وێنە یاداشت وێنەی شەشەم: زەنگی پێشوەختی حەکیم
7/12/2025 2:23:00 PM
د.بەختیار شاوەیس
پێشنیوەرۆیەکی گەرم بوو، گڕەی گەرماکەی بەغداد وەک دەڵێن نەک کەچەڵ سەری ڤژداریشی ئەسوتاند ، گەشتینە شوێنی حەوانەوەی عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە. هەر لەگەڵ دابەزینمان لەئۆتۆمبیل ، وەک سروشتی خۆی سەید بەروویەکی خۆش و سڵاوی گەرموگوڕ لەگەڵ سەرلەقاندنی پڕ لەموحیبەت پێشوازی لێکردین. دانیشتن لەگەڵ ئەم سەرکردە گەنجە عەمام بەسەرە تارادەیەک لەزەتی خۆی هەیە، چونکە جگەلەوەی لەسەر مینبەر خەتیبێکی ماهر و رەوانبێژە و دەزانێت چۆن عاطفەی گوێگر بەلای خۆیدا کەمەندکێش بکات، هەروەها لە کۆری دانیشتنەکانیشیدا بەنەرم و نیان و بە ئەتەکێتەوە دەدوێ و قوڵ سەرنج لەبەرامبەری دەدات. جگە لە عەبدوڵا زەیدی ( ڕاوێژکار و بەرپرسی مەلەفی کورد لەرەوتی حیکمە ) سەرۆک و زۆرینەی ئەندامانی فرکسیۆنی حیکمە ئامادەبوون. لەو سەردەمەدا عەمار لەتەنگژەیەکی ناوخۆیدا بوو، هەمووی چەند مانگێک بوو کە حیزبەکەی بۆ شێخ هومام حەمودی جێهێشتبوو. واتە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی کەدامەزرێنەرەکەی بۆ باوباپیرانی ئەم دەگەرایەوە و بەمیرات بۆی مابوویەوە ، تەسلیمی حەمودی کرد، کەلەوکاتەدا وا دەبینرا ئیرانیەکان رۆڵیان لەمەدا هەبوو بێت. بەڵام ئەوەی دیتمان سەید عەمار نەکەوت، توانی لەماوەیەکی کورتدا رەوتی حیکمە دابمەزرێنێت ، لەناو پەرلەمان و مەکتەبی سیاسی زۆرینەی ئەندامەکانی دایانەپاڵ رەوتە نوێ یەکە و لەهەڵبژاردنەکانی دواتریشدا سەرکەوتوو بوە بەسەر بەرەی حیزبی دایک.
لەوێنەکەوە: کەبەردەم میوانخانەکەیەتی ، هەریەک لە عەمار حەکیم و ئەندامانی فراکسیۆنی حیکمە لەئەنجومەنی نوێنەران، ئارام شێخ محمد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، ئاڵا تاڵەبانی و نەوزاد رەسوڵ و بەندە لەیەکێتیی، سروە عبدالواحد و ئەمین بەکر لەگۆڕان، د.موسەنا ئەمین و ئەحمەدی حاجی رەشید لە یەکگرتوو و کۆمەڵ. بەتێکرا هەشت نوێنەری کوردبووین. وە بەروارەکەی لەڕۆژی ١٠ ی تەمووزی ٢٠١٧ بوو.
ماوەیەک بوو هەرەشە لەسەر کوردانی فەیلی هەبوو، ناوە ناوە لەهەندێک ناوچە گێچەڵ یان رووداوی نەخوازراو دژ بەمان و هەر هاوڵاتیەک کەکورد بووایە و رێی بکەوتایەتە ناوچەکانی ناوەراست و باشووری عیراق دەکرا. بەهۆی بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆم جۆرێک لەگرژی لەئاستی کۆمەڵایەتیدا هەبوو. جا مەبەستی سەردانی ئێمە بۆ گەیاندنی پەیامی نیگەرانیمان بوو سەبارەت بەو دۆخە و ئاگادارکردنەوەی لایەنە شیعەکان بوو کەمشووری ئەو دیاردە ترسناکە بخۆن، بەو پێیەی کە سەید عەمار لەوکاتەدا سەرۆکی هاوپەیمانی شیعەکان بوو، وە بەهۆی ئەوەی کەتازە گەرابوویەوە لەتاران دەمانویست هەم هەڵوێستی خۆیان هەم هی فەرمی ئیران لەسەر ریفراندۆم و بەرنامەیان شتێک بزانین.
لەقسەکانیدا سەید عەمار ئاماژەی بەزۆر خاڵدا و هەر وەک پەیامیش دەیویست بیگەیەنینە سەرکردایەتی کورد، لەوانە:
١- ئێرانیەکان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم پرسە نین، وەپێیان وایە کەئەمە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیران هەیە.
٢- هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی و دراوسێ بەتایبەتی تورکیا لەگەڵ ڕیفراندۆم نیە و بەتوندی رەتی دەکەنەوە.
٣- لایەنە عیراقیەکان بەشیعەو سونەوە دژی لەم جۆرە هەنگاوەن و بەدەستووریی نازانن، وەپێیام وایە کە ئەمەی لەم کاتەدا هەندێک سەرکردەی هەرێم دەیکات، وەک ئیستغلالکردنی بارودۆخەکەیە و دەڵێن بەغداد لاوازە بەهۆی شەری داعش و فرسەتێکی باشە. وە ئەو گرژیانەی کەبەهۆی مەلەفی نەوتەوە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق هەیە فاکتەری پشت پەردەن.
٤- دواجار وتی وەک تێڕوانینی شەخسی خۆیشم ، پێموایە دەرەنجام هەرێم زەرەر دەکات و بەتەنیا دەمێنێتەوە، چونکە ئەم بابەتە لەلایەن سەرکردایەتی کوردەوە بەوردی لێک نەدراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی بۆنەکراوە و ئامادەسازی پێویستی بۆ نەکراوە. وە وتی خۆم و باوباپیرانم هەمیشە دۆستی کورد بووین بۆیە ئامادەم بێمە نێوان و گفتوگۆ بکەین بۆ دۆزینەوەی رێگەی چارەسەر
ماوەتەوە بڵێم: ئەمێستا کەئەم یاداشتە لەڕێگەی وێنەکەی سەرەوە بڵاودەکەمەوە، هیوادارم لەساتەکانی بەر لەریفراندۆمەکە نەچێت و بەهۆی چارەسەرنەبوونی دۆسیەی نەوت و کێشەی موچە ، سەرکردایەتی کورد رێگای رێککەوتن هەڵبژێرن. هەر وەک ئومێد دەکەم دەسەڵاتدارانی بەغداد لەبری سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان رێگای دیکە بگرنەبەر یان لانی کەم بریاری دادگا جێبەجێبکەن بەوەی کە موچە لەکێشە سیاسیەکان داببڕن.