راوچییە دڕندەکانی سۆشیال میدیا و گێچەڵی سێکسیی
8/24/2019 10:20:00 PM
د.ههڤین كهمال شاه محهمهد
دارک وێب یان سایتە رەشەکان چین؟ ئەی پەیجە فریودەرەکان کامانەن؟
سێکچواڵ پریدەیتەرەکان یان دڕندە سێکسییەکانی ئۆنلاین کێن؟
ئیکسپلوتەشینی سێکسی یان ئیستغلالکردن و گێچەڵی سێکسیی بەھۆی سۆشیال میدیاوە چیە؟ کێ پێی ھەڵدەستێ؟ تووشی کێ دەبێ؟ دەرئەنجامە خراپەکانی چین و چۆن کاریگەرییان دەبێ لەسەرمان؟
چۆن پارێزراو دەبی؟
لەبەرئەوەی سۆشیال میدیا لەم سەردەمەدا بووەتە کایەیەکی گرنگی ژیانی رۆژانەمان، ھەم لەبواری شەخسیی و کەسێتیەوە، ھەم لە بواری پیشەییەوە بۆیە دەستبەرداربوون لێی مەحاڵە. بەڵام خۆپاراستن لێی و خۆبەدوورگرتن لە ئاکامە خراپەکانی گرنگە.
سۆشیال میدیا بەھەموو جۆرەکانییەوە وەک فەیسبووک، تویتەر، ئینیستاگرام، سناپ چات، یانەی یاری و گەمەکانی وەک پۆپجی و چەندانی تر، کاریگەرییەکی گەورەو گرنگیان ھەیە لەسەر بڵاوبوونەوەی زانیاری لەسەر خودی خۆمان، چۆنێتی ژیانمان حەزو خولیاو ئارەزووەکانمان، لەسەر پیشەکەمان و ھەڵسوکەوتی رۆژانەمان .
تاڕادەیەک ئەم زانیارییانە لەوانەیە ھیچ زیانێکی نەبێ کاتێ کچێکی شۆخ یان کوڕێکی گەنج وێنەی خۆی دادەنێ و ژیانی رۆژانەی شەیر دەکات لەگەڵ ھاوڕێکانیدا. یان پیشەییەک زانیاری لەسەر کارو چالاکییەکانی بڵاودەکاتەوە، یان ئەدیبێک تێکست و ھۆنراوەو وتارەکانی دادەنێ، ئەمانە ھەمووی دەچنە خانەی بڵاوکردنەوەی ئینفۆرمەیشن و زانیاری و ئاڵوگۆڕکردنەوە.
بەڵام ئیستغلالکردن و گێچەڵی سێکسیی، کاتێک دەستپێدەکات کە تۆ دەبی بە فۆلۆوەری یەکێک لەو سایتە رەشانە یان ئەو پەیجە فریودەرانەی ئامانجی سەرەکییان بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئینفۆرمەیشن و تێکست و پۆیت و ھۆنراوەو ھونەر و بزنس نییە .
بەڵکو تەنیا پەردەپۆشیەکە بۆ ئامانجە سەرەکییەکەیان کە راکێشانی ھەرزەکارو گەنجە، بەڕێژەیەکی زۆریش ئافرەتان و رێژەیەکی کەمتر پیاوان. بۆ سوودبینین لێیان لەڕووی جەستەیی و تێرکردنی حەزو ئارەزووە سێکسییەکانی ئەدمین یان خاوەنی ئەو سایتە رەشانە یان پەیجە فریودەرانە کە نەخۆشن زیاتر.
ئەم جۆرە کەسانە بەرەو روو راستەوخۆ ناتوانن حەزو ئارەزو و لادانە سێکسییەکانیان دەڕبڕن، بەڵام لەڕێی وشەو تێکست و نامەی نەشیاوی سێکسیی و وێنەی سێکسیی دەریدەبڕن. لە دواییدا لە ستەیجێکی پێشکەوتووتردا لەوانەیە ببێتە بەرکەوتنی جەستەیی و سێکسیی راستەقینە لەگەڵ قوربانییەکانیاندا .
خاوەنی ئەم جۆرە پەیج و سایتە رەشانە بە سێکچواڵ پریدەیتەر یان دڕندە سێکسیەکانی ناو سۆشیال میدیا ناودەبرێن .
دڕندە سێکسییەکانی ئۆنلاین کێن؟
بەو کەسانە دەوترێت کە سوودی سێکسیی و جەستەییان دەست دەکەوێت یان ھەوڵ دەدەن دەستیان بکەوێ بەشێوەیەکی مێتافۆر یان ئەبیووس و خراپ. بەھەمانشێوەی کە دڕندەیەک راوی نێچیرەکەی یان قوربانییەکەی دەکات .
راوچیە دڕندەکان، قوربانییەکانیان دادەماڵن لە ھەموو بەھا مرۆییەکانیان وھەست و نەستیان، تەنیا وەکو کاڵایەک بۆ چێژبینینی جەستەیی و سێکسیی بەرجەستەیان دەکەن .
مرۆڤی پریدەیتەر لەوانەیە کەسێکی نەناسراوبێت، پەیجێک یان وێبسایتێکی وەھمی دروست دەکات و زانیاری بڵاودەکاتەوە بۆ راکێشانی فۆلوەرو ھەوادار تا ئاسانکاری بۆ بکات بۆ دۆزینەوەی قوربانییەکانی.
لەوانەشە پریدەیتەر کەسێکی ناسراوبێ وەک سیاسەتمەدارێکی ناسراو، بزنسمانێک، ئەدیبێکی ھەست ناسک، پزیشکێکی کارامە. ئەمانەو ھەزاران کەسی تر کە لەپشت پیشەکەیانەوە لادانە دەروونییەکانیان دەشارنەوە، بەڵام کاتێک قوربانییەکانیان دەدۆزنەوە بەئاسانی ناخیان دەردەبڕن.
یەکەمجار لەوانەیە بە نامەیەک دەست پێبکات کە لە ئەدمینی ئەو جۆرە پەیجانەوە یان بڕێک جار خاوەنی راستەقینەی پەیجێکەوە دەست پێدەکات، کە نامەیەکی دەستخۆشییە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکان، ئەویش دوای ھەڵبژاردنی نێچیرەکەی. بەو شێوەیەی کە لەگەڵ حەزو ئارەزووەکانی ئەودا دەگونجێ.
لەدوای ئەوەوە پریدەیتەر دەکەوێتە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر نێچیرەکەی و چوونە ناو پرۆفایل و دوور نییە خۆی داوای ھاوڕێیەتی لێبکات، ئەمانە ھەمووی تەنیا ئامانج لێی کۆکردنەوەی زانیاری زیاترە لەسەر نێچیرەکەی بۆ بەکارھێنانی لە دواییدا وەک کارتێکی فشار بەرامبەر قوربانییەکەی. نامە و مەسج دەست پێدەکات و تا کار دەگاتە ئێکسپلۆتەیشنی سێکسیی و گێچەڵی سێکسیی و ھەندێجار سوودبینینی جەستەیی لە بەرامبەر .
ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی جیهانییەو ھەموو وڵاتەکانی تەنیوە بە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشەوە. بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لەم دواییەدا و بەھۆی زیادبوونی بەکارھێنانی سۆشیال میدیاوە، بووە بە دیاردەیەکی زەق و روونیش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە زۆربەی ئەوانەی لەگەڵیاندا روودەدات یان بەسەریان دێت ئازایەتی درکاندنیان نییە ، یان تەمەنیان بچووکەو لەترسی دەووروبەر ناوێرن باسی بکەن چی روویداوە لەگەڵیان.
کێ قوربانی دڕندەکانی ئۆنلاینە؟
بەپێی ستاتیکسێک کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ئەنجام دراوە، دەڵێت: زۆربەی ئەوانەی قوربانی دڕندە سێکسییەکانی ئۆنلاینن، لەتەمەنی ھەرزەکاریدان لەنێوان تەمەنی ٨- ١٧ ساڵ بۆ کچان و ١١-١٧ساڵ بۆ کوڕان.
هەروەها توێژینەوەیەک لە پەیمانگای بروکینجز دەڵێت: ٧١٪ی ئەوانەی تووشی گێچەڵی سێکسیی دەبن بە ئۆنلاین، لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵانەوەن. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە تەمەنەکانی تر تووشی ئەمجۆرە حاڵەتانە نابنەوە کە لە ١٤٪ ی حاڵەتەکان لەنێوان تەمەنی گەنجیی وپێگەشتوو کامڵدان، تەنیا لە ١٢٪ حاڵەتەکان کەسانی پێگەشتوو و کامڵن .
- رێژەی ئافرەتان لەنیوە زیاترە کە دووچاری نامەو تێکستی نەشیاوو وێنەی سێکسیی دەبنەوە و بۆیان دەنێرێ.
- تەنیا ٣٠٪ی پیاوان لەوانەیە تووشی ئەم جۆرە گێچەڵانە ببن .
- سێکس پریدەیتەرەکان تەمەنیان لەنێوان ١٨-٥٥ ساڵاندایەو ھەندێک جار بە تەمەنتر یان گەنجترن .
- تەنیا رێژەی ٢٥٪ ی قوربانییەکان توانای باسکردنیان ھەبووە بۆ خێزانەکانیان یان کەسە نزیکەکانیان.
- تێبینیکراوە ١٠٠٪ ی ئەو ھەرزەکارانەی قوربانی ئەم جۆرە کەسانەن بە ویستی خۆیان چوون بۆ بینینی پریدەکتەرەکانیان دوای ئەوەی بە چەندان رێگا قایلیان کردوون.
- رێژەی ٧٥٪ ی گەنج حەز بە دانانی وێنەی خۆیان و خێزانەکانیان دەکەن، ھەروەھا شەیرکردنی ھەڵسوکەوتی رۆژانەی خۆیان، کەئەمیش ئاسانکاری دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و لەدواییدا بەکارھێنانی وەک کارتی فشار.
- ٣٣٪ ی ھەرزەکاران ھاوڕێی کەسانی نەناسراون لە سۆشیال میدیا و ھەرگیز نەیانبینیون.
-لە ١٦٪ ی ھەرزەکاران حەز بە دیداری ئەو کەسانە دەکەن کە تەنیا لەسۆشیال میدیا ھاوڕێیانن و سەرسامن پێیان. هەروەها ٨٪ یشیان ھەر بە راستی دەچن بۆ دیداریان.
دەرئەنجامە خراپەکان
لە سێپتەمبەری ٢٠١٢ دا قوتابیەکی ھەرزەکاری کەنەدی بەناوی (ئاماندا مێشیل توود) کە تەمەنی تەنیا ١٥ ساڵان بوو، لەڕێی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی ھێنا. پێش خۆکوشتنی، ڤیدیۆیەکی ٩ خولەکی بڵاوکردبووەوە لە یوتیوب کە تیایدا بەشێوەی دەرخستنی فلاش کارد باسی لەوە کرد کەچۆن تووشی بێزارکردن و گێچەڵی سێکسیی بووە. ئەمەش فشاری دەروونیی لەسەر دروستکردووە تاڕادەی خۆکوشتن.
ئەم ڤیدیۆیە ١٢ ملێۆن بینەری هەبوو و بەخێراییەکی زۆر بڵاوبوویەوە. هەروەها میدیا و خەڵکی جیهانی ھەژاند، چەندین رێکخراوی مافی مرۆڤ و مافی منداڵ ھاتنە دەنگ بۆ بەسیستمکردن و یاسادانان لە دژی ئەوانەی سۆشیال میدیا بەکاردەهێنین بۆ گێچەڵی سێکسیی بەرامبەر ھەرزەکاران.
دایکی ئەماندا رێکخراوێکی خۆبەخشی دامەزراند بۆ یارمەتیدان و ھۆشیارکردنەوەی ئەوانەی دووچاری سێکس ئێکسپلوتەیشن دەبنەوە .
بۆیە ئەم دیاردەیە کاریگەرییەکی زۆر خراپی ھەیە لەسەر باری دەروونی تاک، جا ئەو کەسە ھەرزەکاربێ یان پێگەشتوو چەندین فشاری دەروونیی بۆ دروست دەکات.
زۆربەیجاران قوربانییەکان ئازایەتی درکاندنیان نییە، بۆیە ھەموو فشارەکان کۆدەبێتەوەو لەوانەیە تووشی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و نەخۆشی دەروونیی بکات تا رادەی ھەوڵی خۆکوشتن یان خۆکوشتنی راستەقینە.
چۆن فریوت دەدەن؟
-ھەمیشە ئەم کەسانە بەشێوەیەکی نەرم دێنە پێشەوە و بە وتەی شیرین و وەسفی جوان دەست پێدەکەن، کە متمانەی قوربانییەکە بەخۆی زیاد دەکات و وای لێدەکات وابزانێ تەنیا ئەوە دەتوانێ رووە راستەقینەکەی ئەم ببینێ .
- واپیشاندان دەدات کە ھەمان خولیاو ئارەزووی ھەیە لەگەڵ قوربانییەکەیدا .
- گوزەر دەکات بەناو ناخی قوربانییەکەیدا و ئەو شتەی پێشکەش دەکات کەپێویستی پێیەتی. ئیتر ئەو شتە ھەست و نەست بێت، وەسفکردن و پیاھەڵدانبێ یان ھەندێجار دەگاتە ئۆفەری پارە و شتی مادی .
- ھەوڵ دەدات باوەڕ و متمانەی قوربانییەکەی بەدەست بێنێ، تا دەگاتە رادەی سێکسیکردن.
چۆن خۆمان بپارێزین؟
- تکایە بە گومان بە:
بە گومان و دوودڵ و ھۆشیاربە بەرامبەر ھەر نامەیەک لە پەیجێکی واوە یان کەسێکی واوە بۆت دێت. لەبیرتبێ ئامانج لە سۆشیال میدیا دۆزینەوەی ئەو کەسانەیە کە ھەمان فیکر و ئارەزوو و خولیا کۆتان دەکاتەوە، بەڵام مەرج نییە ئەو کەسەی دەڵێت منیش ھەمان ئارەزووم ھەیە وەک تۆبێ .
- بە ئاگابە
بە ئاگابە بەرامبەر ئەو کەسانەی دەتوانن پرۆفایلەکەت ببینین و دڵنیابەرەوە لەوەی کەسی وەھمیی نین.
- ریپۆرت بکە:
ھەر کردەوەیەکت بینی، یان نامەیەک یان وێنەیەک کە گومانی لا دروستکردیت ریپۆرتی بکە و بێدەنگ مەبە لێی .
- ئاگات لە منداڵەکانت و دەووروبەرت بێ:
ئەو خێزانانەی کە منداڵی ھەرزەکار و تازە پێگەشتوویان ھەیە، دەبێ زیاتر وریای منداڵەکانیان بن لەسەر سۆشیال میدیا و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن لە بارەیەوە و کاتی بۆ دیاری بکەن.
-- بێدەنگ مەبە
ھەرگیز بێدەنگی ھەڵمەبژێرەو فشاری دەروونیی سەر خۆت زیاد مەکە، لەوانەیە لەتەمەنی تازە پێگەشتندا قورسبێ لەبەر ئەوەی ئەزموونت کەمەو شەرمت زۆرە. بەڵام دەتوانی بۆ خێزانەکەتی باس بکەی یان بۆ ھاوڕێیەکی باوەڕپێکراوت. یان بۆ مامۆستا نزیکەکەت یان بۆ پزیشکە تایبەتەکەت کە متمانەت پێیەتی.
ئەمانە ھەمووی دەتوانن یارمەتیت بدەن و رێگا چارەت نیشان بدەن، ئەگەر ھەر کەسێکی وانەبوو دەتوانی پەیوەندی بکەیت بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ یان مافی منداڵ و ھەرزەکاران.
دیاردەی گێچەڵی سێکسی بەھۆی سۆشیال میدیاوە، دیاردەیەکی جیهانییەو دیاردەیەکی زۆر بەربڵاوە. بە داخەوە کۆمەڵگەی ئێمەشی بە رێژەیەکی زۆر گرتووەتەوە، من وەک پزیشکێک کە خۆشبەختانە نەخۆشەکانم متمانەیان زۆرە پێم، بە دۆکیومێنتەوە لە لایەن چەندین پەیجی بەناوبانگ و کەسایەتی ناسراوەوە ئەم جۆرە گێچەڵانەیان پێکراوە .
بۆیە ھیوادارم ئەم بابەتە بوروژێنرێت بۆ بەرچاوڕوونی زۆرترین ژمارە لە هاوڵاتییەکانم، دڵنیاشبە مەرج نییە گێچەڵی سێکی بەس ھەرزەکار و ئافرەت بگرێتەوە، نەخێر ھەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە لەوانەیە دووچاری بێتەوە ..
پەراوێزو سەرچاوەکان
- who are predator on your social network.?
life wire _ by Tony Bradley, CISSP-ISSAP
_for every child | digital safety.unicef. org
_The Thinking Processes of Sexual Predators
By . Stanton Samenow, Ph.D.in psychology
_7 Signs of Grooming by a Sexual Predator
By . Kati Morton
_Sexual Exploitation in the media. UNICEF.org
_Social Media Platforms Bring the Dark Web Closer Than You Think . By .dr Michael McGuire
bromium . Com
_Online Predators - Statistics , pure sight , online child safety.
_ الابتزاز الجنسي: أحدث أشكال الاستغلال عبر الإنترنت Online Sense .org .
_الإنترنت يمكن أن يكون “ملعبا للاستغلال الجنسي للأطفال
BBC _ NEWS عربي