820وتار

بە شەق و جنێو پاداشتمان دەدەنەوە

4/7/2020 10:24:00 AM
د.هه‌ڤین كه‌مال شاه‌ محه‌مه‌د

لە هەموو وڵاتانی جیهان چەپڵە بۆ پزیشکان و ستافی تەندروستی لێدەدرێت و گۆرانییان بۆ دەوترێت بۆ خزمەتکردنیان لەم کاتە ناخۆش و نالەبارەدا، لەم هەرێمەی ئێمەدا تەنیا بەشەق و جنێو پاداشتمان دەدەنەوە.

هەر بۆ زانیاری دوێنێ کە لەنەخۆشخانە گەڕامەوە بەڕاستی ماندووبوم، ئێمەی پزیشکانی بێهۆشکار هەم لە ڕووی جەستەییەوە ماندوین کە ئەرکێکی زیاتر کەوتۆتە سەرشانمان لەم ماوەیەدا، هەم لە ڕووی دەرونییەوە ماندووین کە بەرکەوتنێکی زۆر نزیکمان هەیە لەگەڵ نەخۆشەکان و ئەگەری توشبوونمان بە ڤایرۆسەکە زۆر زیاترە لە کەسێکیتر و بەترس و لەرزەوە دەچینەوە ناو خێزانەکانمان، تا دەتوانین دوور دەبین لێیان بۆ ئەوەی نەخۆشیان نەخەین.
 من بەش بە حاڵی خۆم مانگێکە، نە دایکم، نە هیچ کەسێکم نەدیوە لەخێزانەکەم، لەترسی ئەوەی نەوەک هەڵگری ڤایرۆسەکە بم.
بەهەرحاڵ کەوتمە ناو سەیتەرەیەک لای مەحکەمە، وتیان چی ئەکەیت؟ 
ــ بەڕێزم پزیشکی بێهۆشکارم دەوام و عەمەلیاتمان هەبووە، ئەوەش نەخۆشخانەکەمە،
ــ کوا پشتگیری؟
ــ پشتگیریم پێ نییە، ئەوە هەوێکەمە.
ــ ئینجا کێ ئەڵێت بۆ پیاسە نەهاتووی.
ــ بەڕێزم هەیە بەم نیوەڕۆیە بۆ پیاسە بێت بۆ ئێرەوە؟ 
ـ بەڵێ هەیە، دەی باشە چەند عەمەلیاتتان هەبوو؟
ــ هەشت عەمەلیات.
ــ نەخێر حەوتتان هەبوو.
ــ بەڕێزم من بەنجم یاونەتێ یان تۆ؟ فەرموو وەرە لەگەڵم بیان ژمێرین لە خەستەخانە. 
ــ با ئەزانم وتیان حەوت بووە.
ــ بەڕێز ، من ماندوو و هیلاکم تۆش تاقەتی قسەت هەیە، یان ڕێگام بدە بڕۆم، یان تەلەفون ئەکەم بۆ بەڕێوبەرەکەم.
ــ دە فەرموو، قەینا بڕۆ مادام هیلاکی.

ئەم سینارێۆیە چۆن نوسیوومە لەگەڵ خۆم ئاوا ڕوویدا، بەڵام دڵگران نەبووم، وتم دۆخەکە بۆ هەموومان ناخۆشە و ئەوانیش لەوانەیە ناچاربن وابکەن، هەرچەندە نایشارمەوە یەکسەر ئەو کورتە ڤیدێۆیەم هاتەوە یاد کە لەم ڕۆژانەدا لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبۆوەو هی خانمێک کە چۆن بەڕێزەوە هێزەکانی ناوخۆ بەڕێی دەکەن و ئەویش بە پۆزەوە دەڵێت ئێمە واین! 
بریا ئێمەش هێندە ڕێز لە کارەکەمان بگیرایە وەک ئەو خانمە! 

بەڵام بە ڕاستی بێ ئومێد و خەفەتبار بووم بە بیستنی ئەوەی هاوپیشەیەکم کە وەکو من لە دەوام گەڕاوەتەوە و لەلایەن هێزە ناوخۆییەکانەوە بەرشەق دراوە وەک پاداشتێک بۆ ماندوبونی! 
هیوادارم هەمووتان پشتگیری ئەم کەیسە بکەن و ئەو بەڕێزانەی کە نازانن ڕێزی مشورخۆرەکانیان بگرن بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

ڕێزو سڵاوم و هەر سەلامەت بن

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن