د.هێرش سهید سهلیم، چیرۆكی سهرهتای توشبوونی بۆ "زهمهن" دهگێڕێتهوه
05:10 - 23/06/2020
"زهمهن"
د.هێرش سەید سهلیم، دوایین زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستی خۆی و سەرەتای توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ "زهمهن" دەخاتەڕوو، هەروەها داوا لە هاوڵاتییان دەکات خۆیان بپارێزن و چەند رێنماییەکش رادەگەیەنێت.
د.هێرش سهید سهلیم، جێگری بهڕێوهبهری گشتی تهندروستی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای "زەمەن" رایگەیاند، سەرەتای توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەستی بەبێ هێزییەکی زۆر لەگەڵ نەمانی سەلیقە کردووە، لە رۆژی دواتریش هەستی بۆن و تام کردنی کەمبۆتەوەو ئشتیهای خواردنی نەماوە، لەکاتێدا عارەقی ساردی کردۆتەوەو کۆکەیەکی وشکی لەگەڵدا بووەو ناوە ناوەش سکچوون و تای هەبووە بەڵام تەنگە نەفەس نەبووە.
د.هێرش سهید سهلیم نایشارێتەوە کە سەرەتا پێیوابووە، بەهۆی ماددەی تەعقیمەوە نەخۆش کەوتبێت بەڵام دواتر دەرکەوتووە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەو دەستبەجێ دایک و برا گەورەکەی ئاگادر کردۆتەوەو لەماڵەوە خۆی کەرەنتینە کردوەو هەموو پێداویستییەکانی چارەسەر و خۆپارێزی لایە و لە ژووری تایبەتی خۆیدایە، تەنانەت شوێنی تەوالێت و خۆشتن دەشڵێت هەموو کەسێک دەتوانێت لە ماڵەکەی خۆیدا چارەسەر وەرگێت و خۆی بپارێزێت.
د.هێرش سهید سهلیم لە درێژەی قسەکانیدا روونیکردەوە، ڤایرۆسەکە بەشێوازێکی زۆر خێرا بڵاودەبێتەوەو کاریگەری دەکاتە سەر کۆئەندامی بەرگری لەش و دواتر هەموو ئەندامانی جەستە، هاوڵاتییان دەبێت خۆیان بپارێزن و ئەگەریش توشبوون، نەشڵەژێن و بەشێویەەکی هێواش مامەڵەکە لەگەڵ ڤایرۆسە و بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بەسەریدا زاڵ بن و زووتر بیپەڕێنن، جگە لەوەش خواردنی باش بخۆن و خۆیان بخەنە بەرهەتاو لەگەڵ خواردنەوەی ئاوی زۆر، بۆ ئەوەی سیستمی بەرگری لەشیان بەهێز بێت.
سەبارەت بە بەخشینی پلازمای خوێن، د.هێرش سهید سهلیم ئاماژەبەوەدەکات، لە ناو پلازمای خوێنی ئەو کەسەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبۆتەوە، ماددەی دژە تەنی ڤایرۆسەکەی تێدایە و دەکرێتە خوێنی کەسی توشبوو، بۆ ئەوەی دژایەتی ئەو ڤایرۆسە بکات و لاوازی بکات، هەروەها هەتاوەکو رێژەی دژە تەنەکە زیاتر بێت ڤایرۆسەکە زیاتر لەناو لاواز دەبێت و لەناو دەچێت.
د.هێرش سهید سهلیم لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت، کە دۆخی تەندروستی ئێستای جێگیرە و دەتوانێت وەرزش بکات و هێزی جەستەی بۆ گەڕاتەوە تەنها کەمێک کۆکە نەبێت.
سهبارهت بهو هاوسۆزییهی كه له تۆڕهكۆمهڵایهتیهكانهوه بۆ توشبوونی نیشاندرا. د.هێرش لهوهڵامدا دهڵێ؛ دۆستان و برایان و خەڵکانێکی زۆر لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەمخۆری بوون و ئەوان کێوی ورەی ئەو بوون خۆی بە قەرزاری خەڵک دەزانێت سوپاسیان دەکات.