هەواڵ

وتەکانی سیستانی خۆپیشاندەرانی هێور نەکردەوە

03:40 - 09/11/2019 87 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن" 

پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکانی حکومەت لەڕۆژی هەینیدا توندتربوو، تێیدا سێ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون،ئەمە لەدوای داواکاری مەرجەعی شیعە بە هێوربونەوەی خۆپیشاندەران و داواکردنی سەرجەم داواکانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە.

 
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنیەکان بۆمبی دەنگی و گازی فرمێسک ڕێژیان هاویشتوە بەرەو خۆپیشاندەران  ، بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر بونە قوربانی و بڵاوە بە خۆپیشاندەرانی ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت کرا.


ڕۆیتەرز لەزاری خۆپیشاندەرێکەوە دەڵێت، یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان گیانیلەدەستدا، بەهۆی ئەوەی بۆمبە گازیەکە ڕاستەوخۆ بەر سەری کەوتبوو ، هەروەها پۆلیسی بەسرە ڕایگەیاند دوو خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە لەو شارە.

 

خۆپیشاندانەکان لە سەرەتایی ئەم مانگەوە دەستیپێکردەوە، بەمەبەستی داواکاری هەلی کار ، خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵی، هێزە ئەمنیەکانیش بە تەقە کردن لە خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران هەوڵی کپ کردنەوەی خۆپیشاندانەکان دەدەن ، بەوهۆیەشەوە تائێستا زیاتر لە ٢٨٠ کەس کوژراون.

 

هاوکات عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق داوای لە خۆپیشاندەران کرد، بەشێوەیەکی هێمنانە داواکاریەکانیان بخەنەڕوو، داواشی لە حکومەت کرد پەلە بکات لەبەدەمەوەچونی داواکاری خۆپیشاندەران.

 

عەلی سیستانی قسە لەسەر پرسە سیاسیەکان ناکات ، تەنها ئەوکاتانە نەبێت کە وڵات دەکەوێتە قەیرانی سیاسی قوڵەوە، هەروەها وتەکانی ئەمجارەی سیستانی خۆپیشاندەرانی هێوەر نەکردەوە چونکە بەشێکی زۆری خۆپیشاندەران پیاوانی ئاینی باڵادەست بە هۆکاری سەرەکی نەهامەتیەکان دەزانن.

 

ژنێک کە یەکێک لە کوڕەکانی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژرابوو وتی، وتاری مەرجەعیەت هیچ سود و زیانێکی نیە، ئەوان تەقەمان لێدەکەن و دەمانکوژن ئێوەش دەڵێن بەهێمنی داواکاریەکانتان بکەن، دەڵێن ئێمە پشتگیریتان دەکەین و هیچیش نابینین بیکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن