14وتار

دوای بەشداری ئەمریکا، شەڕەکە و دواڕۆژی ڕژێمی ئێران بەرەو کوێ

6/23/2025 3:28:00 PM
د.شێرکۆ کرمانج

لەم بابەتە هەوڵ دەدەین وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بدەینەوە هەر لە کاریگەرییەکانی بەشدارییەکەی ئەمریکا لە شەڕی ئێران-ئیسرائیل تا دەگاتە پرسی گۆڕینی ڕژێم و ئەگەرەکانی درێژبوونەوەی یان کۆتایی شەڕەکە. لە کۆتایی هەندێک قسە لە پێگەی کورد دەکەین.
دوابەدوای بەشداری ئەمریکا لە لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ٢٢ی حوزەیران، شەڕێ ئێران-ئیسرائیل چۆتە قۆناغێکی دیکە. ئەم لێدانە یان شەڕەکە گەورەتر و بەرفراونتر دەکات، یان کۆتایی پێ دەهێنێت، هەر چییەک بێت شەڕەکە وەک خۆی نامێنێتەوە. ئەگەر ئێران بە توندی وەڵامی ئەمریکا بداتەوە، ئەوە وەڵامی ئەمریکا زۆر چڕتر دەبێت و ئەو ئاماژەیەی کە ئەمڕۆ ترەمپ بە "گۆڕینی ڕژێم" کردی، ئیدی لەوانەیە بەجددی کاری لەسەر دەکرێت. خۆ ئەگەر ئێران وەڵامی نەبێت، ئەوە ئەگەرەکانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا زیندوو دەبێتەوە، خەیمەی سەفوان دووبارە دەبێتەوە. بەکورتی، ئێران وەڵام نەداتەوە، زۆر لاواز و فشۆڵ دەردەکەوێت و ڕووی مەجلیسانی نامێنێت، وەڵامیش بداتەوە، دەڕووخێنرێت.

ئیسرائیل، "ڕژێم ناگۆڕین"، لەوانەیە خۆی بتەپێت

 ئیسرائیل توانای گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی نییە، لە شەڕ و ململانێکانی سێ ئامانجی هەیە. یەکەم پەڕوباڵکردنی پڕۆکسییەکانی (حیزبوڵا، حەماس، حەشد، حوسییەکان)، کە تا ڕادیەکی چاک ئەو ئامانجەی پێکاوە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، کە نەک هەر بووە مایەی لەدەستدانی هاوپەیمانێکی ستراتیجی لە سووریا، بەڵکوو توناکانی زیندووبوونەوە و بەهێزبوونەوە و پڕچەککردنەوەی حیزبوڵا نەما، ئەویش بە پچڕانی ئەو کۆریدۆرەی کە ئێرانی بە باشووری لوبنان دەبەستەوە. دووەم، لاوازکردنی توانا مووشەکییەکانی ئێران. لە دە ڕۆژی ڕابردوودا، ئیسرائیل بە تەقاندنەوەی کارخانەکان و حەمبارەکان و مووشەکهاوێژەکان توانا مووشەکییەکانی ئێرانی بەڕادەی ٥٠٪ کەم کردۆتەوە. تا شەڕیش ڕادەوەستێت لەم کردارەی بەردەوام دەبێت. سێیەم، لەناوبردنی تواناکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. هەر لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکە تا ئێستا ئیسرائیل بەردەوام هێرشی کردۆتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەڵام ئەو چاک دەیزانی بەبێ هاوکاری ئەمریکا ناتوانێت ئەم ئامانجەی بپێکێ، بۆیە پەلی ئەمریکایان ڕاکێشا بۆ ناو شەڕەکە، لانی کەم، بۆ بەشداری کردن لە لێدانی بنکە ئەتۆمییەکەی فرۆدۆ، کە دوێنێ ئەمریکا ئەو داخوازییەی بۆ ئیسرائیل جێبەجێ کرد. لەبەرئەوەی ئیسرئیل کەم تا زۆر وا خەریکە لە ئامانجەکانی نزیک دەبێتەوە، بۆیە گۆڕینی ڕژێم زۆر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە ئێران نەتوانێت هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات و چەکی ئەتۆمی دروست بکات. بۆیە، گۆڕین یان مانەوەی ڕژێمی ئێران لەسەر حوکم ئەو بایەخەی بۆ ئەوان نییە. بەڵام حەز بە باڵادەستی بەرەی توندڕەو (خامەنەیی و سوپای پاسداران) پێک هاتوون، نییە. هەر بۆیە لە ڕۆژی یەکەمەوە سەرکردەکانی پاسداران دەکاتە ئامانج، حەزیش دەکات خامەنەیی بکوژێت بەڵام ئەمریکا تا ئێستا ڕێگرە. ئیسرائیل، خۆی لە لێدانی بەرەی میانڕەو (سەرۆکی ئێران و پەرلەمان و سوپای/ئەرتەشی ئێران) تا ئێستا، پاراستووە، چونکە دەیەوێت ئەم بەرەیە لە دواجار بەتەواوی دەسەڵات بگرنە دەست، بەمەش ئەگەرەکانی سەرکێشی لەدژی ئیسرائیل، لانی کەم، بۆ چەندین دەیەی دیکە دوورکەوێتەوە. خۆ ئەگەر وەک ئاکامێکی شەڕەکە ڕژێمی ئێران ڕووخا، ئەوە لەوانەیە زیاتر سوکناییان بێت.

ترەمپ دەیەوێت ڕژێم بگۆڕێت نەک بیگۆڕێت

 ئەمریکا دەیەوێت ڕژێم سیاسەت و ڕەفتار و کرداری بگۆڕێت، واتە ڕژێم دەستبەرداری پڕۆگرامی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت، نەک ئەمریکا بیگۆڕێت، واتە ئەم ڕژێمە لادات و ڕژێمێکی دیکە لەبری دانێت. ترەمپ و پشتیوانەکانی لە ماگا (MAGA) نایانەوێت ڕژێم بڕوخێت لەبەر ئەم هۆکارانە: یەکەم، بەڕووخانی ڕژێم ئەمریکا سەرئێشەیەکی گەورەی بۆ دروست دەبێت، ئێران دابەش و پەرتەوازە دەبێت، دەبێتە دەوڵەتێکی لەرزۆک و فشۆڵ. ئەمە زۆر لە قازانجی کوردە، بەڵام ئەوە خەمی ئەمریکا نییە. ئەمریکییەکان پێیان وایە، بە ڕووخانی ڕژێم سوودەمەندی یەکەم تورکیا دەبێت چونکە لە ڕێگەی ئازەرییە "هاوزمانەکان"ییەوە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ، قوڵایی ستراتیجی زیاد دەکات و ئاڵەنگاریی بۆ ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان دروست دەکات. ڕووخانی ڕژێم ئەگەری ئەوە دێنێتە گۆڕێ کە کوردستان و خوزستان (عەرەبستان) و بەلوچستان ببن بە ناوچەی نیمچە-سەربەخۆ وەک ئێستای باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان. ئەمریکا لەوانەیە ئەوەی پێ خراپ نەبێت بەڵام دەبێت پارێزگارییان لێ بکات، ئەگەرنا شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت، لە هەردوو باردا سەرئێشەی زیاتر بۆ ئەمریکییەکان دروست دەبێت. هاوکات، لە غیابی دەسەڵاتێکی ناوەندی، ئەگەری سەرهەڵدانی گرووپی توندڕە و تیرۆریست زۆر دەبێت. بێجگە لەمە، خەڵکێکی زۆر کۆچ بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا دەکەن، ئەمەش هیچ کەس و لایەنێکی ڕۆژئاوایی نەک پێی ناخۆشە بەڵکوو تەحەمولی ناکات. ئەو ئێرانەی کە لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئێران دەمێنێتەوە، ئێرانی فارسەکان، هێندەی دیکە دەکەوێتە باوەشی چین و ڕووسیا چونکە وەک گوتم بەلوچستان و خوزستان و کوردستان، لەوانەیە بەر ئەمریکا بکەون و ئازەربایجان‌ـیش بەر تورکیا. ئەم دۆخە ناسەقامگیرییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات کە لە بەرژەوەندی سعودیە و ئیمارات نییە. خۆ ئەگەر ئەوە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە ترەمپ چەند مانگێک پێش ئێستا باسی وەبەرهێنانی دوو ترلیۆن دۆلاری دەکرد لەوێ، ئەوە دەبێت ئەوە بزانین کە وەبەرهێنانی لەو شێوەیە پێویستی بە ڕۆژهەڵات-ناوەڕاستێکی ئارام و سەقامگیرە. لە دێڕێکدا، ئەمریکییەکان، ئێرانێکی لاواز و ملکەچیان لا گرنگترە، ئێرانێک کە بتوانن فەرمانەکانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن یان لانی کەم وای لێ بکەن سەرکێشی نەکات، لە ڕووخانی ڕژێم کە دەرکەوتە و لێکەوتەکانی نازانن. لەوانەش گرنگتر، ئەمریکییەکان پێیان وایە بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی هێز لە ناوچەکە بوونی ئێرانێک کە هێندە بەهێز نەبێت سەرئێشە بۆ ئەوان دروست بکات، بەڵام هێندەش لاواز نەبێت کە سعودیە و وڵاتانی کەنداو پێویستیان بە ئەمریکا نەمێنێت، واتە ڕاگرتنی هاوسەنگی سوننە-شیعە نابێت لەبیر بکرێت. هەموو ئەوانەی وامان لێ دەکات کە بڵێین، پێناچێت ئەمریکییەکان حەز بە گۆڕینی ڕژێم بکەن. 

شەڕەکە چەند دەخایەنێت؟

 یاسایەکی گشتی لە شەڕدا هەیە کە دەڵێت دەست پێ کردنی شەڕ لە دەستی خۆتە بەڵام کۆتاییەکانی کەس نازانێت بەدەستی کێیە. سەرەڕای ئەمە، من پێموایە، ئیسرائیل هەر کاتێک حەز بکات دەتوانێت ئەم شەڕە ڕابگرێت، بەتایبەتی دوای لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکییەکانەوە چونکە وەک ئاماژەی پێ کرا، ئیسرائیل بەگشتی ئامانجە سەرەکییەکانی تا ئێستا پێکاوە. هاوکات، درێژەدان بە شەڕ نە لە بەرژەوەندی ئێران‌ـە، نە ئیسرائیل‌ـیش قازانجی لێ دەکات. ئێران، دوای لە دەستدانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ فڕۆکەکانی ئیسرائیل، هاوکات، دوای هەڵتەکاندنی بنکە ئەتۆمییەکانی، ئیدی هیچی نەماوە لە هەگبەی کە بتوانێت ئاراستەکانی شەڕەکەی پێ بگۆڕێت. پڕۆکسییەکانی بێ دەنگن، مووشەکەکان و مووشەکهاوێژەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ لە کورتی دەدەن. لەوانەش ترسناکتر، درێژەپێدانی شەڕ ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی جەماوەری دێنێتە گۆڕێ. لە شەڕێکیشدا کە درێژکردنەوەی لە قازانجی هیچ کەس و لایەنێک نەبێت و دەرچوون لێی پێچەوانەکەی بێت، ئەوا ئەگەرەکانی ڕاگەیاندنی کۆتایی شەڕ، بەڕای من زۆر نزیکە، مەگەر شتێکی چاوەڕوان نەکراو ڕووبدات.

کورد و ڕووخانی ڕژێم

 لەوانەی هیچ کەس و لایەنێک بە قەد کورد و بلوچ پێی خۆش نەبێت کە ڕژێم بڕووخێت، بەڵام حەز و ئامانجی ئەم دوو نەتەوەیە کەمترین بایەخی پێ دەدرێت لەو حیساباتانەی کە لەلایەن بەشدارانی شەڕەکە دەیکەن. ئەم دوو گرووپە هەم وەک نەتەوە هەم وەک مەزهەب لە زۆرینەی فارس جیان، دوو چەوساوەترین گرووپی ئێران‌ـیشن. لاوازبوونی ڕژێم زۆر لە قازانجی کورد دا نییە چونکە ڕژێم مووشەک و چەکی ئەتۆمیشی نەبێت لەوانەیە بتوانێت بپڕژێتە سەر کورد. لە حالەتی لاوازبوونی ڕژێم، بەتایبەتی ئەگەر میانڕەوەکان سەرکار بن، ئەوە ئەگەری هەیە کورد هەناسەیەکی ڕێژەیی باشتر بدات و هەندێک دەرفەتی بۆ بڕەخسێت کە بە هەندێک لە مافەکانی شاد بێت، بەڵام ڕووخانی ڕژێم دنیایەک دەرگا بە ڕووی کورد دا دەکاتەوەوە کە کورد تێیدا دەتوانێت لە خراپترین دۆخدا ناوچەیەکی فیدراڵی، کۆنفیدراڵی، یان نیمچە-سەربەخۆ بۆ خۆی زامن بکات، لە باشترین حاڵەتیشدا لەوانەیە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێت. لە دۆخی داڕمانی دەوڵەتی ئێران، کێشەی هەرە گەورەی کورد، کورد خۆیەتی، واتە دابەشبوون و پەرتەوازەیی و فرەگوتاریی و فرەلەشکریی. کوردەکان فێر نەبن پێکەوە هەڵ بکەن و پێک بێن لەسەر چەند ئامانج و بەرنامەیەکی هاوبەش، ئەوە لە ڕەخسانی هەر هەل و دەرفەتێک، ناتوانن وەک پێویست ئامانجەکان بپێکن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن