لیندزی گراهام لەمیونشن ...
2/15/2026 12:46:00 PM
د.بەختیار شاوەیس
لەدوای ئەو هەڵمەتە مرۆڤ دۆستی و ئەخلاقیەی کە سیناتۆر لیندزی گراهام بۆ پشتیوانی لەرۆژئاوا دەستی پێکرد، بەداخەوە هەندێک لەدیدگای کورتبین لەناوخۆی شەقامی کوردی کەوتنە کەمکردنەوەی بەهای تەقەلای ئەم زاتە و بەپەلە و نەفەسی کورتەوە بریاریان لەسەرداو پێیان وابوو ئەمیش کورد دەفرۆشێ.
ئەمە سەرباری هێرشی نارەوا و فاشیانەی میدیای و ناوەندی سیاسی هەندێک لەوڵاتانی عەرەبی لەناوچەکە.بەڵام لیندزی و هاوڕێکانی کۆڵیان نەدا و پرۆژەیاسای پاراستنی (کورد) یان گەیاندە کۆنگرێسی ئەمریکا.
ئەم هەنگاوە جگەلەوەی دەنگ و سەدای کورد و مەزڵومیەتی ئەم نەتەوەیەی بەتەواوی دونیا زیاتر ناساند، هەروەها راچڵەکینی خستە ناو کۆنگرێسی ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپی لەناحەقیەکی گەورەی ئەخلاقی و ئینسانی ئاگادارکردەوە بەوەی پشت لەدۆستەکان ئاکامی خراپی دەبێت، لەو سۆنگەوە کە خودی لیندزی گراهام هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپەو پشتیوانیەکی سەرسەختی بوە لە سەرکەوتن و گەرانەوەی بۆ ناو کۆشکی سپی.
تێکۆشانی لیندزی ئەگەر بەپەسەندکردنی پرۆژە یاساکەی لەئێستادا نەگاتە ئەنجام، ئەوا پێدەچێ لەو خەباتە ئەخلاقیەی کەدەستی داوەتێ ماندوو نەبێ.
ئەوەتا لە کۆنفرانسی ساڵانەی میونشن وەک لۆبیکەری مەزڵوم و ئیلهام و هاوڕێکانی دەردەکەوێت ، هەروەک بەندە وای بۆدەچم کەخودی کۆبونەوەکەی رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی حکومەتی سوریا و شاندی رۆژئاوا گوشار و جێپەنجەی ئەم زاتەی پێوە دیارە.
ئێمەی کورد حەق وایە لەبری بێنرخکردن و دۆزینەوەی تۆمەت، بەحورمەت و شانازی و شکۆوە هەوڵەکانی لیندزی گراهام و هاورێکانی سەیر بکەین، بەتایبەتی بۆ ئێمەیەک کەلاواز و بێدەرەتانین لەرووی لۆبی و کاری دیپلۆماسی و پشتیوانی دەرەکی و دۆستی راستەقینە.