687 دیمانە

لەمەودوا پەیجە ئەلکترۆنییەکان دەبێت لە سەندیکا تۆمار بکرێن

04:41 - 16/11/2019

"زەمەن" 

ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتی “زەمەن”دا باس لە کارەکانی سەندیکاکەی دەکات و ئەوەش رادەگەیەنێت کە “دەبێت ئەنجومەنێکی باڵای راگەیاندن هەبێت، چونکە فەراغێکی یاسایی هەبوو بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی دەزگا راگەیاندنەکان”، هەروەک دان بەوەشدا دەنێت کە لە دادگاکاندا کەموکوڕی هەیە لەمەڕ کەیسی رۆژنامەنووسان، لەبەرامبەریشدا رەخنە لە رۆژنامەنووسان دەگرێت کە زۆرجار هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکاندا.

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان لەبارەی رەوشی میدیاو کاری میدیاکاران ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکێک لەو بێسەروبەرییەی راگەیاندن سودی وەرگرتووەو کەسابەتی پێوە دەکات و پرۆژەی پێ وەردەگرن و خۆیان شیرین دەکەن لای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوبارەیەوە دەڵێت: “خەڵکێک هەیە حەزدەکات بەردەوام میدیا بێسەروبەر بێت و قازانج لەو بوارەدا بەو شێوەیە دەکات. ئەگەر رێکخستنێک هەبێت بۆ کاری میدیایی خەڵکێکی زۆر ئەو جۆرە کەسابەتە ناشەرعییەیان نامێنێت. ئێمە پێمان وابوو دەبێت ئەنجومەنێکی باڵای راگەیاندن هەبێت، چونکە فەراغێک هەبوو. فەراغێکی یاسایی هەبوو بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی دەزگا راگەیاندنەکان، بەڵام لەکاتی خۆیدا پشتگیری نەکرا. ئەو ئاوەش حیزبەکان رشتیان، چونکە حیزبەکان سودیان لە میدیا کرد، ئەو سودەش نەک لە بەرژەوەندی میدیا بێت، بەڵکو ئەو حیزبانە وەک ئامرازێک دەیبینن بۆ هاتنەدی ئامانجە سیاسییەکانیان. لەوانەش نمونەمان زۆرە، بۆ نمونە تەلەفزیۆنمان هەبوو ئیدیعای ئەهلیبوونی دەکرد، کەچی دەرکەوت ئامرازێک بوو بۆ دروستکردنی حیزبێک نەک ئامانجیان کاری میدیایی راستەقینە بێت. لەو ماوەیەدا ئێمە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم‌و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش دانیشتووین کە دەبێت ئەو فەراغە یاساییانەی لە بواری میدیادا هەیە پڕبکرێتەوە”.

“زەمەن” لەبارەی هەڵوێستی سەندیکاوە بۆ بەرگری لە کەیسی رۆژنامەنووسان، پرسیاری کرد، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانیش لەوبارەیەوە وتی: “نووسینی راپۆرتی پێشێلکاری تەنیا ئەوە نییە کە بێیت کۆمەڵێک ژمارە ریز بکەیت، ئێستا شێوازی نوێ هەیە”، لەوبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات کە پەیوەندیان لەگەڵ کۆمەڵێک ناوەندی جیهانیی هەیە، هەربۆیە لیژنەی بەرگری لە مافی رۆژنامەنووسان بە بڕوای ئەو لە ئێستادا کارەکانی بەپێی پێوەرو ستانداردە جیهانیەکان ئەنجام دەدات.

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان ئەوەش دەخاتەڕوو کە لەماوەی رابردوودا لیژنەکەیان کۆمەڵێک کێشەی هەبووە، بەڵام وەک ئەو باسیدەکات جارێکی دیکە لیژنەکەیان کارا کردووەتەوەو د.نەزاکەت حەمەسەعید کراوەتە سەرۆکی لیژنەکە. ئازاد حەمەدەمین لەوبارەیەوە دەڵێت: “یەکێک لە چالاکییە گرنگەکانی ئەو لیژنەیە لەو ماوەیەدا بریتی بوو لە سەردانیکردنی وەزارەتی ناوخۆ، لە دەرەنجامی ئەو سەردانەدا بڕیاروایە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان سەندیکای رۆژنامەنووسان و وەزارەتی ناوخۆ واژوو بکرێت. یاداشتەکە بۆ ئەوەیە کە یەکێک لە کێشەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و رۆژنامەنووسان ئەوەبوو کە هێزە ئەمنییەکان رۆژنامەنووسانیان نەدەناسییەوە لەکاتی رووداوەکاندا، ئەوەی لەم یاداشتەدا واژووی لەسەر دەکرێت ئەوەیە کە لەمەودوا رۆژنامەنووسان باجێکی تایبەتیان هەبێت، ئەو باجە دەبێت دیار بێت‌و هەر رۆژنامەنووسێک کە دەچێتە رووماڵێک دەبێت ئەو باجەی پێ بێت، ئەوکات هێزە ئەمنییەکان ناتوانن بڵێن ئەمە رۆژنامەنووس نییە تا پێشێلکاری بەرامبەر بکرێت. ئەو باجە هاوشێوەی باجی سەندیکای پارێزەرانە کە بەهۆی ئەو باجەوە لە دوورەوە پارێزەرێک دەبینی بەهۆی باجەکەوە دەیناسیتەوەو دەزانیت ئەمە پارێزەرە”.

لە وەڵامی پرسیارێکی “زەمەن” کە بۆچی لەکاتی تەنگژەکاندا لەبری بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان بەردەوام رەخنەیان لێدەگرن و سەرزەنشتیان دەکەن، ئازاد حەمەدەمین وتی: “نەخێر ئێمە ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان دەیکەین، بەڵام بەداخەوە خەڵکێک لە کوردستان کاری رۆژنامەنووسی دەکات پەیوەندییان بە کاری رۆژنامەنووسییەوە نییە”. ناوبراو روونی دەکاتەوە کە دەبێت دوو شت لەیەکتر جیابکرێتەوە، ئەویش رۆژنامەنووسی پیشەیی و رۆژنامەنووسی ئارەزوومەندانەیە، بە بڕوای ئەو “رۆژنامەنووسی پیشەیی واتە ئەو کەسەی پیشەکەی رۆژنامەنووسییەو هیچ پیشەو کارێکی دیکەی نییەو کاری یەکەمی رۆژنامەنووسییە، نەک کەسێک فەرمانبەرەو کاری رۆژنامەنووسیش دەکات ئەمە پێی ناوترێت رۆژنامەنووسی پیشەیی، بەڵکو تەنیا کاری رۆژنامەنووسی دەکات، بەڵام خەڵکانێک پەیدابوون بەبێ ئەوەی هەست بەبەرپرسیارێتی بکەن لەپشتی لاپتۆپەکەی دادەنیشێت و هەر شتێک بەخەیاڵیدا بێت بەناوی بابەتی رۆژنامەنووسییەوە بڵاویدەکاتەوە. رۆژنامەنووسی پیشەیی ئەم کارە ناکات، بەڵکو هەست بەبەرپرسیارێتی دەکات و لە دەستکەوتنی هەر زانیارییەکیش بەدواداچوونی ورد دەکات”. 

لەبارەی هەڵوێستی سەندیکا لە مامەڵەیدا لەگەڵ پەیج و ئەکاونتەکانی فەیسبووک، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت: “ئێستا سۆشیال میدیا کێشەی گەورەی بۆ کاری میدیایی دروست کردووە، بەڵام بەپێی پێوەرەکان سۆشیال میدیا وەک دەزگای میدیایی وان، ئەوە لەکاتێکدایە هیچ کۆنترۆڵێکیان لەسەر نییەو ئەو کەسانەی لەسۆشیال میدیادا شت بڵاودەکەنەوە کەمتر هەست بەبەرپرسیارێتی دەکەن”، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان پێشیوایە دەبێت ئەو سۆشیال میدیایە کۆنترۆڵ بکرێت، هەرچەندە بە بڕوای ئەو ئەم کێشەیە تەنیا لەهەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە تەواوی وڵاتانی جیهان هەیە، لەوبارەیەوە دەڵێت: “سۆشیال میدیا دەکرێت پێی بوترێت دەزگای میدیایی، بەڵام میدیای پیشەیی نییە، هەربۆیە تیۆریزەکردنی سۆشیال میدیا یەکێکە لە ئاڵنگاریە گەورەکان لەبەردەم کاری میدیا لە تەواوی جیهاندا”. 

ئازاد حەمەدەمین روونی دەکاتەوە کە ناتوانین ئەوە رەت بکەینەوە کە “سۆشیال میدیا” میدیایە، بەڵام بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا پیشەی رۆژنامەنووسیان نییە، بگرە شارەزایشیان نییە لەکاری میدیایی، کەچی لەهەمانکاتدا کاری میدیاش دەکەن، هەربۆیە “دەبێت ئەم کارە بەیاسا رێکبخرێت نەک من بمەوێت بۆچوونی خۆم بسەپێنم”.

لەوبارەیەوە دەڵێت: “لەگەڵ هەبوونی دەیان تێبینی لەسەریان، رۆژنامەو گۆڤارو تەلەفزیۆن و رادیۆکان لەچوارچێوەی یاساکاندا رێکخراون، بەڵام سۆشیال میدیا بەهیچ دەقێکی قانونی رێک نەخراون، بەڵام ئێمە لەئەنجامی هەستکردنمان بەرپرسیارێتی، چووین لیستێکمان دایە ئەنجومەنی شوورا، ئەنجومەنی شوورا لە حاڵەتی نەبوونی قانون دەسەڵاتی هەیە، فتوای قانونی بدات. بۆیە دوای شەش مانگ لە گفتوگۆکردن لەسەر لیستەکەی ئێمە بڕیارێکیاندا، ئەوەی لە لیستەکەی ئێمەدا هاتووە ئەوەیە کە لایەنی کەم ئەو پەیجانەی کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری دەکەن. بەهەمان شێوەی گۆڤارو رۆژنامەکان لەژێر رۆشنایی قانونی ژمارە 35 لە سەندیکا تۆمار بکرێن. تا ئەو رۆژەی پەرلەمان دەقێکی قانونی لەسەر سۆشیال میدیا پەسەند دەکات. ئەنجومەنی شوورا ئەو فتوایەی بۆ ئێمەداو ئێستا بەپێی ئەو فتوایەی ئەنجومەنی شوورا پەیجە ئەلکترۆنییەکان لە سەندیکا تۆمار دەکەین.

ئازاد حەمەدەمین دەشڵێت: “من دژی زۆریی میدیا نیم، بەڵام دژی بێسەروبەری میدیام، میدیا دەبێت بەشێوەیەکی رێکوپێک رێکبخرێت، بەڵام لایەنی کەم دەبێت بزانرێت ئەو میدیایانە کێن؟ لەڕووی داراییەوە سەرچاوەی داراییەکانیان کوێیە؟ بۆ چ ئەجێندایەک کاردەکەن؟ ئەوەی ناوی میدیای سێبەرە دەبێت بزانرێت سەرچاوەی داراییەکەی کوێیە؟”.

دەربارەی گۆڕینی کەیسی رۆژنامەنووسان لە یاسای ژمارە ٣٥ی یاسای رۆژنامەگەرییەوە بۆ یاسای ژمارە ٦ی خراپ بەکارهێنانی هۆکارەکانی پەیوەندیکردن، ئازاد حەمەدەمین دەڵێت: “ کۆی گشتی ئەم حاڵەتە دەتوانین بڵێین یەک کەیسە، ئەگەرچی کەسەکان جیاوازن، بەڵام لە کۆتاییدا یەک کەیس بوو کە یاسای ژمارە 35 بەسەریاندا جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە بەکۆی گشتی ئەو یاسایە جێبەجێ نەکراوە. هەرچەندە ئێمە بەهەموو شێوەیەک دژی ئەوەین رۆژنامەنووس کاتێک کەیسەکەی لەسەر کاری رۆژنامەنووسییە بەهیچ یاسایەکی دیکە دادگایی بکرێت و دەبێت تەنیا بە یاسای ژمارە 35 مامەڵەی لەگەڵ بکرێت”.

ناوبراو روونی دەکاتەوە کە ئەوان بۆ ئەو مەبەستە پرۆتۆکۆڵی لەیەکگەیشتنیان لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری واژوو کردووە، کە دەبێت یاسای ژمارە 35 جێبەجێ بکرێت، “حیکمەتیش لە یاسای ژمارە 35 ئەوەیە کە رۆژنامەنووس رووبەڕووی گرتن نەبێتەوەو بەڵکو لەبری ئەوە غەرامە بکرێت”. 

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان باسی لەوەشکرد کە چەسپاندنی ئەوەی یاسایەک هەبێت تایبەت بە دادگاییکردنی رۆژنامەنووسان، ماندوو بوونی زۆری ویست، چونکە وەک ئەو باسی دەکات “بەشێک لە دادوەرەکان دەیانوت ئێمە ئەو یاسایەمان نەبینیوە، بۆیە ئێمە یاسای ژمارە ٣٥مان چاپکردو بەسەر دادگاکانی کوردستاندا دابەشمانکرد بۆ ئەوەی هیچ دادوەرێک ئەو بیانووەی نەبێت بڵێت من ئەو یاسایەم نییە یا نەمبینیوە، هەرچەندە بیانووی نەبینینی ئەو قانونە ناکۆکە لەگەڵ جەوهەری جێبەجێکردنی قانون، چونکە مادام قانونێکە لەپەرلەمان دەرچووەو لەرۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوبووەتەوە نابێت دادوەر ئاگای لێ نەبێت، بەڵکو دەبێت جێبەجێ بکرێت”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن