کەلتور

کە "نیشتیمان" دەبێتە حەبێکی پاراسیتامۆڵی ماوەبەسەرچوو!

11:53 - 05/07/2020 384 جار خوێندراوەتەوە

ڤینۆس فایەق

ئادەمیزادەکان درەختی خۆڕسک نین لە خۆیانەوە سەردەرکەن و باڵابکەن و سەوز بن و بەر و سێبەر ببەخشن، ئادەمیزادەکان تەنها بوونەوەرێک نین وەکوو باقی ئاژەڵەکانیتر پێناسەیان بکەیت، ئادەمیزاد بریتیە لە قیمەتی ئینسانی و کەرامەت و شکۆ، کە برسێتی تەنگی پێ هەڵچنی ئەمانە دەکەونە بەر مەترسی، رەنگی هەیە پەنا بۆ زۆر شتی ترسناک و ئابڕووبەر بەرێت.. شاعیر یەک لەوانە لە بێدەسەڵاتی خۆیدا پەنا بۆ نوسینی دەقێک دەبات، تەنها ئامرازی دەربڕین و شەڕکردنی شیعر و وشەیەی.. لە جیاتی ئەوەی بڵێت "خۆشم دەوێیت نیشتیمان" بۆی هەیە بڵێ: "نەفرەتت لێدەکەم نیشتیمان". تەنانەت حەوسەڵەی هۆنینەوەی شیعرێکی نابێت بە کێش و سەروا و ریتمی شیعری..


شیعر چی پێدەکرێ کە دەسەڵاتێک تەنها ئیشی ئەوەبێ هەموو جوانیەکان بکوژێت و هەرچی بەها جوانەکان هەیە لەناوبەرێت، شیعر دەسەڵاتی چی دەبێت کە نەوەیەک لە هەلومەرجێکی ژیانی سەختی وادا گەورەبوون هیچ لەبارەی نیشتیمانپەروەری و چەمکی هاونیشتیمانیبوونەوە نازانن و ئەسلەن هیچ هەستکردنێک بە ئینتیمایان تێدا دروستنەبوە لە سایەی دەسەڵاتێک کە تەنها خزمەت بە چەند کەسێکی ناو حزبەکانیان دەکات..


کۆرۆنا یەخەی هەموو مرۆڤایەتی گرتوە.. لە جێگەیەکی ئەم زەمینە ئادەمیزاد بە هەموو پێوەرەکان ئادەمیزادە و رێزی لێگیراوە و قەرەبووی هەموو زەرەر و زیانە تەندروستی و ئابووری و ئینسانیەکانی دەدرێتەوە.. لە جێگەیەکیتری هەمان ئەم زەمینە ئادەمیزاد هەن ئامادەن گڕ لە خۆیان بەردەن بەهۆی دەستەپاچەییان لە ئاست منداڵە برسیەکانیاندا، کەسانێکیتریش ئامادەن پارەچە بە پارچەی جەستەیان بفرۆشن بۆ ئەوەی کرێ خانوو بدەن و منداڵە برسیەکانیان تێرکەن، لەو کاتەی بەرپرسە حزبیەکان کە نەک ئامادە نین ببنە موویەکی سەری ماندێلا و غاندی، بەڵکوو موچەش نادەن و زۆر دڵڕەقانە ئامێرەکانی هەناسەدانیشیان بردۆتەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی کە تۆشی کۆرۆنا بوون پەکیان نەکەوێت..


ئاخر لەم هەلومەرجەدا کێ چێژ لە دێڕێک شیعر دەبینێت کە بۆ "نیشتیمان" نوسرابێت؟ هەموو دەقەکان عەشوائی و لەدایکبووی ئەو چرکەساتەن کە ئازارێک تەنگ بە گیانی شاعیرەکە هەڵدەچنێ..


لێرەدا باس لە شیعر، وەکوو کایەیەکی ئەدەبی ناکەم، بەڵکوو باس لە شیعر وەکوو پەنجەرەیک بۆ هەناسەدان و خۆبەتاڵکردنەوە دەکەم.. لەو دەمەی کە ژیان لەدەوروبەری پێناسەیەکیت هەڵگرێ لە سایەی واقیعێکی تاڵ و سەختدا کە شاعیر دەرەقەتی نەبوونی مووچە، ئاو و کارەبا هیچ خزمەتگوزاریەک نەیەت، کە رۆژ لە دوای رۆژ بەبەرچاویەوە کەرامەتی ئینسانی دادەماڵرێ ئاخر کێ ئیتر موچڕکە بە گیانیا دێت لەبەردەم ئەم دەقەی فایەق بێکەسدا کە دەڵێ:


"ئەی وەتەن مەفتونی تۆم و شیوەتم بیرکەوتەوە
وە‌ختی بە‌ندیییو ئە‌سارە‌ت، پێ بە تە‌وق ‌و کۆتە‌وە
من لە زیکرو فیکری تۆ غافڵ نە‌بووم، وا تێنە‌گە‌ی
حە‌پس و تێھە‌ڵدان‌ و زیللە‌ت تۆی لە بیر بردۆتە‌وە"
کێ بێ ئیستا سەرسام بێت بەرانبەر ئەم هەستە بێوێنەیە لەم دەقەی لەتیف هەڵمەتدا کە دەڵێ:
" ئەگەر نەخشەی هەموو جیهان تێکدەنەوە
ئەگەر زەوی وەک لۆکە شیکەنەوە
کە سنووریان کێشایەوە دووبارە
هەر دێمەوە بۆ ئەم شارە
هەر کوردستان دەکەمەوە بە نیشتمان "


ئاخر شاعیرێک کە پارەی بۆ تێرکردنی منداڵەکانی لە گیرفاندا نیە لە کوێ ئیتر دەقێکی جوانی بۆ خۆشەویستی "نیشتیمان" پێدەنوسرێت ئیتر؟ ئیر ناچار دەبێت بە شێوەیەکیتر پێناسەیەکیتر بۆ چەمکی نیشتیمان و نیشتیمانپەروەری لەناو دەقە شیعریەکانیدا داڕێژێتەوە..


"نیشتیمانپەروەری" لەمەودوا دەبێتە یادەوەریەک بۆ منداڵەکانمانی دەگێڕینەوە، چونکە تێگەیشتین ئەو کاتە ئامادەبووین دڵداری لەگەڵ "نیشتیمان"ێکدا بکەین کە خاک و خۆڵەکەیمان بەدەستەوە نەبوو، بەڵام لەدوای ئازادیەوە شکڵ و شێواز و قاڵبی "نیشتیمانپەروەری" دەگۆڕدرێت.. "نیشتیمان" و "نیشتیمانپەروەری" وای بۆ دەچم لای هیچی لەو حزبانە بوونی نەبووبێت، دەبێت سەرلەنوێ پێناسەبکرێتەوە.. "نیشتیمان" دەبێتە ئەو نانەی کە نیتە بیدەیت بە منداڵە برسیەکانت، ئەو مووچەیەی کە مامۆستای بۆ زەلیلکراوە، دەبێتە ئەو دەرمانەی کە بەرپرسەکان بازرگانی پێوە دەکەن و خراپترینی دەخەنە بازاڕەوە بۆت، دەبێتە "پاراسیتامۆڵێک"ی ماوەبەسرچوو رەنگە فریای ئازاری جەستەی شەکەتی بکەوێت، دەبێتە بلیتی عیادەیەکی پزیشک و نرخی ئەشیعەیەک و سۆنەر و "ئێم ئاڕ ئای"ەک کە نیتە بیدەیت..

 

دواجار "نیشتیمانپەروەری"یش دەبێتە ئەو نەخۆشیەی کە هەموو خانەکانی لەشت پەکدەخات و لە ئیرادەت دەخات و ئینسانیەتت لێ دادەماڵێت، ئامادەیت بە یەک تەنەکە نەوت گشتی منداڵەکانت بەبەرچاوتەوە بسوتێنی بۆ ئەوەی لە برسێتی و سواڵکردن رزگاریان بکەیت..
ئەو دەمەشی کە تەواوی میللەتێک گشتی رێگا و شێوازەکانی لەگەڵ دەسەڵاتێک تاقیکردەوە بۆ ئەوەی وەکوو ئینسان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، داخوا شیعر دەبێت چی پێبکرێت؟؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement