کوردستان

لێدوانی وتەبێژی پارتی لەسەر دۆخی ئێستا و پەیوەندی پارتی و یەکێتی

01:28 - 23/09/2020 272 جار خوێندراوەتەوە

  "زەمەن" 

مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، بۆ کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، چاوەڕێی وەڵامی یەکێتین و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندییان بەو حزبەوە کردووە.

-چەند جارێك باس لەكۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی كرا، بەڵام نەكرا بۆچی؟ ئایا بەرنامەیەك هەیە لەم زووانە كۆببنەوە؟

  مەحمود محەمەد: لە دوای ئەو ساردییەی كە كەوتە نێوان پارتی و یەكێتی، هەوڵەكانی تر كە لە ئارادابوون لە نێوانی هەردوولا یەكتربینن بوو، دواتر كۆبوونەوەیەكی فەرمی لە نێوان پارتی و یەكێتی ئەنجامدرا، لە كۆبوونەوەكەش بەیانێكی فەرمی ڕاگەیێندرا، لە مەحزەری كۆبوونەوەكە، كە ئیمزا كرا، كۆمەڵێك خاڵمان جێگر كردووە، هەردوو لامان بەوە  قانع بووین كە بەیەكەوە كاركردن و لەگەڵ یەك بوون، هێز دەداتە پرۆسەی سیاسی كوردستانی لە بەغدا و لە جێگای تر، بۆیە دەبێت ئەو بۆچوونە جیاوازانەی كە هەمانە  لێك جیابكرێنەوە، لە كوێ هاوبەشین لە كوێش هاوبەش نین كار بكەین، لەسەر جیاوازییەكانیش گفتۆگۆی زیاتر بكەین. بە تەئكید ئێمە جیاوازیمان هەیە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جیاوازیەكەش ئەوەیە، ئێمە حزبێكین  ئەوانیش حزبێكی ترن، ئێمە ئەوە دەزانین، كە حزب دروست دەبن بۆ حكومڕانی كردن پێشبڕكێ دەكەن، بەڵام پێشبڕكێ كردنەكە دەبێت لەسەر بنەمای پرۆژەی ئابووری، سیاسی  و كۆمەڵایەتی باش بێت، كە چۆن خزمەتی ئەم وڵاتە دەكەین.

-جێبەجێ كردنی خاڵەكانی كۆبوونەوەی دوكان

لە بارەی كۆبوونەوەی دوكان و جێبەجێ كردنی خاڵەكانی نێو كۆبونەوەكە ڕایگەیاند: لەكۆبوونەوەی دوكان، كە هەردوولا لەسەر كۆمەڵێك خاڵ ڕێكەوتووین، بەشێك لەم خاڵانە جێ بەجێ كراوە، بەشێكی تریشی ماوەتەوە، لەوەی كە جێبەجێ كرا، یەكێك لەوانە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەیەكەوە دابنیشێت بەپێی ڕێكەوتنی سیاسی كە لە نێوان هەردوو لامان هەیە. خاڵێكی زۆر هەیە لە نێوانمان بەیەكەوە دابنیشین و بەرنامە دابنێین، بۆ ئەوەی جیاوازی لە نێوان هەردوولا زۆر نەبێت، سەرۆكایەتی پەرلەمان هەوڵ بدەن هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر بكەن، بۆ ئەوەی كە كارەكان بە باشتر بەڕێوە بچێن، ئەم كۆبوونەوەیە لە نێوان هەردوولا ئەنجام دراوە، بۆ هەردوو مەكتەبی سیاسی  وێنەیان لە كۆنووسی كۆبونەوەكە  ناردراوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە كە لەسەر ئەم خاڵانە ڕێكەوتووین. خاڵێكی تری كۆبونەوەی دوكان، كە بڕیاری لەسەر درابوو، ئەوەبوو كە دەزگای هەڵبژاردنی هەردوولامان لە بارەی هەڵبژاردنی پێش وەختەو ئەو كێشەی لە یاسای هەڵبژاردن هەیە كۆبوونەوە بكەن. هەردوولا هەوڵ بدەن یەك هەڵوێست بن، لەگەڵ لایەنەكانی تری كوردستانیش هاوهەڵوێست بن، خۆشبەختانە ئەوەش جێ بەجێ كراو هەردوولا بە یەكەوە سەردانی بەغدایان كرد. خاڵێكی تر كە لە كۆبوونەوەكە بڕیاری لەسەر درا، ئەویش ئەو گرژییەی كە هەیە لە ڕاگەیاندن كۆتایی پێ بێنین یان كەمی بكەینەوە،  ئێستاش ئەمە كەم بۆتەوە،  بە تایبەت دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی پەیامێكی بە بۆنەی جەژنەوە ئاراستەی خەڵكی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی واز لە قسەی زبر بهێندرێ، ئێمە لە مەكتەبی سیاسی بەیانێكمان بڵاوكردەوە، كە كۆتایی بەو بابەتە دەهێنین. خاڵێك ماوەتەوە كە هەردوو مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە سەرۆكایەتی هەرێم بكەن، بۆ ئەم كۆبوونەوەیە چاوەڕوانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەین، باسیشمان لەگەڵ كردوون، لە چەند ڕۆژی پێشوو پەیوەندیان پێوە كراوە، چونكە زۆر شت هەیە، كە لە كۆبونەوەكەی دوكان جێبەجێ نەكراوە، كە پێویستە لەوێ بڕِیارەكان شۆڕ بكرێتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی هەردوولا، بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی كە پێویستن چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، چاوەڕێی  ئەوەین كە یەكێتی بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیە  وەڵاممان بداتەوە.

-هاتنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كوردستان، تا چەند كاریگەریی لەسەر زیاتر لێكنزیك بوونەوەی هەولێر و بەغدا هەیە؟ ئایا زەمینەی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە؟

مەحمود محەمەد: سەردان و یەكتربینن و گفتۆگۆكردن، كارێكی زۆر باشە، بەشێكە لەخەبات، بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن لە نێو لایەنەكان دروست بێت. سەردانی مستەفا كازمی بۆ هەرێمی كوردستانیش خۆێندنەوەی بۆ كراوە، ئەو پێویستە ئەجنداێكی تایبەتی بۆ ئیدارەی ئەم وڵاتە هەبێت، چونكە خۆی ئەركێكی قورسی لەسەر شانە، ئەوەی ئێمە پێشبینمان لێكردووە لێی دەكەین، ئەو سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق بێت، بە هەموو پێكهاتەكانەوە، نەك هی تائیفەیەكی تایبەت، چونكە پێشتر لە هەندێك لە سەرۆك وەزیرانەكان، ئەوە دەخوێندرایەوە، كە خۆیان بە سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق نەدەزانی، خۆیان بەسەرۆك وەزیرانی  بە هەموو پێكهاتە و ئاینەكان نەدەزانی، بەڵكو تەعبیریان لە بیروبۆچوونی لایەنێكی دیاری كراو دەكرد. ئومێد دەكەین مستەفا كازمی لەم بیرو بۆچوونە دوور بێت، چونكە لە بارو دۆخێكی زۆر هەستیار دا ئەم بەرپرسیارەتیەی وەرگرتووە،  بەرپرسیارەتی زۆر گرینكی دەخاتە سەرشان، لەبارەی عێراق و دراوسێكانی و پەیوەندی لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان. چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم هەموو گیروگرفتەی كە هەیە لە دەروازە سنورییەكان كە لە دەست هەندێك چەكداری لایەنەكان دا هەبوو، هەروەها دۆخی ئەمنی ناوچەكان، لە چوارچێوەی دەستوور، كە عێراقیەكان دەنگیان بۆ داوە، دەتوانن زۆر لە كێشەكان چارەسەر بكەن، لەوانەش كێشە هەڵپەسێردراوەكانی چەندین ساڵەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، وەكو هەندێك لە سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو ئینتیقائی ماددەكانی هەڵنەبژیردرێت، پێشبینی دەكەین ئارامی بۆ عێراق دەگەڕێتەوە. لە وڵاتێكی سامانداری وەك عێراق، خەڵكی هەژار لە هەندێك لە شارەكانی عێراق گەیشتۆتە زیاتر 50%،  كە كارەساتە، ئەمەش ئەنجامی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتە. بۆیە دەبێت مستەفا كازمی، ئەمە بزانێت، دەبێت دەست بە چارەسەركردنی كێشەكان بكات.

-چ ئامادەكارییەك بۆ كۆنگرەی داهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە؟

  مەحمود محەمەد: كۆنگرەی داهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، باسی لێوە كراوە، بڕیاریشی لەسەر دراوە، چونكە كاتی هاتووە، ئێمە دواكەوتووین لە كۆنگرە، بەڵام بارودۆخی سیاسی و سەربازی تەحكومی كردووە، كە نەتوانراوە كۆنگرەكە ئەنجام بدەین. ئەگەر پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا نەبایە، ئێستا كۆنگرە كۆتاییشی پێهاتبوو، لەم دۆخەدا بەستنی كۆنگرە كارێكی ئاسان نیە، بەڵام ئێستاش ئەو لێژنەی كە دامەزراوە بۆ دراسەكردنی كۆنگرە، ئەو بابەتانەی چ لە پەیڕەو پرۆگرام، دراسەی ئەو بابەتانە دەكرێت، ئامادەكارییەكان بەردەوامن، كەی ئەم پەتایە ڕێگەی پێداین، ئەو كات بە دڵنیایەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی خۆی ئەنجام دەدات.

-هەندێ جار دەنگوباسی گۆڕانكاریی ناو پارتی گەرم دەبێت، لە یەك دوو ساڵی ڕابردوو هەندێ دەموچاوی نوێ ئەركی ئۆرگانەكانیان پێ سپێردرا، ئایا ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت؟

مەحمود محەمەد: پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەر كۆنگرەیەك هەندێك گۆڕانكاری دەكات، لە دوای كۆنگرەش بە هەمان شێوە گۆڕانكاری دەكات، بە بەردەوامیش لەگەڵ پێویستی شوێنی جوگرافیای لقەكان و ناوچەكان گۆڕانكاریی كردووە، ئەو بەرنامەیە هەبووە، كەی پێویست بێت گۆڕانكاری ئەنجام دەدرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement