نامەیەک بۆ توشبووانی شێرپەنجە
8/1/2019 10:39:00 PM
د.ههڤین كهمال شاه محهمهد
شاعیرێکی ژاپۆنی کینجی میازاوا دەڵێت: ئێمە پێویستە ئازارەکانمان ھەڵبگرین و وەک سوتەمەنی بەکاری بێنین بۆ تەواوکردنی گەشتەکەمان لە ژیان!
واتە مەرج نییە کە ئازارمان دەبێ ھەر بیر لە ڕووە نەگەتیڤەکانی بکەینەوە. بەڵکو دەبێ ڕووە پۆزەتیڤەکانیشی لەبەر چاو بگرین. دەبێ بزانین ئازار زەنگی بەرگرییە کە جەستەت بە ھۆیەوە ئاگادارت دەکاتەوە کە شتێکی ھەڵە لە لەشتدا ڕوو دەدات .
بە داخەوە لە نەخۆشی شێر پەنجەدا ئەم زەنگە درەنگ لێدەدات، ھەندێجار ھەستی پێناکرێ تا نەخۆشییەکە بە تەواوەتی بڵاودەبێتەوەو دەگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە شێرپەنجە یەکێکە لە ھەرە نەخۆشییە ترسناکەکانی ئەم سەردەمە. یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە تەنیا بە ناوهێنانی، دەروون دەهەژێنێ.
بۆیە گرنگی پێدان بەلایەنی دەروونیی ئەمجۆرە نەخۆشانەو بەرزکردنەوەی ورەیان، کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر باری دەروونیی و ھەم کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکە خۆی. چونکە ھەتا ئارامترو ورەیان بەرزتربێ، ئەوا کۆئەندامی بەرگرییان چالاکتر دەبێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە.
بەھۆی پسپۆڕییەکەمەوە کە ئازار شکاندنە، زۆربەی ئەو نەخۆشانەی ڕۆژانە دێنە لام، لە قۆناغێکی پێشکەووتووی ئەم نەخۆشیەدان. بە ئازارێکی زۆر زۆرەوە دەناڵێنن کە ھەم نەخۆشەکە دەخاتە بارێکی سەخت و بێتاقەتی و شەونخونییەوەو ھەم خێزانەکەش بێزارو نائارام دەکات.
بۆیە لێرەدا ڕووی دەمم دەکەمە ئەو خێزانە بەڕێزانەی کە یەکێک لە ئەندامەکانیان ئەم جۆرە نەخۆشییەیان ھەیەو نائاسودەو نائارام و بێزارن بەھۆیەوە:
بەڕێزەکان دڵنیابن چەند چارەسەری شێرپەنجەکە گرنگە، ئیتر ئایا چارەسەری کیمیاییبێ یان چارەسەر بە تیشک یان چارەسەر بەھەرشێوەیەکی تر. ئەوا باری دەروونیی و ئارامیی و ورەی نەخۆشەکەش ھێندە گرنگە، بۆیە تا دەتوانن ئارام و بەسەبرو خۆڕاگربن لەگەڵ نەخۆشەکانتاندا
بە ھەمانشێوە دەمەوێ بەو نەخۆشەی کە شێرپەنجەی ھەیەو پێوەی دەناڵێنێ بڵێم: ڕاستە شێرپەنجە بڕیاری ھەڵکردنی جەنگێکی داوە لە جەستەی تۆدا، بەڵام تەنیا تۆی ورەو ئازایەتی. تۆیە دەتوانێ کۆتایی بێنێ بەو جەنگەو ئاشتی بەرقەرار کات.
دڵنیابە شێرپەنجە لەوانەیە بتوانێ چالاکیەکانت کەم بکاتەوەو لە جێگادا بتخات، بەڵام ھەرگیز ناتوانێ زەفەر بە فیکرو بیرت ببات. ناتوانێ خۆی لە دڵت نزیکاتەوە ناتوانێ ڕۆحت بکوژێ.
بۆیە بەھێزبە، ئەوە تۆیت بڕیار دەدەی ببیتە قوربانییەک بۆ شێرپەنجە، یان سەرکەوتوویەک بەسەر شێرپەنجەدا. ھەمیشە وتەکەی (فریدریک نیچە)ت لەیادبێ کە دەڵێت: ئەوەی نامانکوژێت بەھێزترمان دەکات. ژیانکردن لەگەڵ شێرپەنجەدا شتێکی قورسو زەحمەتە، بەڵام ئەستەمیش نییە. ھەروەک دەڵێن: خۆراک بدە بە باوەڕەکانت، ترسەکانت تا ماوە بە ڕۆژوو دەبن. باوەڕو متمانەت بە خۆتبێ، ترسەکانت باڵ دەگرن و دووردەکەونەوە .
ئێمە لەوانەیە نەتوانین ئاراستەی ڕەشەباکان بگۆڕین، بەڵام بێگومان دەتوانین چارۆکەی کەشتییەکانمان بگونجێنین لەگەڵ ئاراستەی بایەکاندا. ھەر بەو شێوەیەش دەتوانین خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئازارو نەخۆشییەکانماندا .
ئینگرید بیرگمان خانمە ئەکتەری سویدی، یەکێکبوو لە ئەکتەرە ھەرە بەناوبانگەکانی ھۆلیوود. کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بوو و لە کۆتایشدا لەتەمەنی ٦٧ ساڵیدا ژیانی لە دەستدا بەھۆیەوە. ھەمیشە دەیوت: من دەزانم ساتەکانی ژیانم ڕۆژبەڕۆژ کورت دەبنەوە، بەڵام ھەر ڕۆژێکی تازە لە ژیانم تێدەپەڕێ، دەزانم سەرکەوتنێکی تازەم بەسەر شێرپەنجەدا تۆمار کردووە، بۆیە خۆشحاڵم.
لەکۆتاییدا دەمەوێ بڵێم: پەندێکی ئێرلەندی ھەیە دەڵێت: تەنیا ئومێد و ھیوا پزیشکی ھەموو دەردەسەری و ناخۆشییەکانە. بۆیە ھەرگیز بێھیوا مەبە، مرۆڤ تەنیا یەکجار دەژی و یەکجاریش دەمرێ.