466 دیمانە

لەناو یەكگرتوو مشتومڕی جیاكردنەوەی بانگەواز‌و سیاسەت گەرمە

02:27 - 25/11/2019

"زەمەن"

موسەننا ئەمین، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، یەكێكە لەو بەرپرسانەی یەكگرتوو كە پشتیوانی جیاكردنەوەی كاری بانگەواز لە كاری سیاسی دەكات‌و دەڵێت: “هەموو یەكگرتووەكانیش ئێستا باوەڕیان وایە ئەمە دوو كایەی جیاوازن”.

موسەننا ئەمین، لەم چاوپێكەوتنەی “زەمەن”دا، وتی: “تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ دواخستنی کۆنگرەو هەموو ئامادەكارییەكان تەواو كراون”.

بەپێی بڕیاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرەی یەكگرتوو شەش مانگ بەر لەوادەی خۆی دەبێت ببەسترێت، ئێستاش یەكگرتوو لەسەر هەمان بۆچونیەتی‌و دەیەوێت لەمانگی داهاتوو كۆنگرە ببەستێت؟

موسەننا ئەمین: یەكگرتوو، یەكێك لەتایبەتمەندییەكانی ئەوە بووە، رێزی لەبڕیارەكانی خۆی گرتووەو پابەند بووە بەكاتی بەستنی كۆنگرەكانی مەگەر كۆنگرەی پێشخستبێت نەك دوای بخات. پێشخستنی ئەمجارەی كۆنگرەی یەكگرتوو پەیوەست بوو بەو بارودۆخەی كە هاتە پێشەوە بۆ یەكگرتوو. بەهۆی نالەباری بارودۆخی كوردستان‌و هەبوونی تەزویر لەهەڵبژاردنەكان. گواستنەوە لەقۆناغی بەشداری لەحكومەت بۆ قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بوون. بەهۆی ئەو پاشەكشەیەی لەدەنگەكانی یەكگرتوو هەبوو، جا چ بەتەزویر بێت یا بەحەقیقی دەنگی یەكگرتوو كەمی كردبێت. هەموو ئەوانە وا پێویستی دەكرد یەكگرتوو وەك هەڵوێستێك كۆنگرەی خۆی پێش بخات. بەڵام ئێستا لەم گۆڕانكارییە ریشەییانەی لەعێراق‌و ناوچەكە روو دەدەن، ئەگەری دەستكاریكردنی ئەو وادەیە هەیە. بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ دواخستن، چونكە هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ بەستنی كۆنگرە تەواو كراون. بۆ ئەوەی كۆنگرەی لەمانگی داهاتوو ببەسترێت، ئەگەر شتێكی دیاریكراو روونەدات یەكگرتوو هیچ بیانویەكی نییە بۆ دواخستنی كۆنگرەو كۆنگرەی خۆی دەبەستێت. 

زەمەن: گۆڕانكارییەكی ریشەیی  لە كۆنگرەی یەكگرتوو دەكرێت؟

موسەننا ئەمین: وەكو گۆڕانكاری لە كۆنگرە دەزانرێت، بەڵام تا ئێستا لەنگەرمان نەگرتووە لەسەر بیرۆكەیەكی دیاریكراو بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردنی یەكگرتوو لەداهاتوودا. سەرەكیترین بابەت كە ئێستا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت لەناوخۆی یەكگرتوودا بابەتی جیاكردنەوەی دەعوەو بانگەوازە لەگەڵ كاری سیاسیدا. تا ئێستا یەكگرتوو ئەم دوو كارە بەیەكەوە ئەنجام دەدات، بەڵام ئێستا بیركردنەوەو رایەكی بەهێز هەیە كە ئەم دوو بوارە جیا بكرێتەوە. من خۆشم یەكێك لەپشتوانانی جیاكردنەوەی كاری دەعوەو سیاسەت. ئەمەش بەراستی گۆرانكارییەكی گەورەو ریشەییە لەكاری یەكگرتوودا، دەبێت یەكگرتوو دەستكاری ستراكچەری خۆی بكات، دەستكاری پێناسەو پلانی خۆی بكات. تا دەگاتە دەستكاری شێوازی سەركردایەتی، بەڵام تا ئێستا بەتەواوەتی روون نییە كە كامە بۆچوون لەكۆنگرە پەسەند دەكرێت، رەنگە ئەمەش ببێتە هۆكاری دواخستنی كۆنگرە، دەڵێم رەنگە ببێت نەك دەبێت. 

زەمەن: بۆچی بابەتی جیاكردنەوەی دەعوەو سیاسەت نابەن بۆ ناو كۆنگرەو لەوێ بڕیاری كۆتایی لەسەر بدەن، بۆچی دەتانەوێت سەركردەكانی یەكگرتوو پێش وەختە لەسەر شێوازێك رێكبكەون ئینجا بچنە كۆنگرەوە؟

موسەننا ئەمین: ئێمە رێككەوتنی پێش وەختەو باڵ و ئەو شتانەمان نییە. ئێمە باس لەپرۆژەیەك دەكەین كە دەبێت سەركردەكانی یەكگرتوو، خاوەن بڕیارەكانی یەكگرتوو روئیامان روون بێت، چونكە دەبێت پرۆژەیەك ببەین بۆ كۆنگرە تا كاری لەسەر بكرێت. ئەو پرۆژەیەی دەبرێت بۆ كۆنگرە دەبێت لایەنی كەم سەرەتاكانی دیار بێت.
ئەگەر سەركردەكانی یەكگرتوو لەبارەی دەعوەو سیاسەتەوە لەسەر یەك بۆچوون كۆكبن، كارەكانی كۆنگرە ئاسان دەكەین، بەڵام ئەگەر هەر نەشگەیشتین بەسیغەیەكی هاوبەش، ئەوا دەتوانین بەدوو بۆچونەوە بچینە كۆنگرەو كۆنگرە ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە. بەڵام ئەركی سەركردایەتی ئەوەیە پێش ئەوەی بڕوات بۆ كۆنگرە روئیاو ئایندەی حیزبی دانابێت، بەڵام كە داشیدەنێت لەكۆنگرە مەجالی دەستكاری كردنی هەیە، لایەنی كەم بەر لەوەی بچینە كۆنگرە خۆ دەبێت روئیایەك پێشكەش بكەیت. ئەو روئیایەش یان دەبێت هەمووان لەسەری كۆكبن، یان كۆی پێشنیارەكان لەدوو بیرۆكە یان سێ بیرۆكە كورت بكرێتەوە. 

زەمەن: ئێستا بەهێزترین سیناریۆ بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردنی یەكگرتوو كامەیە؟

موسەننا ئەمین: بەبۆچۆنی من سیناریۆی باش‌و بەهێز بۆ یەكگرتوو هەم بۆ كۆمەڵگە ئەوەیە، كە یەكگرتوو پرسی سیاسەت بداتە دەست دەستەبژێرێكی خۆیی‌و خەڵك، بۆ ئەوەی لەسەر میساق‌و بەڵێننامەیەك رێكبكەون، بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵكی دەرەوەی یەكگرتووش رێكبكەون لەسەر كۆمەڵێك ئامانجی سیاسی كە دابینكردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتیی‌و دیموكراسییە بۆ كۆمەڵگە.
دەبێت ئەو ستراكچەرەی ئێستا یەكگرتوو هەیەتی بەتەواوی بەتاڵ ببێتەوەو یەكگرتوو تەركیزی بچێتە سەر پەروەردەكردنی كۆمەڵگەو تاكەكانی كۆمەڵگە، كار بۆ زیندووكردنەوەی بەهاكانی كۆمەڵگەو ئیسلاحی كۆمەڵگە بكات، یەكگرتوو لەو بوارەدا زۆر دەست رەنگینەو هەم زۆری پێیە بۆ كۆمەڵگەو هەم كۆمەڵگەش پێویستی زۆری بەو جۆرە كاركردنەیە لەپێناو دروستكردنی تاكی تەندروست، بەبڕوای من یەكگرتوو وا پێویست دەكات 80%ی گرنگی خۆی بدات بەبواری پەروەردەیی‌و20%یشی لەبواری سیاسی رۆڵ ببینێت لەگەڵ تەواوی ئەوانەشی لەرووی ئایدۆلۆجیشەوە لەگەڵ یەكگرتوو جیاوازن كار بكات، بۆ ئەوەی كارێك بكەن لەپێناو ئەنجامدانی چاكسازی سیاسی لە هەرێمی كوردستان.

زەمەن: دەتانەوێت بە چ میكانزمێك ئەو دوو بەشە پێكەوە ببەستنەوە؟ یانی ئەو كەسانەی لە بەشە پەروەردەییەكەی یەكگرتوو كاردەكەن، چ میكانزمێك بەبەشە سیاسیەكەیان دەبەستێتەوە؟ یا تەنیا دەتانەوێت واجیهەیەكی نوێی سیاسی بێننە ئارا بۆ یەكگرتوو؟

موسەننا ئەمین: ئێمە باوەڕمان بەواجیهەو شت نییە، ئەو گۆڕانكارییەی ئێمە باسی دەكەین باسی دروستكردنی واجیهەی سیاسی نییە، باوەڕمان بەوە نییە گروپێك لە پشتەوە كار بكات‌و گروپێكیش لەواجیهەدا كاری سیاسی بكات، باوەڕمان بەوە نییە، ئاراستەی سیاسیمان هەبێت لە پشتەوە لەلایەن بەشە پەروەردەییەكەوە كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەمە كارێكی دواكەوتوانەو بێ بەرهەمە، لەو كاتەدا تەنیا یەكگرتووەكانی لێ كۆدەبێتەوە. ئەمەش ئەسڵەن پێویستی بەجیاكردنەوەی دەعوەو سیاسەت نییە، ئەوەی ئێمە باسی دەكەین ئەوەیە كە كۆمەڵێك سەركردەی یەكگرتوو لە بواری سیاسیدا كارامەن لەگەڵ ئەو خەڵكەی كە لەناو كۆمەڵگە ئایدۆلۆجیای جیاوازیشی هەبێت، بێن كارێكی هاوبەشی سیاسی بكەن، ئەوەی ئێمە باسی دەكەین هێزێك دروست ببێت یەكگرتوو پشتیوانی بكات نەك كۆنترۆڵی بكات.

زەمەن: یانی تۆ دەتەوێت دوو حیزبی جیاوازو دوو تایتڵی جیاوازبن؟

موسەننا ئەمین: بەڵێ دوو تایتڵی جیاوازو دوو رێكخستنی جیاوازییان دەبێت، دوو سەركردایەتی جیاواز، دوو باخەڵی جیاواز، دوو پلانی جیاوازییان هەبێت. هەموو شتێكیان جیاواز بێت، چونكە ئێمە پێمان وایە ئەمە دوو پسپۆڕی جیاوازە، هەموو یەكگرتووەكانیش ئێستا باوەڕیان وایە ئەمە دوو كایەی جیاوازن، بەڵام لەقۆناغی رابردوو نەمانتوانیوە جیای بكەینەوە، ئەزمونێكمان تاقیكردووەتەوە ئێستاش ئەو ئەزموونە كێشەی بۆ دروست بووە، كۆمەڵگەی ئێمە پێشكەوتووە، چونكە سەردەمێك هەبوو ئایدۆلۆجیا زۆر رۆڵی هەبوو، شوناسی ئایدۆلۆژی گرنگ بوو بۆ كاری سیاسی، بەڵام بەقەناعەتی ئێمە ئێستا ئەو قۆناغە تێپەڕیوە، پرۆژە بۆ كاری سیاسی گرنگترە لەشوناسی ئایدۆلۆژی.

زەمەن: بەڵام دەوترێت لەناو یەكگرتوو ئێستا بۆچونێك هەیە، ئەو دوو بوارە جیابكرێنەوەو چەترێك هەبێت بۆ كۆكردنەوەیان واتە لەژێر سەركردایەتییەكی هاوبەشدا بن‌و كەسێك سەرپەرشتی گشتی بێت بۆ هەر دوو بوارەكەو هەر یەكێكیش لەو بوارانەی تۆ باسی دەكەی بەرپرسێكی جیاوازی هەبێت؟

موسەننا ئەمین: ئەو پرۆژەیەی ئێستا ئێمە كاری بۆ دەكەین ئەوەیە كە هیچ چەترو شتێكی نەبێت، بەڵكو هەردوو كارەكە بەتەواوی سەربەخۆبن، ئەگەر كارەكە سەربگرێت‌و بەر بگرێت، كارێك نابێت بۆ یەكگرتوو، بەڵكو كارێك دەبێت بۆ كۆمەڵگەی كوردستان بەگشتی، دەست‌و قاچ‌و باڵی كەس نابێت، تەنیا پرۆژەی خۆی دەبێت‌و كراوەش دەبێت بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت ئەندام بێت لەو كارە. بەڵام ئێمە تا ئێستا لەگفتوگۆو راوێژداین لەسەر ئەو بابەتەو نەگەیشتوینە سەر بڕیارێكی یەكلاكەرەوە. ئەو بۆچونەی تۆش باسی دەكەی، تا ئێستا لەناو یەكگرتوودا هەیەو هەندێك كەس هەیە پێیانوایە دەبێت وەكو قۆناغی یەكەم، سەركردەیەك هەبێت بەرپرسی یەكەمی هەردوو بوارەكە بێت، واتە رەمزێك تەنیا لەسەرەوە سەرپەرشتی هەردووكی بكات، بەڵكو تەنیا لەخوارەوە جیا ببنەوە، ئێمە لەجەوێكی زۆر تەندروست‌و بێ باڵ باڵێنین‌و بەهێمنی گفتوگۆ دەكەین تا دەگەینە ئەنجامێك، لەسەر ئەو بابەتە چەندین كۆبونەوەی سەركردایەتی كراوەو تا ئێستاش لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامین لەسەر كۆبوونەوەكەنمان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن