560 دیمانە

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك: ئێمه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌

03:56 - 22/09/2020


فەهیم عەبدوڵا، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆک، دەڵێت لەو کاتەوەى یەکگرتوو بووەتە ئۆپۆزسیۆن مشتومڕ لەسەر پرسى حکومەتى خۆجێى دهۆک هەیە وناكرێ له‌ حكومه‌تی خۆجێی دهۆك بیت و پێشره‌وی خۆپیشاندانیش بكه‌یت.


سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆک نەیشاردەوە ئیمزاى پەرلەمانتارەکانى یەکگرتوو بۆ پرساندنى سەرۆکى حکومەت وایکردووە رێککەوتنەکەیان هەڵبوەشێننەوە.
فەهیم عەبدوڵا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "زەمەن"پێیوایە یەکگرتووەکانى بادینان باجى توندى یەکگرتووەکانى سلێمانى دەدەن و دەڵێت پێیانناخۆشە گەیشتوونەتە ئەم ئاستە چونکە هەماهەنگى باش لە نێوانیاندا هەبووە.

زەمەن: ئەوەى روویدا چى بوو، دەرکردنى یەکگرتوو بوو یان هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنى نێوانتان بۆ گەیشتن بەم دۆخە؟

 

 فەهیم عەبدوڵا: ئەم مشتومڕە دەمێکە لە ئارادایە، چوار ساڵ زیاترە رێککەوتنێکى سیاسى ستراتیژمان لەگەڵ برادەرانى یەکگرتوو هەیە، پێکەوە حکومەتى خۆجێى دهۆکمان پێکهێنا و رێککەوتنەکە زۆر بە باشى جێبەجێکرا و ئەوپەڕى هەماهەنگى لە نێوانماندا هەبوو.

پاش پێکهاتنى کابینەى نۆیەم برادەرانى یەکگرتوو سەنگەرى ئۆپۆزسیۆنیان کرد، ئەگەریش پێیەکت لەناو ئۆپۆزسیۆن و پێیەکیشت لەناو دەسەڵات بێت بتەوێت یان نا تووشى لێکدژى دەبیت، لێشت ناشارمەوە پاشى هەڵویستى پەرلەمانتارانى یەکگرتوو بۆ پرسى پرساندنى سەرۆکى حکومەت ئێمەش هەڵویستمان وەرگرت و ئەو رێککەوتنەمان هەڵوەشاندوە.

زەمەن: زیاتر لە ساڵێکە یەکگرتوو ئۆپۆزسیۆنە بۆچى ئەو کاتە ئەم بڕیارەتان نەدا؟

فەهیم عەبدوڵا: جا سیاسەت واناکرێت، بەڵام بە درێژایى ئەم ساڵە مشتوموڕ لەسەر ئەمە هەبووە، چونکە ناکرێت تۆ لە حکومەتى خۆجێى بیت و سەرپەرشتى خۆپیشاندانەکان بکەیت، هەندێک شت هەبوون، بەڵام ئیمزاى پەرلەمانتارەکانیان وایکرد بگەینە خاڵى کۆتایى.

زەمەن: حکومەتێکى خۆجێى پرسێکى خزمەتگوزارییە و دەکرا تێکەڵى پرسە سیاسیەکان نەکرێت؟

فەهیم عەبدوڵا: جا من لە هەولێر ئۆپۆزسیۆن بم و هەموو شتێک بە حکومەت بڵێم و لە حکومەتى خۆجێیش بم نابێت.

زەمەن: ئەو بەڕێزانە تا کەى لە پۆستەکانیان بەردەوام دەبن؟

فەهیم عەبدوڵا: هەرچى زووترە ئەوە یەکلادەکەینەوە و ئەوانیش حەز دەکەن زوو کۆتایى بێت، لێتناشارمەوە بەراستى ئەم بڕیارەمان پێناخۆشە، بەڵام ئەو توندییەى برادەرانى سلێمانى شەڕ فرۆشتنە بە برادەرانى یەکگرتوو لە دهۆک، زۆریان پێخۆشە کە ئێستا برادەرانى یەکگرتوو لە ئیدارەى خۆجێى دهۆک نەماون.

زەمەن: دەتەوێت بڵێیت ئەوان باجى هەڵوێستى ئەوان دەدەن؟

 
فەهیم عەبدوڵا: بە تەئکید وایە، ئەگینا ئێمە یەک دونیا ئیحترام لە نێوانماندا هەبوو، برادەرانى سلێمانى نەزرەی زۆر خراپیان لەسەر بادینان هەیە، خۆزگە رۆژنامەنوسانى وەکو جەنابت بێن مەیدانى سەیرى رەوشەکە بکەن.

ئێمە بەو ١٩ پۆستە نە کەم دەکەین نە زیاد، زۆر لە برادەرانى یەکگرتوو رازى بووین و خزمەتى خەڵکى تێدا بوو، ئێستا رەنگە تەشەنوجات دروست بێت و ئەو رۆحیەتى هەماهەنگییە بگۆڕدرێت بۆ سەنگەر لە یەکتر گرتن ئاخر تێر نەبوین لەمە.

 

زەمەن: بەڵام لە بادینان فشارى سیاسى زۆرە و چالاکوان و خۆپیشاندەران دەستگیر دەکرێن؟

 

فەهیم عەبدوڵا: تەحەدا دەکەم ئێوە لە سلێمانین بتوانن یەک قسە بە شێخ لاهور بڵێن.

زەمەن: رەخنەمان لەسەر هەموو کەس و لایەنێک هەبووە؟

 
فەهیم عەبدوڵا: ئەزانى چۆنە لە سلێمانى قسە بە پارتى و رەمزەکانى پارتى دەوترێت کە ئێمە پۆستمان لەوێ نیە و دەتانەوێت ئێرەش تێکبدەن، لەوێ تیرۆر و گەندەڵى زۆرتر هەیە، سێکوچکەیەکى حکومڕانى هەیە لەنێوان پارتى_گۆڕان_ یەکێتى، بنکەى جەماوەرى گۆڕان و یەکێتى لە سلێمانیە، خۆ ئێمە دەسەڵات نین بۆ خۆپیشاندان دژى ئەوان ناکەن.

زەمەن: من رۆژنامەنوسم ناچمە خۆپیشاندان ئەگەر بچم بۆ رووماڵکردن دەچم؟

 
فەهیم عەبدوڵا: ئەوە ئازایەتى نیە لەوێ جنێو بە پارتى و حاشا بە ماڵى بارزان بدەیت، ئەگەر ئەو هەموو نوسەر و رۆشنبیرە پیاون با دوو رەخنەى توند لە ئیدارەى سلێمانى بگرن، لە دکتۆر هەڤاڵ و دەگرن چونکە گۆڕانە، لە بەڕێوەبەرێکى گشتى یەکگرتوو دەگرن، بەڵام با رەخنە لەوانە بگرن کە دەسەڵاتیان بەدەستە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن