پارتیو یەكێتی... نە دۆست نە دوژمن
03:51 - 23/05/2020
زەمەن
پارتیو یەكێتی هەمیشە بیانوییەكیان بە دەستەوە بۆ ناكۆكیو تیرگرتن لە یەكتر، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە پەیوەندییەكانیان بە دۆخی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبنو لەگەڵ كابینەی نۆیەمو كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیش درزی نەیارییەكە گەورەتر بووە، ئەمەش هاوشان لەگەڵ "سیستەمی گەندەڵیدا" گەورەترین مەترسیە لەسەر هەرێمی كوردستان.
بیانوی ناكۆكییەكان
رووداوەكانی زینی وەرتێ لە بەهاری ئەمساڵداو وروژاندنی لامەركەزییەو دانیشتنی 7ی مانگی پەرلەمانی كوردستانو رادەستكردنەوەی 176 كەس كە بە تۆمەتی تیرۆر لە سنوری كەركوك دەستگیركرابوون لەلایەن یەكێتیەوە بە ئیدارەی كەركوك، تازەترین چوار رووداو بوون لەمساڵدا كە ئەو دوو هێزەی وەكو نەیاری یەكتر دەرخست نەك وەكو دو هاوبەش.
لە رووداوەكانی زینی وەرتێدا كە _سەر بە شارەدێی وەرتێی سەر بە پارێزگای هەولێرە_ هێزەكانی حەفتای یەكێتی تێدا جێگیرەو ناوەڕاستی مانگی 3 وابڵاوكرایەوە هێزێكی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە چووەتە شوێنەكە، بەڵام یەكێتی رایگەیاند كە هێزی پارتیەو بەوەش جارێكی تر هێزەكانی بردەوەو زینەكەو پەكەكەش هێزی جێگیر كرد.
جگە لەوەی هێزی پارتیو یەكێتی بەرامبەر یەك وەستان، لە رووە سیاسییو ئیعلامیەكەشەوە ئاگری ناكۆكییەكە گەرمتر كراو دووبارە باسی سنووری دێگەڵە كرایەوە.
لامەركەزییەتی ئیداریو دارایی كە لە كارنامەی حكومەتی هەرێمدا جێگیركراوەو خواستی زۆربەی لایەنەكانیشە لەلایەن پارتیەوە والێكدانەوەی بۆ كرا كە بۆ جیاكردنەوەی ئیدارەی سلێمانیو بە دەستی دەرەكی یەكێتی دەیەوێت قەوارەی هەرێم لەناو ببات.
ئەم پرسەش تێكەڵاوی ململانێ سیاسیەكان كراو مەكینەی ئیعلامی بۆ خرایە كار، لە كاتێكدا ئەگەر ئەم دوو هێزە بە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسە بكەن دەكرێت لامەركەزیی بچەسپێتو قەوارەو حكومەتی هەرێمیشی پێ بەهێز بكرێتو وەك داوێك لەلایەن پارتیەوە سەیری نەكرێتو یەكێتیش وەك كارتی فشار بەكاری نەهێنێت.
دانیشتنی پەرلەمان لە حەوتی ئەم مانگەدا تێپەڕاندنی بنەمای تەوافوق بوو لەلایەن پارتیەوە كە هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی لەسەر پێكهاتووە، بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان_یەكێتی_ بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی پارتیو پێكهاتەكان دانیشتنەكە كراو پارێزبەندی لە پەرلەمانتار سۆران عومەر وەرگیرایەوە.
ئەم دانیشتنە ئەگەرچی نیگەرانی لایەنە سەرەكیەكانی لێكەوتەوە لە هەمان كاتدا واخوێندنەوەی بۆ كرا كە پارتی بە تەواوەتی یەكێتی خستوەتە دەرەوەی هاوكێشە سیاسیەكانو بێ گەڕانەوە بۆ ئەو حزبە دەتوانێت هەموو ئیشێك بكات، كاردانەوەكانی ئەم دانیشتنە جگە لەوەی بووەتە هۆی پەككەوتنی پەرلەمان هاوكات شەڕی راگەیاندنی بەرپرسو ئەندامانی هەردووی بەدوای خۆیدا هێناوەو تائێستاش تۆمەتبەخشینەوە بەردەوامە.
لەمڕۆژانەدا یەكێتی لە سلێمانییەوە 176 دیلی شەڕی داعشی رادەستی ئیدارەی كەركوك كردەوە، ئەمەش بە پاساوی هێوركردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە بە دۆخێكی ناهەمواردا دەرۆنو كورد خاكو دەسەڵاتی لە دەستداوە.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رایگەیاند كە حكومەت ئاگایی لەم ئاڵوگۆڕە نەبووەو بێ گەڕانەوە بۆ حكومەت ئەم كارە كراوە، ئەم رووداوە لەلایەن پارتیەوە بە لێدان لە حكومەت لێكدانەوەی بۆ كرا، لەبەرامبەریشدا یەكێتی كارەكەی بە ئاسایی وەرگرتو بە هاوشێوەی رادەستكردنی هەزارو 400 دیلی داعشی ناوبرد بە حكومەتی عێراق لە ساڵی 2018دا، حاڵی حازر فەیسبوك پڕە لە وەڵام و وەڵامكاری بەرپرسو كادیری ئەو دوو حزبە.
یەكێتی نوێو پارتی
ئەگەرچی پارتیو یەكێتی لە ساڵی 2005ەوە رێككەوتنی ستراتیژییان لە نێواندا هەبوو، داهاتو دەسەڵاتیان لە نێوان خۆیاندا بەشكردبوو، بەڵام لە دوای ریفراندۆمو رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە پەیوەندییەكانیان ئاسایی نەبوونەتەوە.
جەوهەری كێشەكەش لەم قۆناغەدا رەنگە زیاتر پەیوەندی بەو واقیعەوە بێت كە لە ناو یەكێتیدا لە دوای كۆنگرەی چوارەمەوە هاتوەتە ئاراوەو لەلایەن پارتیەوە دانیپێدا نانرێت.
هێشتا پارتی پیرۆزبایی لە سەركردایەتیە نوێكەی یەكێتی نەكردووەو لەگەڵ ئەوەشدا یەكێك لە هاوسەرۆكانی ئەو حزبە بە هۆكاری ئاڵۆزییەكانو دژە حكومەت ناودەبرێت_تۆمەتباركرا بە هاندانی خەڵك لە خۆپیشاندانەكەی دهۆكدا لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، سەرەڕای چەندین هەوڵ بۆ دانیشتن بەتایبەت هەوڵەكانی سەرۆكو كۆمارو سەرۆكی هەرێم، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەك بۆ كۆبوونەوە لەنێوانیاندا دیارنیە، لەلای پارتی بۆچونی جیاواز هەستپێدەكرێت بەرامبەر سەركردایەتی نوێكەی یەكێتی.
ئەگەرچی پارتیو یەكێتی پەیوەندی نێوانیان سیخناخە بە ئاڵۆزیو تەنانەت شەڕو كوشتار، بەڵام توانیویانە ناكۆكییەكان تێپەڕێنن هەرچەند هیچ سەردەمێك نیە هەموو یەكێتی یان هەموو پارتی بە پەیوەندی نێوانیان رازی بێتو لەسەر پرسەكان هاوڕابن.
حكومەتو حزب
ئەگەرچی تیمی یەكێتی لە حكومەت جۆرێك لە رازی بوونی بە دۆخەكە هەیە، بەڵام ناكۆكییە سیاسیو پەرلەمانیەكان بەردەوام بن پێناچێت ئاشتیو برایەتیەكەی ناو حكومەتیش درێژە بكێشێت.
پێدەچێت بێ متمانەی هۆكاری سەرەكی ناكۆكییەكان بێت هیچ كامیان خۆی بە پارێزراو نازانێت لە دەستی هێزی ئەوی ترو یەكێتیش گومانی لە سەرجەم هەنگاوەكانی حكومەت هەیەو بە سیاسەتی پارتیان دەزانێت، رەنگە لەمەشدا پاساوی هەبێت چونكە بە وردبونەوە لە حكومەت دەردەكەوێت پارتیو حكومەت بە تەواوەتی تێكەڵاوی یەكتر بوونو جیاكردنەوەی كادیری حزبی لە حكومی ئەستەمەو لە هیچ دۆخێكیشدا نیە نە لەسەر ئاستی حزبو نە لەسەر ئاستی پەرلەمان، بەرپرسو پەرلەمانتاری پارتی رەخنەو قسەی لەسەر هەنگاوێكی حكومەت هەبێت.
داننان بە گەندەڵییدا
ئەگەر پارتیو یەكێتیدا لەسەر زۆربەی پرسەكان ناكۆكو نەیاربن ئەوا بابەتێك كۆیاندەكاتەوە كە ئەویش "گەندەڵیو خراپ ئیدارەدانی داهاتە"، وتارەكەی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم پەردەی لەسەر ئەم راستیە لاداو بەڕوونو راشكاوی ئەوەی لە رابردوودا كراوە "بە چەوتی" ناوبرد.
هەرێمی كوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزارەو سەدا 80 بودجە بۆ موچەیەو سەدا 20 دانیشتوانی هەرێم موچەخۆرن، ئەم ژمارانە مەسرور بارزانی لە وتارەكەیدا ئاماژەی پێكردن و لە پاڵ دابەزینی نرخی نەوتدا بە گەورەترین كێشەی بەردەم حكومەتەكەی زانی.
لەو كاتانەی كە نرخی نەوت بەرزبووە لە كۆی 700 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت تەنیا 300 ملیۆن دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوەو مانگی رابردووشحكومەتی هەرێم تەنیا 30 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەستكەوتووەو سەرۆك وەزیران وتیشی كە ئێستا خەزێنەی حكومەت هیچ پارەیەكی تێدا نیە.
ئەم دانپێدانانە بە بونی گەندەڵیو خراپی دۆخی دارایی، بە پلەی یەكەم حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی هەرێم لێی بەرپرسیاری یەكەمن لەگەڵ هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی كە بە تەواوەتی كۆنترۆڵی حكومەتیان كردووە.