رۆژئـــــــاڤا
11:04 - 22/10/2019
هەڵۆ شێركۆ بێكەس
دووكەڵ ئەچێتە ناو دووكەڵەوە و
خوێن ئەچێتە ناو خوێنەوە و
”سەرێكانی”سەری ئەداتە دەست رەشەبای
جەسارەت و”مەزڵوم”یەتەوە!
”سەر”ئەبێ بە خۆر و لە رۆژئاواوە هەڵدێ
دیسانەوە بە خوێندا هەڵئەزنێم
لە باكووری دڵمدا هەمدیسان ئەتاتورك ئەمگرێ و
ئەمداتەوە بەر چەقۆ و ئایندەم ئەكوژێ!
لە رۆژهەڵاتی سەرمدا ئاخوند ئاوێرم كوێر ئەكات و
پەت بۆ گۆرانییەكی سابڵاخم هەڵئەواسێ!
لە باشووری خەفەتەوە، دەنگم قەوزەیەك
گرتوویەتی و دەرنایە، وا ئەزانم بە ئێجگاری
ئەمبا بۆ فەنا بوونێ!
ئێستا بەرژەوەندی بە ”توویت”ێكی خائیندا
ناونیشانی مەرگی تازەم بۆ هەموو دنیا ئەنێرێ!