گەندەڵی عێراق دەهاڕێت
02:57 - 13/01/2020
ئیحسان حه‌سیب
جگە لە ئاڵۆزى دۆخى سیاسى ئاڕاستەى رووداوەکان بەرەو تونێلێکى تاریک دەڕۆن، رەوشى ئابوورى و گوزەرانى خەڵکى عێراق رۆژگارى سەخت چاوەڕوانى دەکات.
بانكی نێوده‌وڵه‌تی هۆشداری ده‌دات، له‌وه‌ی له‌ساڵی 2020دا، قه‌یرانی توند‌و زۆر ئاڵۆز، رووبه‌ڕووی عێراق ده‌بێته‌وه‌و ئه‌و وڵاته به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی نادیار ده‌بات، كه دواتر ئه‌نجامی مه‌ترسیدارو چاوه‌ڕوان نه‌كراوی لێده‌كه‌وێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری زۆرینه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه له‌ساڵی 2019دا، دابه‌زینی به‌خۆوه بینیوه، به‌ڵام 9 وڵاتیان له ناوچه‌كه‌دا، كه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان هه‌یه به جه‌نگ و پێکدادانە سه‌ربازی و ململانێی سیاسیەکان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتییه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری وڵاته‌كانیان دابه‌زیوه‌و رێژه‌ی هه‌ژاری و بێكاری به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك به‌رزبونه‌ته‌وه.
له‌دوایین راپۆرتیدا، بانكی نێوده‌وڵه‌تی بڵاویكرده‌وه، تێكڕای ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا، له ساڵی 2019دا، به‌به‌راود له‌گه‌ڵ ساڵی 2018دا، به‌ڕێژه‌ی زیاتر له 120% دابه‌زیوه‌و له 1.8%وه له ساڵی 2018، داكشاوه بۆ 0.6% له‌ساڵی 2019دا.
به‌پێی راپۆرته‌كه، به‌هۆی توندبوونه‌وه‌ی زیاتری ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌و نه‌بوونی هیچ ئاسۆیه‌كی روون بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و هه‌موو كێشه‌و گرفت و قه‌یرانانه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن، بانكی نێوده‌وڵه‌تی پێشبینی ده‌كات، له ساڵی 2020دا، ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داكشانی زیاتر به‌خۆوه ببینێت و رێژه‌ی هه‌ژاری و بێكاری زیاتر به‌رزببنه‌وه‌و قه‌یرانه‌كانیش قوڵتر ببنه‌وه.
بانكی نێوده‌وڵه‌تی لەبارەى عێراقەوە دەڵێت گه‌وره‌ترین سیستمی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان به‌گشتی له‌عێراقدایه، هه‌روه‌ها ماوه‌ی چوار ده‌یه‌یه ئه‌و وڵاته، گیرۆده‌ی جه‌نگی یه‌ك له‌دوای یه‌ك بووه، هه‌ر له‌جه‌نگی عێراق و ئێران، جه‌نگی كه‌نداوو جه‌نگی رزگاركردنی گه‌لی عێراق له رژێمی به‌عس و جه‌نگی داعش و ململانێی ناوخۆیی و پێكدادانه‌كانی ئه‌مریكاو ئێران، كه هه‌موو ئه‌وانه هه‌ژاری و بێكاری و ئابووری داته‌پیو و ژێرخانی وێرانه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه.
رۆچوونی گه‌نده‌ڵی و قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان وايكرد، چیتر گه‌لی عێراق، به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییانه نه‌گرن و له سه‌ره‌تای مانگی 10ی ساڵی 2019وه رژانه سه‌رشه‌قامه‌كان و خۆپیشاندانی فراوانیان ئه‌نجامداو تا له مانگی 12ی هه‌مان ساڵ، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیان ناچار به ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه كرد، تائێستاش خۆپیشاندانی هاوڵاتیان له شار‌و شارۆچكه‌كانی عێراق درێژه‌ی هه‌یه، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، هیچ له دۆخه‌كه نه‌گۆڕا، به‌ڵكو قه‌یرانی سیاسی و بۆشایی یاسایی دروستبووه‌و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی ئه‌مریكاو ئێران، له عێراقدا له‌ئارادایه، كه هه‌ردوو وڵات ده‌یانه‌وێت هه‌ژموونی خۆیان له‌به‌غدا فراوانتر بكه‌ن‌و كێشه‌كانیان له گۆڕه‌پانی ئه‌و وڵاته‌دا یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
هاوكات، به‌پێی داتاكانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، رێژه‌ی بێكاری له‌عێراقدا له ساڵی 2019دا، بۆ سه‌رووی له 20% به‌رزبۆته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌و رێژه‌یه له ساڵی 2018دا، له 16% بوو.
سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، رێژه‌ی بێكاری له‌نێو چینی گه‌نجاندا، له‌ساڵی 2019دا گه‌یشتۆته سه‌رووی له 50%، ئه‌وه‌ش به‌مانای ئه‌وه دێت زیاتر له 15 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بێكارن، چونكه نزیكه‌ی له 40% كۆی دانیشتوانی عێراق، له چینی گه‌نجان پێكدێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی گه‌نجان سه‌رمه‌شقی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كان بن.
به‌هه‌مانشێوه، داتاكانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، كه نزیكه‌ی له 50%ی ناوچه رزگاركراوه‌كانی ژێرده‌ستی داعش، كه ناوچه سوننه‌نشینه‌كانه، له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، نزیكه‌ی له 35%ی هاوڵاتیانی باشوری عێراق و له 25%ی ناوه‌ڕاست، به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه ده‌ناڵێنن، له‌هه‌رێمی كوردستانیشدا رێژه‌ی هه‌ژاری له 12%یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، هه‌ژاری و بێكاری و دۆسیه‌ی قه‌رزی گشتی ده‌ره‌كی و دۆخی ئه‌منی، بوونه‌ته گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر ئابووری عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ی جددی له ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن.
پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كات، له ساڵی 2020دا، قه‌رزی گشتی عێراق له 132 ملیار دۆلاره‌وه بۆ سه‌رووی 140 ملیار دۆلار به‌رز ببێته‌وه، له چوار ساڵی داهاتووشدا ئه‌و رێژه‌یه زۆر زیاتر به‌رزده‌بێته‌وه.
كورتهێنانی بودجه‌ی گشتی ساڵی 2018ی عێراق 11 ملیار دۆلاربوو، له‌ساڵی 2019 بۆ 24 ملیار دۆلار به‌رزبووه‌وه‌و پێشبینی ده‌كرێت بۆ ساڵی 2020، كورتهێنانی بودجه، بگاته نزیكه‌ی 50 ملیار دۆلار، له‌كاتێكدا، عێراق له رێگه‌ی فرۆشی نه‌وت و داهاتی ناوخۆیی و گومرگ و داهاته جۆراوجۆره‌كانه‌وه، مانگانه نزیكه‌ی 10 ملیار دۆلاری ده‌ست ده‌كه‌وێت.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، ئاستی گه‌شه‌ی ساڵانه‌ی ئابووری عێراق، له داكشاندایه‌و رێژه‌ی دانیشتوان له هه‌ڵكشاندایه‌و خواست و پێویستی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان له زیادبووندایه‌و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه ئه‌منییه‌كان له‌ئارادایه‌و تۆڕی گه‌نده‌ڵیش به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك له‌فراوانبووندایه‌و هه‌ڵاوسان و بەكاربردن له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه، توانای دارایی و دراوی یه‌ده‌گ له كه‌مبوونه‌وه‌دایه، هه‌روه‌ها تائێستا تەنانەت له 1%ی ناوچه وێرانبووه‌كان به‌هۆی جه‌نگی داعشه‌وه ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه، كه پێویستی به زیاتر له 100 ملیار دۆلار هه‌یه.
بانكی نێوده‌وڵه‌تی هۆشداری ئه‌وه‌ش ده‌دات، ئه‌گه‌ر رێگه‌چاره‌ی به‌په‌له بۆ دۆخی عێراق نه‌گیرێته‌به‌ر، ئه‌وا مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە، بەدووریشی دەزانێت، هاوشێوەی جاری پێشوو خەڵكی ناوەڕاست و باشوری عێراق خۆڕاگر بن و بەرگری له ناوچه‌كانیان بكه‌ن.
دانیشتوانی عێراق، كه نزیكه‌ی 39 ملیۆن كه‌س ده‌بێت، چینی گه‌نجان نزيكه‌ى له40%ی كۆی دانیشتوان پێكده‌هێنێت و ساڵانه نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن منداڵ له دایك ده‌بن و یه‌ك ملیۆن خوێندكاریش خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بكرێن بۆ بازاڕی كار‌و كاركردن، ته‌نانه‌ت هه‌لی كاریان بۆ ناڕه‌خسێندرێت.
سه‌رچاوه: بانكی نێوده‌وڵه‌تی
سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی
وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق