راگەیەنراوی کەمکردنەوەی مووچە لەلایەن تیمی یەکێتییەوە لە ئەنجومەنی وەزیران نوسراوە
12:23 - 22/06/2020
«زەمەن»
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرایکرد، بڕیاری کەمکردنەوەی مووچە بۆ ئەم مانگە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ دراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دوای تەواو بوونی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لەسەرچاوەیەکی تایبەتی حکومەتەوە دەست «زەمەن» کەوتووە، بڕیاردان لە کەمکردنەوەی مووچە بۆ ئەم مانگە، بەمیکانیزمی دەست بەرزکردنەوەو دەنگدان بووەو بە کۆی دەنگی هەموو وەزیرەکان بڕیاری لەسەر دراوە.
سەرچاوە تایبەتەکەی «زەمەن» وتی: تەنانەت راگەیەنراوەکەی کۆتایی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن تیمی قانونی یەکێتی کە دەوام دەکەن لە ئەنجومەنی وەزیران نوسراوە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە (٨) نوێنەر کە بریتین لە پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پێشمەرگەو پلاندانان و رۆشنبیری و خوێندنی باڵاو کشتوکاڵ و وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغداد سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن.
بزوتنەوەی گۆڕان بە (٤) نوێنەر کە بریتین لە وەزیری دارایی و ئاوەدانکردنەوەو بازرگانی و کۆمەڵایەتی بەشداری لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە ١١ نوێنەر جگە لە وەزیرێکی مەسیحی و سۆسیالیست کە دۆستی پارتین، بەشداری لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن.
دوای راگەیاندنی کەمکردنەوەی مووچە لەلایەن حکومەتەوە، ژمارەیەک لە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی و میدیای یەکێتی یەوە دژی بڕیاری کەمکردنەوەی مووچە پێچەوانەی هەڵوێستی تیمی حکومەتیان لێدوانیان دا.