19وتار

هۆکارە دەرەکیی و ناوخۆییەکانی پاشەکشەکانی ڕۆژاڤا

1/19/2026 1:38:00 PM
د.شێرکۆ کرمانج

 

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە بۆ دەستنیشان کردنی تەواوی هۆکارەکان کات و وردبوونەوەی زیاتری دەوێت، بۆیە ئەوەی لێرە گفتوگۆ دەکرێت و دەخرێتە ڕوو سەرەداوی سەرەتایین کە زادەی چاودێریکردنی ساڵانێکە لە دۆخی ڕۆژاڤا لەگەڵ ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی ئەم چەند ڕۆژە.

من ناوم لەمە ناوە "پاشەکشە" نەک "شکست" یان "ئاشبەتاڵ"، چونکە پێم وایە کورد لە پێشڕەفتەییەکانی لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژاڤا لەم چەند ڕۆژە پاشەکشەی کردووە نەک ئەوەی کە بزووتنەوەکە یان ئەزموونەکە شکستی هێنابێت یان ئاشبەتاڵی کرد بێت. پاشەکشە زادەی فشاری زۆرە، واتە هۆکاری دەرەکی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. بەڵام شکست و ئاشبەتاڵ زیاتر هۆکاری ناوخۆیی کاریگەرن.

هیچ پرسێک، ڕووداوێک، دۆخێک، شکستێک، پاشەکشەیەک، سەرکەوتنێک، هتد، یەک هۆکار یان دووی نین بەڵکوو چەندین هۆکاری لە پشتە. ئەو کەس و لایەنانەی کە یەک هۆکار دەبینن، ئەوە شرۆڤە ناکەن، بەڵکوو دەیانەوێت خاڵێکی سیاسی زەق بکەنەوە یان تۆمار بکەن. بۆ نموونە، ئەگەر ئەم پاشەکشەیە لە پڕۆژەی دیموکراتی و پێکەوژیانی گەلان وەک کۆڵەگەیەکی ئایدیۆلۆجی ئەبجەلان و پەک (هەر دوو ناو بە ئانقەست شێوێنراوە لەبەر سانسۆر) کورت بکەینەوە ئەوە لە ڕاستیدا هەم کورت دێنێت، هەم بۆ خۆی کە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجییە کەچی خۆی هەڵقوڵاوی ئایدیۆلۆجییە.

لە دۆخێکی وەک ئەمڕۆدا کە ئەو پاشەکشەیە بە چاوی خۆمان دەبینین، ئەوا سۆز یان توڕەیی یان نائومێدی زاڵ دەبێت بەسەر تێگەیشتن و دەربڕینەکانمان. لێرە هەوڵم داوە ئەمانە ئاراستەم نەکەن.

هۆکارە دەرەکیی و سەپێنراوەکان

یەکەم، پیلانی نێوەدەوڵەتیی، پیلانێکی نێودەوڵەتی گەورە ماوەیەکە بۆ بنکۆڵکردنی ئەزموونی خۆسەری لە ڕۆژاڤا (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) ئیش دەکات. تورکیا و قەتەر و سووریای ئەحمەد شەرع یارییکەری سەرەکین لەو پیلانە، کە بە پشتیوانی سعودیە، لە بێدەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل، لەم ڕۆژانە جێبەجێ کرا. تورکیا دژی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی باشووری کوردستانە، بەتایبەتی ئەزموونێک کە نەیارە سەرسەختەکەی، پەک، بکەری سەرەکی بێت. قەتەر هەموو توانی خۆی خستەگەڕ کە دوا ئەزموونی ئیسلامیی لە وڵاتانی عەرەبی، سووریا، شکست نەهێنێت، ئەوە بێجگە لەوەی کە قەتەری ئێستا نوێنەرایەتی ناسیونالیزمی عەرەبی ڕەنگڕێژکراو بە ئیسلامی سیاسی دەکات و دژی هەر جۆرە دابەشبوونێکی وڵاتانی عەرەبییە، تەنانەت بە فیدراڵبوون و لامەرکەزیشەوە. سعودیە نایەوێت ئێران، یان هەر لایەنێک کە لە ئێران نزیک بوو بێت، ئێستا یان کاتی خۆی، لە سووریا پێگەی هەبێت، یان پێگە دروست بکات و ببێتە مایەی سەرئێشە بۆیان یان زیندووکردنەوەی حیزبوڵا. بۆیە بە خەستی لە پشت دەسەڵاتی سوننەگەرای شەرع ڕاوەستاوە، ئەگەرچی نیگەرانە لە نەفەسە ئیسلامییەکەی. لە خوارەوە قسە لەسەر بێدەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەم.

دووەم، هەڵە تێگەیشتنێک لە ڕۆڵی بکەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی. لە مێژە لە نێو کورد دا هەڵە تێگەیشتنێک هەیە گوایە ئەمریکا شەریکە یان هاوپەیمانە. لە پەیوەند بەم پرسە گرنگە ئەوە بزانین کە لە دە ساڵی ڕابردوودا، ئەمریکا پشتیوانی لە کورد کردووە لە شەڕی دژ بە داعش نەک بۆ دروستکردنی کیان یان دەوڵەتی سەربەخۆیی. دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەمریکا لە دژی بکەرێکی نادەوڵەتی، واتە داعش، نەک بکەرێکی دەوڵەتی، واتە سووریا، پشتیوانی لە کورد دەکرد. کاتێک بکەرە نادەوڵەتییەکە گۆڕا بۆ بکەرێکی دەوڵەتی هاوکێشەکان و تێگەیشتنەکان گۆڕان. ئەمە بۆ باشوور و ئەزموونی ڕیفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەریش هەر ڕاستە. ئەم هەڵە تێگەیشتنە لە باشوور و لە ڕۆژاڤا کوردی تووشی جۆرێک لە غرور کرد کە حیسابی بۆ زۆر هۆکاری دیکە نەدەکرد، وەک ڕۆڵی تورکیا و سعودیە لە هاوکێشەکان. لانی کەم کورد پشتیوانی ئەمریکای بە ئەزەلی وەرگرت بوو.

سێیەم، دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک، ڕۆڵی تاکەکەس. لەگەڵ بە کاندیدبوونەوەی ترەمپ، خەمخۆرانی ڕۆژاڤا، یەکێک لەوانە من، هەمیشە ترسی ئەوەمان هەبوو کە ترەمپ بێتەوە سەر حوکم و ڕۆژاڤا بکاتە قوربانی سەفقەیەک لە سەفقەکانی وەک جاری یەکەم لە ٢٠١٨-٢٠١٩دا لە سەرێ کانی و گرێ سپی کردی، یان هەر لەبەر بێئەخلاقبوونی پشت لە ڕۆژاڤا بکات. کاتێکیش کە ترەمپ بزنیسمانێکی وەک تۆم بارکی کردە نێردەی خۆی هێندەی دیکە ترسەکان گەورەتر بوون چونکە باراک بێجگە لەوەی کە دژەکورد بوو، پڕۆتورکیش بوو. هاوکات، هەموو تێگەیشتنەکانی هەڵقوڵاوی دیدی دەوڵەتێکی مەرکەزی بوو، کە دژایەتی لەگەڵ خەون و ئامانجەکانی کورد دەکرد و لەگەڵ شەرع و سوورییەکان یەکدی دەگرتەوە. لە پەیوەند بە پێشهاتەکانی ئەم چەند ڕۆژە، بە ڕەهایی نا، بەڵام من بە جددی پێم وایە ئەگەر ترەمپ نەبا هەر کەسێکی دیکە لە ئەمریکا (کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان) حاکم بایە هێندە بێئەخلاق نەدەبوو بەرانبەر بە کورد و ئەگەری هەبوو ئەگەر دەستبەرداری کوردیش بان بەڵام بەم ئاست و ڕادەیە نەدەبوو.

چوارەم، شەرع و سوننە و پچڕاندنی هیلالی شیعی. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامی بەعس و هاتنی شیعەکان بۆ سەر حوکمی عێراق، کۆریدۆرێک دروست بوو لە تاران بۆ بەغدا، لەوێشەوە بۆ دیمەشق و باشووری لوبنان، کە بە هیلالی شیعی ناسرا. ئەم پێکەوە گرێدان و وابەستەبوونەی ئەم ناوچە و پایتەختانە هەڕەشەی گەورە بوون لەسەر ئیسرائیل، ئەگەر نەڵێم تاکە هەڕەشە بوو کە ئیسرائیلی نیگەران کردبوو. ساڵێک لەمەوبەر، کە شەرع و ئیسلامییەکان لە دیمەشق هاتنە سەر حوکم، یەکێک لە گرنگترین دەرکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە پچڕاندنی هیلالی شیعە بوو. شەرع و هاوپەیمانەکانی کارێکیان کرد لە پچڕانی حیزبوڵا و ئێران، بێجگە لە لەگۆڕنانی ڕژێمەکەی ئەسەد، کە دەکرێت بڵێین بە کورد نەدەکرا. ئەمەش دیدی ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرانبەر بە شەرع و سووریا گۆڕی بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنی پاریس لە نێوان ئیسرائیل و سووریا و ملکەچبوونی شەرع بۆ ئیسرائیل. بۆ سووریا و شەرع، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەنم و جۆی ڕۆژاڤا و نەوتی دێرەزوور و فورات و بەنداوی تشرین ئێجگار زۆر گرینگتربوون لە بەرزاییەکانی جۆلان. من و چەندین ئەکادیمی و نووسەری دیکە پێش ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد داوامان لە هەسەدە کرد، بە ئاشکرا بە نووسین، بە دزی لەڕێگەی پەیوەندییەکانمەوە، کە هەسەدە ڕۆڵی پچڕانەکە ببینێت، ئەویش بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەلبوکەمال و درێژکردنەوەی قەڵەمڕەوییەکانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دروزەکان لە نزیک سنووری ئیسرائیل، بەڵام داواکانمان سەدای نەبوو، هۆکار چی بوو، ئەڵاهو یەعلەم.

پێنجەم، فاکتەری جوگرافیی. لە پاڵ هۆکارە دەرەکییەکان فاکتەری جوگرافیا دژی کورد بوو، کە نازانم بە هۆکاری ناوخۆیی دابنێم یان دەرەکی، بەڵام لەبەرئەوەی زیاتر هۆکارێکی سەپێنراوە ئەوە بە ناوخۆییم دانەنا. جوگرافیا لە دوو لاوە غەدری لە ڕۆژاڤا و ئەزموونەکەی کردووە. یەکەمیان لەبەرئەوەی ڕۆژاڤا هەرێمێکی/کیانێکی داخراوە، واتە سنووری دەریایی نییە، لەوەش ترسناکتر بە دوژمنی سەرسەخت دەوردراوە. ئەمە بۆ هەموو کوردستانیش هەر ڕاستە و لە دەرەوەی ئیرادەی کوردە. هاوکات، جوگرافیای ڕۆژاڤا پێکهاتووە لە پێنج پارچەی بەیەکەوە نەبەستراو: عەفرین (کە تورکیا وێرانی کرد)، کۆبانێ (کە داعش و تورکیا خاپووریان کرد)، قامیشلۆ، گەڕەکەکانی حەلەب، لەگەڵ گەڕەکەکانی دیمەشق. ئەم دابەشبوونە و هەوڵەکانی تورکیا بۆ قووڵترکردن و بەرینترکردنی دابەشبوونەکە، بە تایبەتی بە داگیرکردنی عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی، تا دەگاتە عزاز و تەلڕەفعەت و مەنبەج، تواناکانی کوردی لە بوونی قوڵایی ستراتیجی و بەرگریی و هاوکاریی یەکدی ئێجگار کەم کردەوە. هەرێم و پارتی درەنگ لە گرنگی ستراتیجی ڕۆژاڤا گەیشتن نەک هەر بۆ کورد تەنانەت بۆ پارتیش، بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە. ئەوەش کێشەیەکی دیکەی کوردە کە تا سەری لە بەردی ئەلحەد نەدا بە خەبەر نایەت.

هۆکارە ناوخۆییەکان
یەکەم
، وەهم لەبەرانبەر واقیعییبوون. ئەبجەلان، بیرمەند و دامەزرێنەری پەک، لە دوای گرتن و زیندانیکردنی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، کۆمەڵێک تێز و تێگەیشتن و شرۆڤەی کردووە، کە هەر شوێنی بەرهەمهێنانی تێزەکانی جێگەی پرسیاری جددین، بەڵام با واز لەوە بێنین. لە ڕاستییدا تێگەیشتنەکانی ئەبجەلان زیاتر لە وەهم و خەیاڵ دەچن لەوەی پڕۆژەی نەتەوەیەکی داگیرکراو و بێمافکراو بن. کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلان لە ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست کە فاشیزم و شۆڤێنیزم و داگیرکاریی و ڕق و قینە لە کورد ئاراستەی دەکات کوا جێگەی بیرۆکەی وای دەبێتەوە، بەتایبەتی بۆ هێزێک لە دەرەوەی دەسەڵات. ئەگەر لە دەسەڵات بیت و دەوڵەت خۆت بەڕێوەی ببەی ئەوە دەکرێت قسەیەکی لێ بکرێت. دەرکەوتە هەر خراپەکەی ئەم تێگەیشتنە لە دۆخی ڕۆژاڤا لەوەدا بوو کە هەسەدە پێی وابوو دەتوانێت هێزێک دروست بکات لەسەر ئەو بنەمایە، کەچی دەرچوو عەرەبەکان، نەک عەرەبچە و ئیسلامییەکانیان، بەڵکوو ئەوانەش کە سەری ڕەزامەندیان بۆ دید و دەسەڵاتی هەسەدە دەلەقاند، لە دەرچەیەک دەگەڕان کە دژی کورد، نەک هەر هەسەدە، هەڵگەڕێنەوە. ئەمە ڕامان دەكێشێت بۆ پەیوەندی نێوان کورد و ئەوانی دیکە (تەماشای خوارەوە بکە).

دووەم، پراگماتیزم لە بەرانبەر ئایدیۆلۆگبوون، سیاسەتوان بەتایبەتی لە قۆناغی ئیدارەدانی کیان و ئەزموون و دەوڵەت دەبێت پراگماتیست بێت پێش ئایدیۆلۆگبوون. ئایدیۆلۆجیا کورت دێنێت لە شرۆڤە و تێگەیشتن لە دۆخەکان و هاوکێشەکان. ئایدیۆلۆگ بەرژەوەندی بیرمەند و حیزب دەبینێت و ئاراستەی دەکات، کەچی پراگماتیست و دەوڵەتدار بەرژەوەندی باڵای نەتەوە دەبینێت و ستراتیجی دوورمەودا دادەڕێژێت و تاکتیکی ڕۆژانە دەخاتەگەڕ بۆ گەیشتن پێیان. واپێدەچیت ئەحمەد شەرعی ئیسلامیی و جیهادی، بەڕاوێژی تورکیا لە سەرکردە کوردەکان پراگماتیزتر بوو. شەرع ئامادە بوو لە دژی کورد و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژاڤا دەست لەگەڵ شەیتانیش تێکەڵ بکات، کورد نەک هەر ئایدیۆلۆجیا ڕێگری لێ کرد بەڵکوو شەرمی سیاسی وای کرد کە نەتوانێت ڕاشکاوانە وەک دروزەکان داوای یارمەتی لە ئیسرئیل بکات. کورد نەک هەر داوای یارمەتی نەکرد، بەڵکوو شرۆڤەکان و قسەکانی ئەبجەلان ئەوەی لێ دەخوێندرایەوە کە ئەوان دەیانەوێت ڕێگری بکەن لەو پڕۆژە و نەخشەی کە ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داڕشتووە. ئەمە قسەی گیرفانی من نییە، بەڵکوو هەموو چاودێرێکی سیاسی هەستی بە نەفەسێکی لەم شێوەیەی نەک هەر لە قسەکانی ئەبجەلان دەکرد بەڵکوو لە بەرپرسەکانی دیکەی "پەک"یش دەبیستران. بێجگە لەمە، ئایدیۆلۆجیا ڕۆژاڤای کردە ناوچەیەکی داخراو بەڕووی وەبەرهێنان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. ڕاستە ڕۆژاڤا لە دروستکردنی ئینسانێکی خۆڕاگر و پشت بەخۆ بەستوو تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئەوە کافی نییە بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانیی دەرەکی. کیان و دەوڵەت لەسەر بنەمای سۆشیالیزم و کاری هەرەوەزی دانامەزرێت بەڵکوو کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنان، دیارە لێرە مەبەستم گەندەڵ و گەندەڵکاریی نییە، بەڵام داخرانی ئابووری، ڕۆژاڤای لاواز کردبوو.

سێیەم، پەیوەندی نێوان کورد و ئەوانی دیکە پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراوە. لە پێش شەڕی دووەمی جیهانی، هەموو ڕاپەڕین و حیزب و لایەنە کوردییەکان لە شێخ عوبەیدوڵای نەهری تا دەگاتە قازی محەمەد، پەیوەندی کورد و ئەوانی دیکەیان وەک پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دەبینی و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، بۆیە سەربەخۆیی کوردستان دوا ئامانجیان بوو. لەدوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، ئەبجەلان و پەک، یەکەمین گەورەهێز بوون کە هەوڵیان دا، لانی کەم لە ڕووی تیوری و تێگەیشتن و گوتارەوە دروشمی خودموختاری بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا تێکبشکێنن و سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستانیی بکەن بە ئامانج، واتە دەرخستنی کوردستان وەک وڵات و نەتەوەیەکی داگیرکراو. بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەبجەلان و پەک و هێزە نزیکەکان لەم خەتە، بە هەموو شێوازێک دژی دەرخستنی پەیوەندی کورد و ئەوانی دیکە بوون وەک پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراو. لەپاڵ ئەو ڕاستییە، وەک لە چەندین دەرفەتی دیکەدا باسم کردووە، هاوکێشەی کورد لەگەڵ داگیرکەرانی هاوکێشەی هێزە بووە و هاوکێشەی هێز دەبێت تا ڕزگاربوونی. لەم هاوکێشە و پەیوەندییە تێنەگەین ناتوانین هەنگاوی دروست بهاوێین. لە دۆخی ڕۆژاڤا، کوردان لەوێ لەوە تێنەدەگەیشتن کە داگیرکەر هیچ کاتێک قەبوڵ ناکات داگیرکراو حاکم بێت بەسەرییەوە. بۆیە، سەرەڕای ئەوەی کە شەڕڤانان لە ڕۆژاڤا، لە ڕەقە، لە مەنبەج، لە دێرەزوور، لە هەموو باکووری سووریا، هەزاران شەهیدیان دا بۆ ڕزگارکردنی عەرەبەکانی ئەم دەڤەرە و پاراستنیان بەڵام کە هاوکێشەکان گۆڕان، ئامادە نەبوون و ئامادە نین نەک هەر لەژیر سایەی دروشمی برایەتی گەلان یەکسانانە لەگەڵ کورد بژین، بەڵکوو یەکسەر هەوڵی ژێردەستەکردنەوەی کورد دەدەن. پرسەکە ئەوەیە کە داگیرکەر نەک هەر دەسەڵاتی داگیرکراو قەبوڵ ناکات، بەڵکوو نایەوێت یەکسانیش بێت بە داگیرکراو. کورد دەبێت لەم هاوکێشەیە بگات. لە پاڵ ئەمە، ئەگەر کورد لە ڕۆژاڤا باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەت هەبا، ئەوە لەوانەیە لە چەند دەرفەتێک کە بۆی ڕەخسا، بۆ نموونە لە ئانوساتی شکستخواردنی دەوڵەتی سووریا لەژێر سایەی بەشار ئەسەد، یان لە کاتی ڕووخانی ئەسەد و پێش جێگیربوونی دەسەڵاتی شەرع، بەیانی دامەزراندنی دەوڵەتی کردبا، یان هیچ نەبێت خۆی وەک هەرێمێکی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی ناساندابا.

بە کورتی، ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕوو دەدات نە بە شکست نە بە ئاشبەتاڵ نابینم، بەڵکوو پێم وایە کە پیلانەکان و جێبەجێکاری پیلانەکان زۆر لە کورد بە تواناتر و بەهێزتر بوون بۆیە پاشەکشەیان بە ئەزموونی ڕۆژاڤا کرد. هاوکات، پێم وایە کورد باش لە هاوکێشە ئیقلیمییەکان نەگەیشتبوو و خۆی خستبووە یارییەکەوە کە دەبوایە یان نەیکات، مەبەستم فراوانکردنی قەڵەمڕەوییەکانیی بۆ ناوچە عەرەبنشینەکان، یان دەبوو سەرکێشی زیاتر بکات، ئەویش بەوەی ببووایە بە هێزی پچڕێنەری هیلالی شیعی و بەیەکەوە بەستنی کورد و دروزەکان و خۆبەهاوسێکردنی ئیسرائیل. هاوکات، کورد دەبێت بەخۆداچوونەوەیەکی جددی بە تێز و تێگەیشتن و ئایدیۆلۆجیاکانی بکاتەوە و بزانیت کە چەپبوون و ئانارشیستبوون دادی نادات بەڵکوو دەبێت کوردبوون و کوردستانییبوون بکات بە چەقی بیرکردنەوە و تێگەیشتنەکان.

هەر چۆنێک بێت، لەم لەحزەیە گرنگە هەموومان پشتیوانی ڕۆژاڤا بین، داوا لە سەرکردەکانی ئەوێ بکەن کە ئەگەر دێرەزوور و ڕەقەش بەتەواوی ڕادەستی دیمەشق بکەن ئەوە تەواوی حەسەکە بپارێزن، ئەگەر پێویست بکات شەڕ بکەن، چونکە خاکت نەبێت بوونت نییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن