نەبونی سزا، بەدڵنیاییەوە، مەترسیدارتین روداون كە رابوردومان و ئێستاو ئایندەشمانی خستۆتە بەردەم مەترسیەكی گەورەوە.

نە بەرگری كوێرانە لە رابوردوو، رابوردومان پاك دەكاتەوە، نە داپۆشینی گەندەڵی ئێستاش، لە روداوی نەخوازراوی ئایندە دەمانپارێزێ‌.

سەبارەت بەوەی ئاڵای شۆڕش بۆ لەگەڵ یەكێتیدا یەكمان گرتەوە.. لە كتێبەكەدا، وەڵامی ئەم پرسیارەشم داوەتەوە. هەڵوێستەكانیشم لە چارەكە سەدەی رابوردوودا، بۆ دژایەتی گەندەڵی و داوای دادپەروەری.. دەیسەلمێنن لەسەر چ بنەمایەك، یەكمان گرتۆتەوە. ئێستاش بۆ هەڵوێستم هەیە!!

من ئاواتم دەخواست مامۆستا جەلالی شێخ كەریم، چاوەڕوانی بكردایە، هەتا خۆم ئەو هەڵەیەم.. بۆ كێلەكەی شەهید حەمە رەش، راست دەكردەوە. بەڵام، كە بەپێویستیشی زانیوە بنوسێ‌، هەقبوو وەكو ئاكۆ وەهبی، گۆڕانخواز و خزمی نەوشیروان مستەفا وتاری بنوسیایە.

لەگەڵ ئاكۆدا رۆژێك چایەكیشم نەخواردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ شەهید حەمە رەش و مامۆستا جەلال و ئەكرەمی برای و كەسوكاری، پەیوەندیەكی دێرینم هەیە. بەتایبەتی لەگەڵ شەهید حەمە رەش.. با سەرگوزشتەی من و حەمە رەش و ئەكرەم لەڕووی سیاسی و هەڵوێستەوە، بۆ هەلێكی تر هەڵبگرم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement