بەرپرسی لقی كەركوكی پارتی: پارتی حسابی بۆ وڵاتانی ئیقلیمی نەكرد و ڕیفراندۆمی كرد
11:29 - 21/09/2020
"زەمەن"
بەرپرسی لقی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر پارتی لە ژێر فشاری دەوڵەتانی هەرێمایەتی بووایە، ریفراندۆمی نەدەكرد، سەلماندی ناكەوێتە ژێر فشارەوە.
محەمەد خورشید بەرپرسی لقی كەركوكی پارتی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند، "مەسەلەی ڕێككەوتن و گەڕانەوەمان بۆ كەركوك، تەنها پەیوەندی بە پارتی و حكومەتی ئیتیحادیەوە هەیە، كەركوك داگیركراوە، بۆیە ناگەڕێینەوە، خۆ ئەگەر پارتی لە ژێر فشاری دەوڵەتانی هەرێمایەتی بووایە، ریفراندۆمی نەدەكرد، سەلماندی ناكەوێتە ژێر فشارەوە، توركیا ئەوەی توانی بەرامبەر پارتی كردی".
ئاماژەی بەوەشكردووە، "بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق چەند هەنگاوێكیان بڕیووە، گرفت جێبەجێ نەكردنی هەندێك لە بڕیارەكانە."
لەبەرامبەر ئەو رەخنانەی لە پارتی دەگیرێت سەبارەت بە جێهێشتنی خەڵكی كەركوك بەپرسی لقی پارتی لە كەركوك دەڵێت، "پارتی خەڵكی جێنەهێشتووەو پارتی بەتوندترین شێوە بەرگری دەكات لەو خەڵكە، كەركوك داگیركراوە، جگە لەوەی داگیركراوە، بارەگاكانمان داگیركراوە، پارتی بگەڕێتەوە بچێتە كوێ، نەهێڵن بچێتە نێو بارەگای خۆی، نەهڵێن بە ئازادی هاتووچۆ بكات، نەهێڵن بەئازادی كاری سیاسی بكات، نەهێڵن پارێزگار و قایمقام بگەڕێنەوە، گەڕانەوە چی مانایەكی هەیە".