717 کەلتور

یادی پیره‌مێرد

09:38 - 19/06/2020

د.ئاراس حه‌مه‌ ساڵح
لە ڕۆژێکى وەک ئەمڕۆدا لە (١٩/٦/١٩٥٠) پیرەمێردى شاعیر کۆچى دوایی کردووەو لە گردى مامەیارە لە سلێمانى بەخاک سپێراوە.


پیرەمێرد لە دواى (٢٥) ساڵ مانەوەى لە تورکیاو بەدەستهێنانى بڕوانامە لە (ماف)دا، وەرگرتنى چەند پۆستێکى کارگێڕى لە دەوڵەتى عوسمانیدا، لە ساڵى (١٩٢٥) گەڕاوەتەوە سلێمانى.
ئەم شاعیرە هۆشیارە لە ئەستەمبوڵ تێکەڵاوى کارى ڕێکخراوەى بووە.
هەروەها کارى ڕۆژنامەنووسی کردوەو ئەزمونى وەرگرتووە.
هەربۆیە کە دەگەڕێتەوە سلێمانى هەموو ژیانى خۆى تەرخان دەکات بۆ کارى فەرهەنگى و ڕۆژنامەنووسی و خوێندەوارى.
لە (ژین) و (ژیان) و (گەلاوێژ) زۆر گۆڤارو رۆژنامەى تردا بەردەوام نوسینى هەبووە.
گرنگى زۆرى داوە بە چاپخانەو چاپ و بڵاوکردنەوە.
لە ڕێگەى شیعرەکانیەوە هەوڵى ڕیفۆرم و چاکسازى کۆمەڵایەتى و ئاینى و فەرهەنگى داوە.
دۆستى پیاوە منەوەرەکانى وەک شێخ محەمەدى خاڵ و محەمەد ئەمین زەکى بەگ و شاکر فەتاح و ئەوانى تر بووە.
دەستەى دامەزرێنەرى (ئەنجومەنى زانستى) بووە بۆ نەهێشتنى نەخوێندەوارى.
خۆى پاراستوەو لە ڕەخنەى زەق لە ناوەندە تەقلیدیەکان هەتا نەبنە بەربەست لەبەردەم پرۆژەکانیدا.
لە ڕێگەى بۆنەکانى وەک نەورۆزو مەلودنامەو ئەوانى ترەوە پەیامەکانى خۆى گەیاندووە.
بە توندى دژایەتى بەرەى چەپى کردوەو ئەوانیش بە پیاوى ئینگلیز ناوزەدیان کردووە.
پیرەمێرد یەکێکە لە پیاوە مونەوەرەکانى نیوەى یەکەمى سەدەى بیستەم، ڕۆڵى گەورەو کاراى هەبووەو لە هۆشیارى و چاکسازى و گەشەپێدانى بزاڤى رۆژنامەنووسی و ڕۆشنبیرى کوردیدا.
هەزاران دورود و ڕەحمەت بۆ گیانى پیرەمێردى گەورە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن