عێراق.. ئەو کەسانەی یەکەمجار ڤاکیسنی کۆرۆنا وەردەگرن ئاشکراکران
02:08 - 23/09/2020
"زەمەن"
وەزارەتى تەندروستیی عێراق
رایگەیاند، لەکاتی بەردەسبوون و هاوردەکردنی ڤاکسینی کۆرۆنادا، یەکەمجار دەدرێت
بەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و مەترسیان لەسەرە.
ریاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەرى
گشتى وەزارەتى تەندروستى عێراق بە میدیاکانی راگەیاندووە، وەکو عێراق، لە ریزی
ئەو وڵاتانەدایە کە ڤاکسینی کۆرۆنا دەکڕن و هەرکات بەردەست بێت هاوردەی دەکەن.
روونیشیکردووەتەوە، لە
بەشی یەکەمی هاوردەکردنی ڤاکسیندا بەشی هەشت ملیۆن کەس هاوردە دەکەن و یەکەمجار
دەدرێت بەو کەسانەی مەترسیان لەسەرە و نەخۆشی درێژخایەن و هەیە، لەگەڵ هێزە
ئەمنییەکان و ئەوانەی کێشەی تەندروستییان هەیە.
پێشتر، غایب عەمیرى ئەندامى
لیژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لە هاوردەکردنى ڤاکسین لە چینەوە یەکەم
وڵات دەبن و چاوەڕێن بە فەرمی ڤاکسینەکە لەلایەن رێکخراوى تەندروستى جیهانیەوە پەسەند بکرێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە،
بەشى یەکەمى ڤاکسینەکە بەشى ٢٠%ی دانیشتوانى عێراق دەکات، کە دەکاتە هەشت ملیۆن کەس
و مافى لە پێشینەش بۆ کارمەندانى تەندروستى و هێزە ئەمنییەکان و نەخۆشەکان و ئەو کەسانەى
تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ یان زیاترە دەبێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، چەندین
وڵات لە هەوڵى بەرهەمهێنانى ڤاکسینى کۆرۆنان و هەندێکیان لە قۆناغەکانى کۆتاییدان،
بەڵام تا ئێستا هیچیان لەلایەن رێکخراوى تەندروستى جیهانیەوە پەسەندنەکراون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی
تەندوستیی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٢٧ هەزار حاڵەتی توشبوون لە عێراقدا تۆمارکراوە
و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٢٦ هەزاریان چاکبوونەتەوە و زیاتر لە هەشت هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان
بە کۆرۆناش تۆمارکراوە.