کوردستان

نوێترین زانیاریی لەسەر دابەشكردنی موچە

04:18 - 04/09/2020 4482 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

سەرۆكی لیژنەی دارای و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بۆ ئەم مانگەش حكومەت بە لێبڕینی ٢١٪ و هەمان میكانیزمی دوو مانگی پێشوو موچە دابەشدەکات و تاوەکو ئێستا کاتی دابەشکردنی موچە دیاری نەکراوە.

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارای و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان بە"زەمەن"ی راگەیاند، "ئەو لێبڕینەی لە موچەی دوو مانگی پێشوودا كراوە نایاساین، حكومەت پشتی بە هیچ دەقێكی یاسایی نەبەستووە و پەرلەمانیش ئەو لێبڕینەی تەسدیق نەكردوە و رەزامەندی پەرلەمانی لەسەر نەبووە".

رونیشیكردەوە، "حكومەت لەیەكەم رۆژەوە ئەوەی وتووە بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستی دایە موچە دابەشدەكات، ئینجا تائێستا لامان رون نیە ئەو لێبڕینەی لە دوو موچەی پێشو كراوە قەرزە لای حكومەت یان ناگەڕێنرێتەوە بۆ موچەخۆران."

ئاماژەی بەوەشكرد، "تاوەكو ئێستا هیچ قسەیەكی رەسمی وەزارەتی دارای یان ئەنجومەنی وەزیران نیە لەسەر ئەوەی ئایا موچە بە لێبڕین دابەشدەكرێت یان بەبێ لێبڕین، بەڵام ئەوەی زیانیاریم هەیە بۆ ئەم مانگە حكومەت بە هەمان میكانیزمی دوو مانگی پێشوو موچە دەدات."

ناوبراو كە لە هەمانكاتدا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیە لە پەرلەمانی كوردستان وتی، "دوخاڵی بنەڕەتی هەیە حكومەت كاری لەسەر نەكات موچە بەمشێوە لێبڕینە ناكرێت بەردەوام بێت، یەكەم چاكسازیی راستەقینەیە لەسەرچاوەكانی داهات و نەوت، بە تایبەت كۆمپانیاكانی بواری نەت كە ٨٢٢ كۆمپانیا لە بواری نەوت دا لە هەرێمی كوردستاندا ئیشدەكەن و پارەیەكی زۆر بەهەدەر دەدرێت، لایەنی دووەم كە خاڵە سنورییەكان و چاكسازیە لە خاڵە سنورییەكاندا.

سەبارەت بە كاتی دابەشكردنی موچەی مانگی چواری ئەمساڵ، سەرۆكی لیژنەی دارای و ئابوری وتی، پێم وانیە حكومەت خۆیشی بزانێت لەكەیدا دەست بە دابەشكردنی موچە دەكات.

ئەو قسانەی سەرۆكی لیژنەی دارای و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان لە کاتێکدایە، عەلی حەمە ساڵح  په‌ڕله‌مانتاری فراكسیۆنی  بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خولی پایزه‌ی په‌رله‌مان له‌ وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند، به‌و رێگایانەی داهات کە کۆدەکرێتەوه‌، بەو پێیەی هیچ رێکارێک نییه‌ له‌ ئه‌نجامدانی چاكسازی راسته‌قینه‌ بۆ خاڵە سنورییەکان و فرۆشتنی نەوت هەر وەک خۆیەتی، بۆیە داهاتیش هەر وەک مانگەکانی ڕابردوو دەبێت و دڵنیام لێبڕینی موچە بەردەوام دەبێت و با خه‌ڵكیش ئه‌وه‌ بزانێت و لێی نه‌شاردرێته‌وه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement