2262وتار

دڵشکاندن و ئاکامە تەندروستییەکانی

1/19/2020 9:36:00 AM
د.هه‌ڤین كه‌مال شاه‌ محه‌مه‌د

ئایا قەت دڵت شکاوە؟ یان دڵی یەکێکت شکاندووە؟ 
ئایا دەزانیت لەوانەیە ژیانت لەدەستبدەیت بەھۆی دڵ شکاندنەوە، یاخود کەسێکی نزیکت ژیانی لەدەستبدات بەھۆی زویربوونەوە؟
زۆرجار ھەموومان بیستومانە لەژیانی ڕاستەقینەدا یاخود لە چیرۆک و فلیمە سینەماییەکاندا، دوو کەس کە زۆر پەیوەستبوون بەیەکتریەوەو یەکتریان زۆر خۆشویستووە، کە یەکێکیان ژیانی لەدەستداوەو مردووە، یاخود بە ھۆکارێک دوورکەوتۆتەوە، خۆشەویستەکەشی دوای ماوەیەکی کەم ژیانی لە دەستداوە یاخود باری تەندروستی تێکچووە.
زۆربەمان لەوانەیە وامان زانیبێت ئەوانە تەنیا خەیاڵ و ئەفسانەن، یاخود قسەی پیرو پیرێژنن و لەواقیعدا بوونی نیە، بەڵام لەم سەردەمەدا، توێژینەوە زانستیەکان سەلماندویانە کە نەخێر ئەو حاڵەتە ئەفسانەو خەیاڵ نیە، واقیعێکەو ڕاستیەکی زانستیی لەپشتە، بەنەخۆشی “دڵی شکاو “یاخود “تاکوتسۆبۆ” یاخود بە ئینگلیزی ( broke heart syndrom) ناسراوە. 
(تاکوتسۆبۆ) وشەیەکی یابانییە، کە بە جۆرە گۆزەیەک دەوترێت بەکاردێت بۆ ڕاوکردنی ماسی، بۆ یەکەمجار ئەم وشەیە بەکارھێنراوە لەو حاڵەتەدا، چونکە سکۆڵەی چەپی دڵی توشبوو بەم نەخۆشییە شێوەی ئەو جۆرە گۆزەیە وەردەگرێت، بۆیە پزیشکەکان دڵی نەخۆشەکەیان بەو گۆزەیە شوبهاندووەو ناوەکەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە. 
نەخۆشی “دڵی شکاو” یەکێکە لەو نەخۆشییە سەیرانەی کە دووچاری مرۆڤ دەبنەوەو نەخۆشیەکی ڕاستەقینەشە، نیشانەکانی زۆر لە جەڵتەی دڵ دەچێت و تووشبوو ھەست بە قورسی لەسەر سنگی دەکات، لەگەڵ ھەناسە توندی، کێشەکە کاتێک ڕوودەدات کە باری دەروونی ناجێگیر دەبێتە ھۆی لاوازی ماسولکەکانی دڵ، کە لەوانەیە بەھۆی زەبرێکی دەروونی لەپڕ، یاخود بێتاقەتیەک و غەمێکی زۆر، یاخود خەمۆکیەکی قوڵەوە توشی بین.
پزیشکەکان و توێژەرەوەکان ھۆکاری ئەم حاڵەتە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لەکاتی دڵشکاندندا یاخود خەمی زۆر، ڕێژەی ھۆرمۆنی ئەدریناڵین زیاد دەکات لە لەشدا، کە ئەمەش وا دەکات خوێنبەرەکانی دڵ تەسک ببنەوەو کەمتر خوێن بڕوات بۆ ماسولکەکانی دڵ. لەھەندێ جاردا سکۆڵەی چەپی دڵ گەورە دەبێت، کە کاریگەری ھەیە لەسەر پاڵپێوەنانی خوێن بۆ بەشەکانی تری لەش .
کێ تووشی دەبێت؟ 
- ڕێژەی ژن زیاترە لەپیاو.
- زۆربەی جار لە تەمەنی مامناوەند، یان پیرەکان.
- زۆربەی جار ئەو کەسانەی تووشی دەبن ھیچ جۆرە نەخۆشیەکی دڵیان نیەو نەیانبووە.
- ئەو کەسانە تووشیان دەبێت زیاتر کە یەکێکی نزیک لەدەست دەدەن، یاخود لە دوای جیابوونەوەی دوو ھاوسەر یاخود دوو خۆشەویست، ئەوانەی توشی داڕمانی ئابووری لە پڕ دەبن، یان ھەر حاڵەتێک کە بارێکی دەروونی خراپت بۆ دروست کات و نەتوانیت کۆنتڕۆڵی بکەیت .
لەبەرئەوەی نیشانەکانی زۆر لە جەڵتەی دڵ دەچێت، ھەر نەخۆشێک ئەو نیشانانەی ھەبوو دەبێت بە ھەند وەربگیرێت و بە زووترین کات بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، پشکنینی خوێن و ھێڵکاری دڵی بۆ بکرێت بۆ جیاکردنەوەی حاڵەتەکە لە جەڵتەی دڵ. ھەندێکجار لەڕێگای پشکنینی تیشکی ملەوەنی خوێنبەرەکانی دڵ دەبینرێت کە سکۆڵەی چەپی دڵ کەمێک گەورەترە لە حاڵەتی ئاسایی، سستی دەبینرێت لە پاڵپێوەنانی خوێن لەلایەن دڵەوە بۆ بەشەکانی تری لەش بەھۆی لاوازی ماسولکەکانی دڵەوە.
ئەمانە لایەنە زانستیەکەی ئەم بابەتە بوو، بەڵام لایەنە دەروونیەکەی و کۆمەڵایەتیەکەی زۆر گرنگەو دەبێت گرنگی پێبدرێت، ھەر بۆیە لەکاتی ڕوودانی باری دەروونی ناخۆش یان ڕوودانی کارەساتی وەکو مردن یان جیابوونەوە دەبێت ھەر ئازارێک لە دڵدا یان ھەستکردن بە تووندی لەسەر سینگ بە ھەند وەربگیرێت و پشتگوێنەخرێت و ئەگەر کەسێکی نزیکت یان ھاوڕێیەکت ئەو حاڵەتەی ھەبوو تادەتوانی پاڵپشتی بیت و ھاوکاری بکەیت. 
ھەندێکجار بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان و چارەسەر پێویستە بۆ کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و ھەروەھا بۆ کەمکردنەوەی پەستانی سەر دڵ . ئەگەر نەخۆش نیشانەکانی بەردەوامبوو ئەوە وەرگرتنی ڕای پسپۆرو پزیشکی دەروونی بۆ کۆتایی ھێنان بە غەم و ناخۆشی لە دەستچوون و جێگیرکردنی باری دەروونی کەسەکە پێویستە. باشتر وایە وا لەو کەسە بکرێت کە بە تەواوەتی غەمەکانی دەڕبرێت و بە ھیچ شێوەیەک نەیشارێتەوەو بە تەواوەتی کاتی تەواو بدات بە خۆی بۆ لەبیرچوونەوەی ئازارەکان و غەمەکانی و لەدڵیا ھەڵینەگرێت، ڕێگاچارەکانی بخرێتە بەردەم بۆ کۆنترۆڵکردنی غەم و خەفەتەکانی . 
مرۆڤ لەوانەیە چەند مانگێکی بوێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لە دیاردەی دڵ شکاندن ڕزگاری بێت، توشبوون پێی جارێک ئەوە ناگەیەنێت جارێکی تر لەوانەیە توشی بیتەوە. نەخۆشی “دڵشکاندن “ نەخۆشیەکی دەگمەنە بەڵام بوونی ھەیە و ڕاستییەکی زانستییە، ھەر بۆیە پێش ئەوەی دڵی یەکێک بشکێنیت ھەزار جار بیرکەرەوە چونکە لەوانەیە لە دەستی بدەیت بۆ ھەتا ھەتایە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن